پێگەیەکی ئازاد بۆ ڕۆژنامەنوسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

“شێتایەتی” لەڕوانگەی فۆکۆوە لە چیرۆکی “کەرە شێتە”دا

شەهلا دەبباغی

507

کەرە شێتە لە نووسینی هەمزە ئاگوشی بەشێک لە چیرۆکەکە: “[…] کەرە شێتە نازناوێک بوو وەختی خۆی دایکی بۆ دەمبەستی خەڵکی وەدووی خستبوو… بۆ شوێنەونکە چەند جار سەردانی ماڵە سەیدی “باوەلە”یان پێ کردبوو….دەیانگوت جندووکەی دەگەڵە…. لەخۆوە قسان داوێ، وڕێنەی دەکا. سەید حەیزی “باوەلە”ی هێندەی بە داران لە بنە پێی دابوو، ئەو بنە لاقەی دەتگوت دەخمی گیراوە…. شێت نەبوو، شێتەکان شێتیان کردبوو….. دەبوو بڵێن شێتە…….دەبوو بڵێن عەقڵی سووکە….. دەبوو عەیبەو کەتنەکانی خۆیان لەژێر تارمایی کەرەشێتە کەرە شێتەدا بشارنەوە، دەنا خوێن دەهات و سەری دەبرد. دەیان نهێنی و کارەسات لە پشتی ئەو نازناوەوە خۆیان حەشار دابوو و سەربەمۆر مابوونەوە. زۆری دیتبوو…. زۆری گوێ لێ ببوو….. زۆر جاران یەک بەخۆی هاواری دەکرد : “ئەو دێیە چۆڵ کەن بۆنی گووی لێ دێ.” دیویست بڵێ کە تەژی لە تاوان و گوناحە….هەبوون قاقایان بۆ لێ دەدا…..هەبوون جنێوبارانیان دەکرد… شوانی و گاوانی و کوێرەوەری دنیایان پێ دەکرد…. کەچی هەر کەرە شێتەش بوو…. رێی مەجلیسانیان پێ نەدەدا، لە سێ ژەمان ژەمێکیان لەپێش دانەدەنا…. سەرچۆک دڕاو و کەوش پینەکراو بەنێو ئاواییدا دەخولایەوە…. خودا خودایان بوو روو لە ماڵێ نەکاتەوە…. بێزی لەو خەڵکە دووڕوو و بێ بەروپشتە هەڵدەستا. بۆ خۆشی دەیزانی داری چییە دەیخوا…. دەیزانی قوربانیی هەوا و هەوەس دایکی و تاوانی خەڵکانی دیکەیە… دوای ساڵانێک ژیانی کۆڵەمەرگی، سەرما کوشتی…. برسێتی لە پێی خست… خەفەت هەناوی رەش کرد….. تانە و نێونیتکە بەچۆکیاندا هێنا…. تەنانەت مەلای ئاوەدانیش رێگای نەدا نوێژی مردووی لەسەر بکرێ و لە قەبرستانی موسوڵمانیش بنێژرێ. دەیگوت جایز نییە، نوێژنەکەری قوون نەشۆر بووە. وەک گولی دوورئاوایی، کەرە شێتەیان لەسەر تەپۆڵکەیەکی دوور لە دێ شاردەوە. ئەوانەی بە تەنیشتیدا تێدەپەڕین و جاروبار فاتیحایەکی شەریفیان بۆ روحاناتی پاکی دادەدا، تەنیا و تەنیا کەڵەگاکەی دایکی و عوسمانی ئاواڵ شوانی بوون.” ئەگەر بمانهەوێ “خوێندنەوەیەکی مەعرفی” بۆ کەرە شێتە بکەین لەگەڵ کۆدێکی گرینگ ڕووبەڕوو دەبین: شێتایەتی. لە ڕوانگەی میشێل فۆکۆوە، (چاوەدێری و سزا 1975 و میژووی شێتایەتی 1961) پێکهاتەکانی کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیری چەمکی “شێتایەتی” تاریف دەکەن. فۆکۆ لێرەدا باس لە شێتایەتی وەک نەخۆشییەکی ڕەوانی ناکا بەڵکو زیاتر مەبەستێتی بڵێ شێتایەتی لە ناو دڵی کۆمەڵگادا و لە کەشێکی کولتوریدا مانای هەیە و دەیهەوێ بزانی کە چۆن پێکهاتەکانی ئابووری و سیاسی و ڕووناکبیری لە فۆڕم گرتنی شێتایەتی لەناو کۆمەڵگا و کەشەکەی دا ڕۆڵ دەبینن. هەروەها لە مێژووی سێکسوالیتەدا فۆکۆ باس لەوە دەکا کە چۆن دەسەڵات/ دەسەڵاتەکان “اعمال قدرت” دەکەن و “دیسکورس” چۆن ژیانی ئینسانەکان کۆنترۆڵ دەکا. فۆکۆ پێیوایە کە شێتایەتی بە هۆی “هەنجار” و “نۆڕم”ەکانی کۆمەڵگا لە پەڕاوێز دەخسترێ و شێتەکان دەردەکرێن و یا لە زیندان دەهاویشترێن و لە زیندانەکاندا بورجی چاوەدێری دروست دەکرێت و هەموو ئەوانەی لەگەڵ نۆرمەکانی کۆمەڵگا هاوشێوە و هاودەنگ نین دەخرێنە زیندان و لە پێوەندییەکانی کۆمەڵایەتیدا لەپەڕاوێز دەکەون. لە کاتێکدا خودی نۆڕمەکان ڕەنگە زیاترین کێشەیان هەبێ و دووڕوویی و ڕیا و “ناهەنجاری” حاکم بێ. “کەرە شێتە” ژانویەی 2018، کورتە چیرۆکێکی هەمزە ئاگوشی یە. کەرە شێتە ڕاستگۆیەکە کە بنچ و بناوانی کۆمەڵگای ناڕاست دەناسێ و لە درۆکانی دەگا. مێشکی “حەقیقەت جوی” ئەو ناتوانێ ڕاستییەکان حەشار بدا. لە ڕاستیدا “زبان سرخ سر سبز میدهد بر باد” لە پەیکەری کەرە شێتەدا بە ڕوونی دەبیندرێ. کەرە شێتە دەزانێ لە مزگەوت دزی دەكرێ و دایکی پێوەندی دەرەوەی عورفی هەیە. کەرە شێتە ئاگاداری ڕازە دزێوەکانە. کەرە شێتە/حەقیقەتخواز شێت نییە بەڵام کۆمەڵگا و تەنانەت دایک/نیشتمان هەوڵی ئەوەیانە کە بڵێن شێتە تا دزێویەکانی ئەوان بە ئاشکرا لە قاو نەدرێ و لە ژێر تاماریی شێتایەتی ئەودا عەیبەکانی خۆیان بشارنەوە. کەرە شێتە ئاوێنەیەکە بۆ دیتنی ڕوخساری ناشیرینی کۆمەڵگا. کەرە شێتە دەزانێ بووگەنیو دنیای داگرتووە و جارناجارێک دەڵێ “ئەو دێیە چۆڵ کەن بۆنی گووی لێ دێ.” دایکی ئەو ناوەی لێ ناوە و خەڵكیش قسەکانی بە وڕێنە دەبینن چونکە خەڵک نایانهەوێ ڕاستییەکان ئاشکرا بن و شێوەی ژیانیان بگۆڕن. ئەوان دەبێ بڵێن کەرە شێتە ئەقڵ سووک و شێتە تا ناڕاستی و دزێوی خۆیان داپۆشن. لە کۆمەڵگایەکدا کە کەس لەبەر بەرژەوەندی خۆی مەیلی ئەوەی نییە بەدوای ڕاستی دا بگەڕێ و ڕاستی دەرکەوێ، ڕاستبێژەکان بە شێت دادەندرێن و دڵسۆزەکان بە تایبەت ئەوانەی گروپ و حیزب و سامانیان نەبێ لە پەڕاویز دەخرێن و لەناوبردنیان، فیزیکی یا هەستی و ڕوحی، هاسانترە. کەرە شێتە پەڕاوێز دەکرێ و برسی و جلوبەرگ دڕاو دەخولێتەوە تا سەرئەنجام تانە و تەشەر بە چۆکیدا دێنن و ڕۆژێک لە خەفەتان دەمرێ. کەرە شێتە سەربردەی هەموو ئەو کەسانەیە کە دەیانهەوێ لەگەڵ دووڕوویی و نۆرمە نەشیاوەکان بجەنگن. سەرنوشتی ئەوانەیە وەدوای حەقیقەت دەکەون، ئەوانەی باس لە گرفتەکان دەکەن، ئەوانەی وا دەیانهەوێ بە ئاگری گیان ڕووناکی بخەنە تاریکستانی کۆمەلگا. کەرە شێتەکان کاتی مەرگیش بەخێر لەگۆڕ دەندرێن و هەوڵ دەدرێ زوو لەیاد بچنەوە و کەس ڕۆژێک لە ڕۆژان گوڵێک لە سەر گۆڕیان دانەنێ. بەڵام ئەوان فۆکۆ گوتەنی لە پرۆسەی مێژوودا بە نەگونجانی خۆیان لەگەڵ پێکهاتەی درۆزن و دیسکورسی زاڵمانە مانای چەمکەکان دەگۆڕن. لە نەخۆشیک بۆ گۆڕانی نۆڕمەکان و گەڕان بە دوای حەقیقەت دا.

This website uses cookies to improve your experience. We'll assume you're ok with this, but you can opt-out if you wish. Accept Read More