پێگەیەکی ئازاد بۆ ڕۆژنامەنوسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

چالاکێکی سیاسی دیکە لە ژێر گوشاری هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕژیم وەڵاتی بەجێهێشت

889

بە پێی هەواڵێک کە لە بەرواری ٣٠ یانواری ساڵی ٢٠١٨ بەدەستمان گەیشتووە  چالاکێکی سیاسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شاری سەردەشت بەناوی ئاوات ئیبڕاهیمی کوڕی عومەر تەمەن ٣٣ ساڵ لە ژێر گوشارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەر بەڕژیمی ئێران ناچار بە جێهێشتنی وڵات کرا.

ئاوات یەکێك لەو کەسە چالاکانە بوو کە لە ڕێپێوانی ٢٥ی سێپتەمبری ٢٠١٨ کە لە شاری بانە و بۆ پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی باشوری کوردستان بەڕێوەچوو چالاکانە بەشداری کرد و یەکێك لەو کەسانە بوو کە دەستی باڵای لە بڵاوکردنەوەی تراکت و درووشمی شۆرشگێڕی بەو بۆنەوە لە زۆربەی شارە کوردنشینەکان و لە بانە و سەردەشت بە تایبەتی هەبوو.

هەر دوابەدوای  ئەو چالاکیە سیاسی و مەدەنیانەی کە ناوبراو لەوڕۆژە و لە ڕابردوودا بۆ پشتیوانی لە کورد و لەقاودانی سیاسەتە چەوتەکانی ڕژیمی ئێران ئەنجامی داوە کەوتە بەر گوشاری هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم و ناچار کرا کە وڵات بەجێ بێڵێ.

شایانی باسە کە ئاوات ئیبراهیمی پێشتریش لە بەردەم دەرگای فەرمانداری شاری سەردەشت یەکێك لە پێکهێنەرانی گردبوونەوەی کوردانی دانیشتووی شاری سەردەشت و دەوروبەری بوو کە بە  دژی کوشتنی کۆڵبەرانی سەر سنوور و  مەحکووم کردنی ئەو کردەوە نامرۆڤانەی ڕژیمی ئێران بە بەشداری سەدان کەس بەڕێوەچوو.

بە پێی دواین زانیاریەکان هێزەکانی ڕژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئاوات و دەستیان بەسەر زۆربەی ئەو کەلوپەلانە داگرتووە کە ناوبراو بۆ کاروبار و چالاکی سیاسی خۆی ڕۆژانە کەڵکی لێوەرگرتوون.هێزەکانی ڕژیم دەستیان بەسەر لاپتۆپ، کتێب و نووسراوەکانی ئاوات داگرتووە و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانن و دواتریش بەهەڕەشە کردن لە دایک و باوکی ئاوات ئەوانیان بۆ لێپێچینەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئتلاعات کردوون.

This website uses cookies to improve your experience. We'll assume you're ok with this, but you can opt-out if you wish. Accept Read More