پێگەیەکی ئازاد بۆ ڕۆژنامەنوسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

سەبارەت بە دەستڕێژی هێزەکانی ڕژیمی ئێران لە کۆڵبەرانی ناوچەی سەردەشت، “رۆژهەڵات تایمز” زانیاری زیاتر بڵاو دەکاتەوە

72

رۆژهەڵات تایمز: سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناوەندی هەواڵی “رۆژهەڵات تایمز”ی راگەیاند کە سەرلەئێوارەی رۆژی شەممە ٢٦ خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شوێنێک بە ناوی “کانی پوورئامانێ” هەڵکەوتوو لە نزیک خاڵی سنووریی “کێلێ” و بەدیوی باشووری کوردستاندا، هێرشیان کردە سەر کۆمەڵێک لە کۆڵبەران و کاسبکارانی ناوچەی سەردەشت و لە ئەنجامدا سێ کۆڵبەر بریندار بوون و زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی بەر کاسبکاران کەوت.
هەمان سەرچاوە کە خۆی یەکێک لەو کۆڵبەرانە بووە کە لەناو رووداوەکەدا بووە و تەقەی لێ کراوە، بە “رۆژهەڵات تایمز”ی راگەیاند: “هێزێکی زۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سنووری رۆژهەڵات و باشووری کوردستانیان بەزاند و بەدیوی باشووردا لە شوێنێک بە ناوی “کانی پوورئامانێ”، سەرەڕای ئەوەی کە بنکەیەکی پاسەوانانی سنووری باشووری کوردستان و بنکەیەکی گومرگی “پەکەکە”ی لێبوو، بەبەرچاوی ئەوانەوە تەقەیان لە کۆڵبەران و کاسبکاران کرد و سێ کەس بریندار بوون و زیاتر لە ٢٠٠ کۆڵی کۆڵبەران کە زیاتر لە هەزار کارتۆن سیگار و دەزگای ماهوارەی لەخۆ گرتبوو، سووتاندیان و دەستیان بەسەر بارێکی زۆریشدا گرت و سووکایەتییەکی زۆریشیان بە خەڵکەکە کرد.”
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی کە بریندارەکان یەکیان خەڵکی “رەبەت”ە و یەکیان خەڵکی گوندی “سارتکێ”یە و یەکیشیان ناوی “مەحموودە” کە بە “مەحموودی مامەقالەی بێوران” ناسراوە و هەر سێ بریندارەکەش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی قەڵادزێ و برینی یەکێک لە بریندارەکان سەختە و ئەگەری گیانلەدەستدانی هەیە.
لە ئەگەری زانیاری زیاتریش “رۆژهەڵات تایمز” ئاگادارتان دەکاتەوە.

This website uses cookies to improve your experience. We'll assume you're ok with this, but you can opt-out if you wish. Accept Read More