پێگەیەکی ئازاد بۆ ڕۆژنامەنوسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

پێش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژ بە کوشتاری کۆڵبەران، چەند کەس لە چالاکوانانی شاری مهاباد دەستبەسەر کران

180
رۆژهەڵات تایمز: لە کاتی خۆئامادەکردن بۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژ بە کوشتاری کۆڵبەران و دەربڕینی پشتیوانی لە داخوازییەکانی شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، چەند کەس لە چالاکوانانی مەدەنی و ژینگەپارێز لە لایان ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مهابادەوە دەستبەسەر کران.
سەرچاوەیەک لە شاری مهابادەوە بە ناوەندی هەواڵی “رۆژهەڵات تایمز”ی راگەیاند کە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمەڵێک چالاکوانی مەدەنی و ژیگەپارێزلە کاتێکدا لە فەلەکەی شارەداری”چوارچرا” خەریکی خۆئامادەکردن بوون بۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژ بە کوشتاری کۆڵبەرانی کورد و دەربڕینی پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی شارەکانی بانە و سنە و شارەکانی تر، لە لایان هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە هێرشیان کرایە سەر و چەند کەسیان لێ دەستبەسەر کردن کە یەک لەوان خاتوو “کوبرا خاڵند”ی چالاکی مەدەنی و ژیگەپارێز بوو.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا کە دەزگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بۆ رێگرتن لە هەر چەشنە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەک، لە جلوبەرگی مەدەنیدا چەند سیخوڕ و جاشێکی خزاندبووە دەوروبەری فەلەکەی شارەداریی مهاباد و جموجۆڵی خەڵکیان خستبووە ژێر چاوەدێرییەوە.
شایانی باسە، رۆژی شەممە لە راگەیەندراوێکدا چالاکانی مەدەنیی شاری مهاباد ئەمڕۆ یەکشەممەیان بۆ کۆبوونەوە و خۆپێشاندان دژ بە کوشتاری کۆڵبەران دیاری کردبوو.

This website uses cookies to improve your experience. We'll assume you're ok with this, but you can opt-out if you wish. Accept Read More