پێگەیەکی ئازاد بۆ ڕۆژنامەنوسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ڕۆژهەڵات تەوەری یان خواستی سەربەخۆیی

33

راستە، کورد مێژوویەکی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی هەیە و بەردەوام بەدوای خواستە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی خۆیدا بووە، بەڵام بەدرێژایی مێژوو، بزووتنەوەکانی کوردی هەرجارە و بەجیا لە چوارچێوەی ناوچەیەکی بەرتەسکی جوغرافیایی دیاریکراودا بووە!

هەرچەندەش کە کورد ئاوات و ئامانجە سەرەکییەکەی گەیشتن بە دەوڵەتی تایبەت بە خۆی بووە، بەڵام لە خزمەت بە تاکتیکی سیاسی و نان بە نرخی ڕۆژخواردندا، ئەو مافەی شاردووەتەوە و کردوویەتە قوربانی!

بەبێی چەواشەکاری و دوور لە درۆ و چیرۆک هەڵبەستن، کورد مێژوویەکی پڕ لە تراژیدیا و شکەستی هەیە! هەرچەندەش کە مێژووی پڕ لە هەستان و هەستانەوەکانمان جێگەی شانازینە و هێمای کۆڵنەدان و تەسلیم نەبوونمانە، بەڵام خۆ دزینەوەش لە ڕاستییەکان، یارمەتیدەرمان نابێت بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانمان!

زۆر جاران لە چوارچێوەی چیرۆک و ڕابردوو گێڕانەوەدا، بە شێوەیەک مێژوومان تاریف و ستایش کراوە کە گۆیا سەرکەوتوو بووینە، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ئێستاش هەر گیرۆدەی زوڵمی نەتەوایەتی و ئینسانینە!

چاوپۆشی لە هەڵە و شکەستەکان نەتەنیا هیچ یارمەتیدەرمان نابێت، بەڵکو هەل بۆ شکەستخوادووەکان دەڕەخسێت تا دیسان خۆیان تاقی بکەنەوە و کۆنترۆڵی شۆڕشی کوردی بکەنەوە!

لە ڕابردوودا و لە سەردەمانی ململانێی نێوان ئیمپڕاتۆریەتەکاندا، کورد ئیمپراتۆریەتێکی بەهێزی نەبووە تا بتوانێ بەرگەی ململانێکان بگرێت و چوارچێوەی جوغرافیای(وڵاتی) خۆی بپارێزێت! ئەوە ڕوونە کە ئێستاش کورد بە هەڵەی ڕابردووی کەوتۆتە بەربەرەکانی و بە دوای خواستی خۆیدا، لە نیو لافاوی گێژاوە سیاسییەکانی ناوچەکەدا وێڵ و سەرگەردانە و چاوەڕوانی شانس و نەسیبە!

هەرچەندەش کە کورد خواست و ئیشتای بە دەوڵەت بوونی هەیە و دروشمی پێی دەڕازێنێتەوە، بەڵام بە هۆی ململانێی نێوان لایەنە ناوچەیەکاندا، ناتوانێ یەک گوتار و یەک ڕیز بێت! ئەگەرچی سەرچاوەی ئەو هەڵە نەتەوەییە بۆ سەردەمانی کۆنی میرنشینەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام سەردەمی مودێڕنی ئێستاش، شعووری سیاسی کوردی پڕ بایەخی ئەزموون نەکردووە!

لە کاتێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر هەستی نەتەوەیی، “خواستی بەدەوڵەت بوون” زیاتر و بەهێزتر دەکات، بەڵام لایەنگەرایی(حیزبگەرایی) و تاکتیکە سیاسییەکان و پەیوەندییە ناتەندروستەکان لە گەڵ حکومەتە دوژمنەکاندا، نەتەنیا خزمەت بەو خواستە ڕەوایە ناگەیەنن، بەڵکو زیاتر کورد نوقمی ناوچەگەرێتی دەکەن! هیچ گومان لە ئەوەشدا نییە کە “ڕۆژهەڵات تەوەریش” ناچێتە خانەی هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ عەقڵییەتی ئۆتۆنۆمی و میرنشینی! کە من جیامە و تۆش جیای! ئەو لایە بەشی منە و ئەولاش بەشی تۆیە!

بەکارهێنانی “وشەی سەربەخۆیی” پیرۆزێتی خۆی هەیە و باج و نرخی خۆشی پێویستە.

کاتێک باسی سەربەخۆیی دەکرێت، یانی وەسەریەکخستنەوەی کوردستانی گەورە. بەڵام لایەنەکانی کوردی لە ڕاستای ئەو باسەدا نەتەنیا دروشمەکانیان گونجاو نییە، بەڵکو ئۆتۆنۆمی و ئێستاکەش کە فیدراڵی داواکاری و پرۆگرامیانە، باسی سەربەخۆیان “زۆر شەرمنانە و لە خانەی دیماگۆجییەتدایە”!

لە لایەک، داوای ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی سنووری وڵاتە دەستکردەکان دەپارێزێت و نەتەوەی کوردیش لە پێکهێنانی وڵاتی سەربەخۆ بێبەش دەکات. هەروەها ئەو داواکارییانە پتانسێڵی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی کوردیش، لە خانەی حیزبایەتیدا بەرتەسک و کەم بایەخ و لاواز دەکات!

لایەنێکی دیکەی حیزبایەتی و داواکارییە ناوچەیەکانیان، کێشەی نەتەوەیی کورد لە چوار دیواری وڵاتە داگیرکەرەکاندا قەتیس دەکات و دەبێتە کێشەی نێوخۆیی وڵاتە بابەتدارەکان و لە دەستدانی پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان!

کاتێک لایەنە سیاسییەکانی کوردی بۆ مانەوە و پاراستنی هەیبەت و هێژمۆنیی خۆیان، زیاتر بۆ ناوچە جەماوەرییەکەیان، یان هەرێمی ژێر کۆنتڕۆڵیان(ناوچە تەوەری) دەگەڕێنەوە و بە پەرژینی تێل دڕوی حیزبایەتی و هەڵوێستەی ناوچەی خۆمە، کوردستان زیاتر پارچە پارچە و سنووری سوور و ڕەنگاوڕەنگی حیزبایەتی دیاری دەکەن، هەروەهاش کاتێک داواکاری لایەنەکانی کوردی جیا لە خواستی گشتگیری نەتەوەیی لە چوارچێوەی وڵاتە داگیرکەرەکاندا کەم بەها دەکرێت، بێگومان باسی سەربەخۆییان زۆر شەرمنانە و دیماگۆجیانەیە!

هەموو ئەو لایەنانەی کە باوەڕمەندی سەربەخۆیی کوردستانن،
زۆر سانایە و هیچ پێچ و پەنای ناهەوێت و دەتوانن هێزی یەکگرتووی کوردی پێک بهێنن و پەڕلەمانی هاوبەش و حکومەتی یەکگرتووی کوردی ڕابگەیەنن.

ئەگینا با درۆیان نەکەن و باسی سەربەخۆیی نەکەن!

This website uses cookies to improve your experience. We'll assume you're ok with this, but you can opt-out if you wish. Accept Read More