پێگەیەکی ئازاد بۆ ڕۆژنامەنوسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

شەڕی “ئەمین ئاباد” و پاسداری خەواڵوو

13

شۆڕش ئەسەدزادە:
به‌هاری ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی، ئێمە وەک ئەرکانی لکی یەکی هێزی شەهید پێشەوا، بنکەمان لە گوندی “ئەمین ئاباد بوو و کاک “کەریم پوورقوباد” کە فەرماندەری هێز بوو، ماوەیەک بوو وەک میوان لە لامان بوو. هه‌ڵۆیه‌كم هه‌بوو له‌ چكۆڵه‌ییه‌وه‌ بۆخۆم گه‌وره‌م كردبوو و هه‌ر پێی وابوو ئه‌من دایكیم.
هه‌ڵۆكه‌ گه‌وره‌ ببوو، زۆر حەزی لە فڕین و راو بوو. به‌ر ده‌ركی مه‌قه‌ڕی لك به‌ردێكی گه‌وره‌ی لێ بووو هەڵۆکە هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ئه‌و به‌رده‌ بوو و جار جار كوڕه‌كان گاڵته‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرد و قه‌ڵسیان ده‌كرد و ئه‌ویش لێیده‌دان، به‌ڵام بە پێچەوانەوە بۆ من وانەبوو و قه‌ت له‌ منی نه‌ده‌دا. لای ئێواره‌ بوو كوڕه‌كان به‌ پێیان هاتنه‌وه‌ دەرکی مەقەڕ و دوای سڵاو و ماندوونه‌بوونی، لێمان پرسین: ئه‌دی كوا ماشێنه‌كه‌تان ؟ (ماشێنێكی سه‌ربازیی ئایفامان هه‌بوو و چووبوون خواردەمەنی به‌رن بۆ پێشمه‌رگه‌كان) گوتیان: “ماشێنه‌كه‌ له‌ خوار گوندی “به‌ره‌جۆ” لێمان خراپ بوو و زۆرمان هه‌وڵ دا له‌گه‌ڵی بۆمان نه‌كه‌وته‌وه‌ كار، ئێمه‌ش به‌جێمان هێشت.” شه‌وێ هه‌موو لای ئێمه‌ بوون، پێشمه‌رگه‌یه‌كی كه‌م ته‌مه‌نمان له‌گه‌ڵ بوو پێم گوت بچوو له‌ ناو دێ دوو مریشكان بكڕه‌ و سازی بكه‌ن بۆ كوڕه‌كان. ئه‌و شه‌وه‌مان زۆر خۆش به‌سه‌ر برد. به‌یانی گوێمان لێبوو ده‌نگی تۆپ و خومپاره‌ ده‌هات و كوڕه‌كانی گوندی “گرده‌به‌ردان” دوو كه‌سیان هاتن و گوتیان دوژمن هێرشی كردووه‌ بۆ به‌رزاییه‌كانی خوار گوندی “به‌ره‌جۆ”. ئێمه‌ش خێرا خۆمان پێچایه‌وه‌و به‌ره‌و شوێنی شه‌ڕه‌كه‌ وه‌ڕێ كه‌وتین. كه‌ دوورو نزیك بووینه‌وه‌، دیتمان كوڕه‌كان چاكیان لێدابوون، به‌ڵام ئه‌وان زۆر به‌ بڵاوی و به‌ نه‌ خشه‌ هاتبوون، بۆیه‌ كوڕه‌كان هه‌ر توانیبوویان ڕایانگرن و نه‌هێڵن له‌وه‌ زیاتر بێنه‌ پێشێ. كوڕه‌كان شێوه‌ی هاتن و ئه‌و جێگایانه‌یان پێشان ده‌داین كه‌ پێیدا هاتوون و ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ گرتوویانه‌. “كه‌ماڵ ئیسماعیلزاده‌”ش فه‌رمانده‌ری لكی یه‌ك بوو. كاك “كه‌ریم پوورقوباد” به‌ “كه‌ماڵ”ی گوت بۆیان ده‌چین و ئه‌منیش دێم له‌گه‌ڵتان. گوتمان كاك كه‌ریم نابێ تۆ بێیت، ئێمه‌ بۆخۆمان زۆرین و بۆیان ده‌چین، کەچی هه‌ر گوتی دێم! دیتمان ده‌یانه‌وێ ماشێنی “ئایفا”كه‌ به‌رن و بڕۆن. ئێمه‌ش بووینه‌ دوو ده‌سته‌ و به‌ بڵاوی كه‌مێك به‌ په‌له‌ به‌ره‌و ڕوویان ده‌ستمان كرد به‌ پێشڕه‌وی. ته‌قه‌مان لێ نه‌كردن تا لێیان نزیك بووینه‌وه‌، ئه‌وانیش له‌ هه‌موو شوێنێك بڵاو ببوون و سه‌نگه‌ریان گرتبوو و به‌ تۆپ و خومپاره‌ش به‌ بێوچان ئێمه‌یان ده‌كووتا. ئێمه‌ ده‌ دوازده‌ كه‌سێك ده‌بووین به‌ قه‌راخه‌و قه‌راخی جۆگه‌یه‌كدا بۆیان ده‌چووینه‌ پێش. “كه‌ماڵ” زۆر له‌ پێش ئێمه‌وه‌ بوو و به‌ ته‌نێ هه‌ر به‌ هه‌ڵاتن به‌ره‌و ڕوویان ده‌چوو. “كه‌ماڵ”یان دیت و ئه‌وان له‌ پێشدا زۆر به‌ توندی لێیانداین. چونكه‌ دایانزانی زۆریان لێ نزیك بووینه‌ته‌وه‌. زۆر ترسابوون، بۆیه‌ زۆر به‌ خه‌ستی لێیاندەداین و لەو هێرشەدا كه‌ماڵ به‌ربووەوه‌. هه‌ر كه‌ دیتم به‌ربووەوه‌، مه‌ڕێكم نەزر کرد بیکەمە خێر كه‌ سه‌لامه‌ت بێ. زۆر به‌ سه‌ختیی توانیمان بگه‌ینه‌ “كه‌ماڵ”، چونكه‌ له‌ ئێمه‌ڕا بۆ لای “كه‌ماڵ” هیچی لێنه‌بوو سه‌نگه‌ری لێ بگرین. به‌ كوڕه‌كانمان گوت لێیانده‌ن به‌ توندی تا “كه‌ماڵ”ی دێنینه‌وه‌.
كاك “كه‌ریم” چونكه‌ له‌ “ئەرته‌ش”دا بوو، زۆرێك له‌ فه‌ننی شه‌ڕی ده‌زانی. گوتی نابێ كه‌س بچێ “كه‌ماڵ” بێنێته‌وه‌ بۆخۆم ده‌چم. دوای ده‌مه‌قاڵه‌یه‌كی زۆر به‌ ته‌نێ ڕۆیشت. زۆریان ته‌قه‌ لێكرد، به‌ڵام خۆی گه‌یانده‌ “كه‌ماڵ”. ئێمه‌ش هه‌ر كاك “كه‌ریم” وەڕێ کەوت، به‌ دوایدا خۆمان گه‌یانده‌ لایان. هه‌م به‌ سینه‌خیز ده‌ڕۆی و هه‌م “كه‌ماڵ”ی هه‌ڵگرتبوو. ئێمه‌ش وه‌ك فیلمی سینه‌ماییمان ده‌هاته‌ پێش چاو. هه‌م زۆر جالب بوو، هه‌م سه‌لامه‌ت بوو. گوێمان نه‌دایه‌و پڕماندا “كه‌ماڵ” و كوردانه‌ فڕاندمانه‌ پشته‌وه‌ی شه‌ڕ. دیسان بۆیان چووینه‌وه‌، خه‌ریك بوون ماشێنه‌كه‌ی ئێمه‌یان بۆكسێر ده‌كرد تا له‌گه‌ڵ خۆیان بیبه‌ن. كه‌ زانیان هێرشی ئێمه‌ تونده‌، ماشێنه‌كه‌یان به‌ جێهێشت و هه‌ڵاتن. كه‌وتینه‌ سه‌ریان تا له‌ ناوچه‌مان ده‌ركردن، هه‌ندێكیان كه‌لاك لێ به‌جێ مابوو. ده‌ستكه‌وت و شتی وا كۆ كرانه‌وه‌و زۆریشیان له‌گه‌ڵ خۆیان برده‌وه‌. ته‌قه‌ بێده‌نگ بوو، ئێمه‌ش ماشێنه‌كه‌مان بۆكسێر كرد و هێنامانه‌وه بۆ “ئه‌مین ئاباد”. کەماڵ دەستی بریندار بوو، هەرچەندە برینەکەی زۆر سەخت نەبوو و وه‌زعی زۆر خراپ نه‌بوو، به‌ڵام ئازاری زۆر بوو. لای ئێواره‌ كوڕه‌كان بێسیمیان كرد گوتیان كه‌سێكی خه‌ڵكی “به‌ره‌جۆ” پاسدارێكی به‌ زیندوویی گرتووه‌، زۆرمان پێ سه‌یر بوو. كاك “كه‌ریم” گوتی هه‌م ئه‌سیره‌كه‌، هه‌م ئه‌و كه‌سه‌مان بۆ بێننه‌ “ئه‌مین ئاباد”. هاتن و هێنایان پاسدارێكی زه‌لام و باڵابه‌رزو چوارشانه‌و ڕیشدار، ده‌ستێك لیباسی پڵینگی له‌به‌ردا بوو و هه‌موو له‌ مه‌قه‌ڕێ دانیشتبووین كاك كه‌ریم به‌ كابراكه‌ی گوت بۆمان بگێڕه‌وه‌ چۆنت ئه‌م پاسداره‌ زه‌لامه‌ گرت كه‌ دوو هێنده‌ی خۆت ده‌بێ و چه‌كیشی پێ بووه‌ ؟؟؟؟؟؟
گوتی: “حه‌یوانم لێ ون ببوو، منیش لێیان ده‌گه‌ڕام. له‌ شاخی یه‌ك كه‌ڕه‌ت به‌سه‌ر ئه‌م پاسداره‌دا كه‌وتم نه‌ده‌جووڵاوه‌. پێم وابوو كوژراوه‌، كه‌ لێی نزیك بوومه‌وه‌، دیتم به‌ندی تفه‌نگه‌كه‌ی له‌ ده‌ستی خۆی هاڵاندووه‌و هه‌ناسه‌ی ده‌دا. زانیم ماوه‌، گوتم ڕه‌نگه‌ برینداربێ، به‌ڵام هیچ خوێنی پێوه‌ نه‌بوو، تازه‌ چووبوومه‌ بن سه‌ری و زۆر ترسام گوتم ئه‌گه‌ر وه‌خه‌به‌ر بێ و بمبینێ، هه‌ر له‌ ترسی خۆی ده‌مكوژێ، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه‌ و بمبینێ، هه‌ر ده‌مكوژێ. ئه‌گه‌ر نه‌شمكوژێ ده‌مگرێ!”
گوتی: “نه‌مده‌زانی چ بكه‌م، نه‌ ده‌موێرا بڕۆم و به‌ جێی بێڵم، نه‌ ده‌موێرا خۆی پێداده‌م. گیرم كردبوو گوتم ده‌چم زۆر به‌ هێواشی هه‌ڵیده‌ستێنم به‌ڵكوو له‌ كۆڵم بێته‌وه‌. چوومه‌ سه‌ر سه‌ری به‌ سه‌ری لێوان گوتم كاكی پاسدار!!! هۆ كاكی پاسدار!!!! نه‌خێر وای بۆ نووستبوو ده‌تگوت له‌ ماڵه‌ خاڵیه‌تی. كوڕه‌ كاكی پاسدار هه‌سته‌ دڵم تۆقی هه‌رسێك ته‌ڵاقم كه‌وتبێ كارم پێت نییه‌. خۆ ئه‌گه‌ر بزانم وه‌خه‌به‌ر نایه‌ی، ده‌ڕۆم و ئه‌تۆ به‌خێرو ئه‌من به‌ سڵامه‌ت، به‌ڵام ده‌ترسێم وه‌خه‌به‌ر بێیت و له‌ ترسی خۆت من بكوژی! له‌ فكرمدابوو تفه‌نگه‌كه‌ی لێ بستێنم، به‌ڵام وا قایم له‌ ده‌ستی هاڵاندبوو، له‌ ده‌ستی ده‌رنه‌ده‌هات، زۆریش زه‌لام بوو وه‌خه‌به‌ر هاتبا پێی نه‌ده‌وێرام. هه‌موو گیانم ده‌له‌رزی و له‌ ئاره‌قه‌دا شەڵڵاڵ ببووم. ئه‌ی خودایه‌ ئه‌وه‌ چ بوو لێم په‌یدابوو؟ بڕێك توندتر ڕاموه‌شاند، ئه‌گه‌ر له‌ پڕ وه‌خه‌به‌ر هات پڕیدایه‌ تفه‌نگه‌كه‌ی و ڕووی له‌من كرد ئه‌و ڕۆژه‌ بوو لێی ده‌ترسام! كوڕه‌ نه‌كه‌ی كوڕه‌ من پێشمه‌رگه‌ نیم، من خه‌ڵكی ئه‌و گونده‌م ورده‌ ورده‌ هاته‌وه‌ سه‌ره‌ خۆ زانی من تفه‌نگ و شتی وام پێ نییه‌. كه‌مێك ئارام بووەوه‌ و ده‌ستی بۆ لای ئاوایی ڕاده‌داشت و ده‌یگوت ئه‌وه‌ كوێیه‌ ؟؟؟؟ كوان سه‌ربازو ڕه‌فیقه‌كانم؟ ئه‌و ئەرته‌شه‌ چی لێهات ؟؟؟؟؟ پرسیار له‌سه‌ر پرسیار ده‌یكرد و
منیش به‌ كوردی و به‌ فارسی و تێكه‌ڵ پێكه‌ڵ حاڵیم ده‌كرد له‌گه‌ڵم وه‌ره‌ بۆ ناو دێ، مه‌ترسه‌ ده‌تبه‌ینه‌وه‌ بۆ لای ڕه‌فیقه‌كانت. تازه‌ ترسم له‌وه‌ی نه‌مابوو بمكوژێ، كاتێك وه‌خه‌به‌ر هات نه‌یكووشتم، تازه‌ نامكوژێ. زۆری پرسیار لێكردم چییان لێهات ؟ ئه‌و دێیه‌ ناوی چییه‌ ؟ ئێره‌ كوێیه‌ ؟ له‌ كوێ نزیكه‌ ده‌وڵه‌ت له‌ كوێیه‌ ؟ زۆری ده‌پرسی. منیش هه‌ر ده‌مگوت تۆ برای ئێمه‌ی مه‌ترسه‌ ده‌تبه‌ینه‌وه‌ بۆ لای پاسداره‌كان. ناو دێ پاسداری لێ ماوه‌ له‌گه‌ڵ من وه‌ره‌ مه‌ترسه‌. هه‌ر چۆنێك بوو ڕازییم كرد كه‌ له‌گه‌ڵم بێ بۆ ناو دێ. باوه‌ڕی پێكردم كه‌ ناو دێ پاسداری لێیه‌ و ئه‌منی وه‌پێش خۆیدا بۆ ناو دێ. ئه‌منیش له‌ ترسان ده‌ستم دەپشتم گرتبوو و ورده‌ ورده‌ وه‌ پێشی كه‌وتبووم. هه‌زار فكرم ده‌كرده‌وه‌ كه‌ چۆن بیگرین، ئه‌گه‌ر نه‌یگرین و بزانێ درۆم له‌گه‌ڵ كردووه‌، له‌ پێشدا من ده‌كوژێ جا خودا ده‌زانێ چه‌ند كه‌سی تریش ده‌كوژێ. گوتم وا چاكه‌ ده‌نگێ نه‌كه‌م تا ده‌یگه‌یه‌نمه‌ ناوه‌ڕاستی خه‌ڵكه‌كه‌و به‌ڵكوو به‌ هه‌موومان بیگرین.
هێنانم….هێنام تا بن ده‌ركی مزگه‌وت. له‌وێ خه‌ڵك كۆ ببوونه‌وه‌ و هه‌ر پێیان سه‌یر بوو خودایە ئه‌وه‌ چییه‌ ؟ خۆ پێشمه‌رگه‌ ڕاویان نان و شه‌ڕ ته‌واو بوو، ئه‌وە له‌ كوێڕا په‌یدا بوونه‌وه‌؟ هه‌ر كه‌ گه‌یشتمه‌ ناو خه‌ڵكه‌كه‌، خۆم پێدادا و هاوارم كرد كوڕه‌ وه‌رن بیگرن ده‌نا هه‌موومان ده‌كوژێ. ئه‌وه‌ به‌ جێماوه‌ خه‌وی لێكه‌وتبوو، خه‌ڵكه‌كه‌ش كه‌ زانیان هه‌ر هه‌موو هاتن و به‌ هه‌موومان گرتمان و ئێستاش ئه‌وه‌ هێناومه‌ته‌ خزمه‌تتان و ته‌سلیمی ئێوه‌ی ده‌كه‌م.”له‌ شانیڕا بۆ خوارێ تا ده‌گاته‌ سه‌ر ناوكی به‌ گوریس ده‌ستیان به‌ سینگ و پشت و زگییه‌وه‌ به‌ستبوو. بیست گرێیان زیاتر لێدابوو. كاك “كه‌ریم” زۆری سوپاس كرد و تفه‌نگ و ڕه‌ختی پاسداره‌كه‌ی دا به‌ كابرا و زۆری پێ خۆش بوو. ئه‌وان ڕۆیشتنه‌وه‌. پاسداره‌كه‌ش گوتی خه‌ڵكی كرماشانم و زۆر بە كه‌می كوردی ده‌زانی. گوتی: “دوێنێ شه‌و به‌ هه‌لیكۆپته‌ر له‌ كرماشانه‌وه‌ ئێمه‌یان هێناوه‌ بۆ مه‌هاباد. شه‌وێش هێناویانین بۆ ئێره‌ و منیش دوو شه‌و بوو نه‌نووستبووم، بۆیه‌ له‌وێ كه‌ دایانمه‌زراندین، گوتیان ته‌قه‌ له‌ كه‌س مه‌كه‌ن تا هه‌وا ڕووناك ده‌بێ، ئه‌منیش هه‌ر درێژ بووم خه‌وم لێ كه‌وتووه‌. هه‌تا ئه‌و خاڵه‌یه‌ هه‌ڵی نه‌ستاندووم، ئاگام له‌ هیچ نه‌بووه‌.”
ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ درێژه‌یان هه‌یه‌…

This website uses cookies to improve your experience. We'll assume you're ok with this, but you can opt-out if you wish. Accept Read More