پێگەیەکی ئازاد بۆ ڕۆژنامەنوسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

تانکەرێکی نەوتی سوپای پاسداران لە شاری سنە دەیان کەسی کردە قوربانی

رۆژهەڵات تایمز:شەوی ڕابردوو١٩ی پووشپەڕ، لە ئەنجامی پێکدادانی پاسێکی نەفەرهەڵگری شیرکەتی “گیتی سیر” و تانکەرێکی هەڵگری سووتەمەنی کە دەگوتری نەوتی کەرکووکی پێ بووە، لە شاری سنە دەیان کەس بوونە قوربانی. بە گوتەی جێگری ئۆپەراسیۆنی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سنه‌ لەو ڕووداوەدا کە لەسەر جووت سایدی بردەم گاراژی سنە بۆ تاران ڕووی داوە، هەتا ئێستا ١٥ که‌س لە کوژراوەکان ناویان ئاشکرا بووە و ئەوانی دیکە بەهۆی زۆریی سووتانەوە نەناسراونەتەوە. ڕوداوەکە دوای کاتژمێر ١٢ی نیوەشەو لە بڵواری حوسەینی شاری سنە و لەبەردەم ترمیناڵی ئەو شارە رووی داوەو لە ئاکامدا شۆفیری تانکەرەکە و دەیان کەسی دیکەی ناو پاسەکە بوونە قوربانی .

بە پێی زانیاریەکان تا ئێستا ٢٧ کەس لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەست داوە. بە پێی قسەی شایەدحاڵەکان، تەقینەوەکە بە راددەیەک گەورە بووە کە دەگوترێ چەندین ئۆتۆمبێلی دیکە کە لە دەوربەری ڕوداوەکە بوون ئاگریان گرتووە و بە تەواوی لە ناو چوون. بە پێی وتەی خەڵکانێک کە بۆ هاوکاری و نەجاتی گیانی سەنشینەکانی پاسەکە لە شوێنی ڕوداوەکە ئامادە بوون، تینی ئاگرەکە بووەتە بەربەست بۆ ڕزگارکردن و هاوکاری دەستبەجێی ئەو کەسانەی تووشی ڕوداوەکە بوونە. هەر دوا بەدوای ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە، خەڵک بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتی هاتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لە چەندین شوێن هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆتۆمبێلەکانی سەر بە ڕژیم و زەرەر و زیانێکی زۆریان بە ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم گەیاندووە.خەڵکی شاری سنە داوایان دەکەن کە لەمە بەدوا ڕاگواستنی نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستان لە ڕێگای ناو شاری سنەوە بوەستێندرێ، چونکە پێشتریش چەندین جار ئەو داوایەیان لە کاربەدەستانی پارێزگا کردووە و چەندین جاری دیکەش بووەتە هۆکاری ڕووداوی دڵتەزێن.

لەو ڤیدیۆیەی خوارەوەدا، هێرشی خەڵک بۆسەر ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم تۆمار کراوە.

This website uses cookies to improve your experience. We'll assume you're ok with this, but you can opt-out if you wish. Accept Read More