بەرابەر بە |

ساڵھاتی مەرگی مامۆستا ھاوار "عەلی حەسەنیانی"

سەعدوون مازووچی: ئەو کەسەی رچەی شێعری نوێ و چالاکی خوێندکاری کوتا . سوارەی ئێلخانیزادە و عەلی حەسەنیانی (ھاوار) دوو کوچك لە سێ کوچکەکەی شێعری نوێی رۆژھەڵاتی کوردستان مەخابن تێر تەمەن نەبوون ، 17ی بانەمەڕی 1371 کاتێك ھاوار لە وڵاتی غەریبایەتی (دانماڕك) بارگەو بنەی بۆ شاری خامۆشان تێکنا تەنیا 53 ساڵی تەمەن بوو . ئەو لەو کاتە را قولی قەڵەم و قاچی قەدەمی گرت بۆ ساتێك لە ئاژوان رووە ئامانجەکانی خۆی و خەڵك و خاکەکەی نەوەستا . تێکۆشانی بێ وچانی ھاوار بەشداری بەرچاو لە بزووتنەوەی نەتەوایەتی و فەرھەنگی کورد و نووسینی چەند پەڕتووکی بە نرخ و سەنگی لە شێعر و رۆمان دا لێ کەوتەوە . ھاورێی و ھاوشانی سوارە ئێلخانی زادە و فاتح شێخ لئیسلامی (چاوە) لە کوتانی رچەی نوێی شێعری کوردی و بزواندنی یەکەمین چاوەکانی چالاکی خوێندکاری لە کۆتایی دەیەی سی و سەرەتای دەیەی چل و ھەستاندنەوەی بزووتنەوەی فەرھەنگی کورد و بنیاد نانی ئەنجومەنی ئەدەبی مەھاباد دوای نسکۆی سازان و تۆرانەکانی کورد و ناوەند لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە دەیەی شەست دا ، سێ یادگاری خودان نرخی ھاوارن . بەرھەمە بە پێزەکانی ئەو شاعیر و نووسەرە فرەرەھەندە زۆر بەیان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات چاپ و بڵاو بوونەوە ، کە بریتین لە :
1 -شاری وێران کە کۆمەڵێك وتاری فرە چەشنە
2 -بزەی زەمەند، دیوانی شێعرەکانی ھاوار. ئەو بەرھەمە دوو جاری تر جارێکیان بە ناوی گونا‌ھ و جارەکەی تر بە ناوی جەلاد لە چاپ دراوەتەوە .
3 -کارمامز- رۆمان
4 -دەروێش- رۆمان
5- بزەی ژیان- رۆمان
6- بێدەنگی دەریا ،وەرگێڕان لە فارسی را بە ھاوبەشی کاك سەلاح ئاشتی بۆ سەر زمانی کوردی.
7- کۆمەڵێك کورتە چیرۆك و وردە بابەتی ئەدەبی کە ئەو یەکەیان چاپ نەبووە . ھەرچەند ھاوار ئەوە 23 ساڵە ماڵی لە شاری خامۆشانی " ھانس کریستیان ئاندێرسێن " ی کۆپێنھاکە، بەڵام ھاوارە رەواکەی ھەروا لە گوێی خەڵکەکەی دا دەزرینگێتەوە .گەردنێکی ئازاد و رووحێکی شاد خەڵاتی ھەتا ھەتایی ھاوارە لە ھەر کوێیەکی ئەو جیھانە بە خاكسپێردرابێ تێیدا دەحەسێتەوە . ئەوەش شێعری ”گونا‌ھ" :
شەوێکی بێدەنگ ،ھەوارێکی خۆش
داری سەر چاکی ڕازداری خامۆش
گەڵایەك وەری بە سروەی شەماڵ
سێبەر جووڵاوە بە نەرمی خەیاڵ
گەڵا سرتەی کرد: _ ھەستن ، درەنگە
تا کەڵەبابی بەیان بێدەنگە
پەری بۆ سرتە لێك کۆ بوونەوە
سێبەر بوو بە دوو ، لێك جۆ بوونەوە
جار جار بە ئاوڕێك یەکتریان دەدی
گوناھ ! بە خێر چی تا جارێکی دی .
_ تاران 1342 _

تێبینی: ئەم بابەتە لە دیواری فەیسبووکی نووسەر  وەرگیراوە