بەرابەر بە |

"بۆ قەقنەسەکان"

شەهلا دەبباغی:
ئەی دڵ
ئەوان لەوپەڕی کەوشەنەکانن
ڕەنگە دیسان
باڵ بگرن و بەهاران وەک هەڵاڵە بێنەوە
وەک وەنەوشە لە کەنارەکان شین ببنەوە
وەک باڵندەکان لە تەشقی ئاسمان کە دەبنە هۆی بزە
تەماشا کە!
وەک ئەستێرە جریوە دەدەن
وەک خۆر گەرما بە لەشی ساردمان دەبەخشن
ئەوان دەبنە هۆی ئەوە ئێمە هەست بە بوون بکەین
ئێمە سەرنەوی بە ڕێگا دا نەڕۆین

نا من مافی ئەوەم نییە فڕینی ئەوان بە گریان بکوژم
من بۆ ئەوە زیندوو نیم هەر شین بگێڕم
تا دوژمن بە فرمێسک و شینم قاقا لێبدا

ڕاستە ئەوە دڵی منە دەڕژێ
ڕاستە ئەوە منم حەسرەت قوتم دەدا
ڕاستە ئەوە منم سەرم بە خەمتان سپی دەبێ
بەڵام من قەرزدارم

قەرزداری ئەو هەلۆیانەی وا سەری منیان لە جیهان دا بڵند کرد
قەرزداری خوێنی سەر چیای شنگال
قەرزداری خوێنی کچانی ناو شەقامەکانی کۆبانی
قەرزداری قەقنووسەکانی بەر دەرکی قەڵا و
قەرزداری لالۆی مەریوان

من قەرزدارم بۆ بەردەوامیی ڕێگایان
ئەوانەی وا ئەستێرەیەکی سووریان لەسەر سینگ بوو
ئەوانەی وا ئاڵای کۆمارییان هەڵدا
ئەوانەی وا تەنیا تاوانیان مێهربانی و خەون بوو
ئەوانەی تاوانیان تەنیا کوردبوون بوو

نا، بە خۆم دەڵێم: بەسە فرمێسک!
هەستە سەر پێ!
چاو لەو دایکانە بکە لەبەرەکانی شەڕ چەند شەهیدیان بۆ دێتەوە
نا تۆ ماڤی ئەوەت نییە ئاواتی فڕین بمرێنی
تۆ مافی ئەوەت نییە
مەرگێکی مەزن بکوژی.....

 

 

 

بابەتی پێوەندیدار: