بەرابەر بە |

کۆمار

رەسووڵ سوڵتانی:
وەرزی زستانە، هەلە بۆ هەڕەتی تۆفانی
بەفر و وەیشوومە دەكا گاڵە لە دەرك و بانی
كەچی لەو بەستەڵەك و تووش و كڕێوە و بایە
كوردەواری چ بەهارێكی بووە میوانی
لەو بەهارەی كە شكاندوویەتی پشتی زستان
گوڵی ئاواتی دەپشكووتن لە رێبەندانی
پێشەوا هات و لەگەڵ هێزی گەل و دیموكرات
سەری دانا بوو لە رێ و نایە بەری دەست گیانی
نووسەر و شاعیر و لاوانی بە زیپكوزاكوون
شەنوكەویان بوو لە مەیدان و خەلەوخەرمانی
هێزی چەكداری گەلم ناوی نرا پێشمەرگە
هەڵكرا پەرچەم و بێگانە نەما نیشانی
تۆ بڵێ كێ وەكوو پێشمەرگە لە ئەم دنیایە
چەكی پیرۆزی وەها جوانە لە دەست و شانی
لە بۆ پاراستنی ئەو خاك و گەل و ئاڵایەش
كوڕە پێشمەرگە بە خوێن مۆری دەكرد پەیمانی
چەكی تیژی قەڵەم و بیر و تفەنگیان وەك یەك
خستەگەڕ سوور و مكوڕ هاتنە پشتیوانی
خاڵەمین دەستی هەژارهێمنی گرت و هێدی
بوونە سەرقافڵەیەك بۆ غەزەل و گۆرانی
ئەی رەقیب دەنگی هەتا لووتكە دەچوو كازیوان
ئاودرا گوێم بە گوڕە و هەوهەوی سوارچاكانی
قەڵەمی نووسەر و گۆڤار و كتێب، رۆژنامە
هاتە دەر ترسی نەمابوو بكرێ زیندانی
قۆڵی هەڵماڵی كوڕ و كیژی لە گوند و شاران
هەر لە ماكۆوە هەتا ئەوپەڕی هەورامانی
باوەشی كردەوە بۆ شێرەكوڕانی گەرمێن
تاوەكوو بێنەوە ئامێزی چیاو كوێستانی
خەونی دەسكردی سنوور پووچەڵ و بێ مانا بوو
ئەو دەمەی تێكی شكاند، شێرەكوڕی بارزانی
هاتن و بوونە یەكەم هێزی بەهێزی كۆمار
دوژمنم كوێر بوو لە داخان و نەما ئیمانی
ئێستەش ئەو رێیە كە پێشانی منی دا قازی
گیان بە شانازی لە پێناوی دەكەم قوربانی