بەرابەر بە |

ئەو تەویلەی تێیدا گەورە بووم (چیرۆکە شیعر)

s_580_300_16777215_10_images_hamarang_mansur.jpg

مەنسوور دەروێش زادە:
بابم هیلاک و ماندوو دوای هەموومان لەبەر دەرکە دەبەستراوە...
کەڵەکان لە لای سەرەوە،،،دوایی گامێشەکان.
دوو یەختە، بە ناوەکانی کەچە و کۆڵە، هەردووکیان خەسێندرابوون، بۆ ڕاکێشانی ئاڕەبانەیەکی گەورە.
جێی کەڵەوەکان،،،،
لە دەوربەری ملیان هەمیشە دیار بوو....
گا و مانگا لەوبەری،،،،
کەڵیچەیەک و پاڵاخێک،،،
لەگەڵ چەند گوێلکی نازدار،
لە نێوانیاندا....
من و دایکیشم لە لای بابم... من زۆر گچکە بووم،
هەر بۆیەش منیان بە زنجیر نەدەبەستەوە،،،،
گوریسێک بەسم بوو،،،،،، تا لە شوێنی خۆم نەجوڵێم.
بۆ گەورە بوونم زۆر بە پەلە بووم.
دەمهەویست بارەکانی بابم،،،
لەسەر پشتی من دابنێن.
........
شەو دیسان گەیشت، مێرمناڵێک بە فانووسەوە،،،
وەکوو شەوانی ڕابردوو،،،،
دەهاتە ژوور بە ماتە مات....
دەتگووت بۆ دزی هاتووە.
کە ئەو دەهات، بابم ڕووی لەولا دەکرد، کورسییە سێ لاقەکەی شیردۆشینی هەڵدەگرت و دەچووە پشت دایکم و کلکی هەڵدەهێنا،،،،
دوایی فانووسەکەی کز کز دەکرد....
دایکم سەری بەردا بووەوە ،،،،
فرمێسکەکان بە چاوە گەورە و ڕەشەکانیدا دەهاتنە خوار....
وەکوو بارانی بەهار.
.....
شەوێک کە مێرمناڵەکە لە پشتەوەی هانکە هانکی دەهات،،،،
لێم پرسی: دایە گیان بۆ دەگری؟
فرمێسکە کانی زۆرتر هەڵدەوەرین.....
بۆ ئەوەی فرمیسکی زیاتری نەبینم،،،
ئیتر هیچ کات لێم نەپرسییەوە.
.....
شەوێک وەکوو هەموو شەوانی تر، مێرمناڵەکە هاتەوە، لە نزیک بابم بوو، لە ناکاو بابم بە هەموو هێزەوە لوشکێکی لێ وەشاند.
مێرمناڵەکە یەک بە خۆی دەیناڵاند......
گەورەکان هاتن،،،،
بە کوتەک کەوتنە لێدانی بابم،،،،
بابم هیچ هاواری نەدەکرد،
کەڵەکان حۆققاندیان، گایەکان دەیانبۆڕاند.
بەو شێوەیە ئازارەکانی بابمیان بەسەرخۆیاندا دابەش دەکرد.
ئەوێ شەو دایکم نەگریا....
........
ڕۆژەکان یەک لەدوای یەک تێدەپەڕین، من گەورە ببووم، ئێوارەیەک بابمیان نەهێناوە.
فرۆشتبوویان....
.....
زستانێکی سارد و درێژ، کادێن بەتاڵ، گورگەکان هە موو شەو دەیانلووراند...
دایکم ڕەنگی بە ڕوویەوە نەمابوو،،،،،
زۆر لە گورگ دەترسا....
لاواز و پیر ببوو، باری بۆ هەڵنەدەگیرا....
.........
بەیانییەک وەپێش خۆیاندا،،،،
منیش بەدوایاندا....
گەیشتینە داوێن چیایەکی سپی.....
بەفرەکەیان بەدەست لادا و سنگیان چەقاند،،،،
بە کەندڕێکی ئەستوور دایکمیان بەستەوە....
ئەوێ ڕۆژێ بۆ من لە هەموو ڕۆژێک ساردتر بوو،،،،
من هەر هەڵدەلەرزیم.
بەزۆری منیان گەڕاندەوە،،،،دڵم نەدەهات لەو چیا سامناکە بە تەنیای بەجێ بێڵم.
......
یەکەم شەوی بێ دایکم لە هەموو شەوەکانی دیکە تاریکتر بوو....
ئەو شەوە گورگەکانیش نەیاندەلووراند....
.......
مێرمناڵە فانووس بەدەستەکە وەکوو من گەورە ببوو.
بەیانی زوو  هێنامیەدەر و سواری پشتم بوو،،،دیسان ئەو وشەیەی کە لە هە موو وشەیەکی دنیام زیاتر ڕق لێی بوو،،،،
هەچچچچچچچچە.
بەڵام نا،،،هەچچچەی ئەو جارانم جیاوازە
ئەی گیان بەرەو ئەو شوێنەی دایکمی لێیە هەچچچچە م دەدەن،،،،
ئیتر لە خۆشیان هەر غارم دەدا....
.....
گەیشتینێ،،،،،
دایکم دیار نەبوو،،،،،
مێرمناڵە گەورە بووەکە، لەسەر پشتم دابەزی،،،،،
لەو شوێنەی دایکمیان لێ بەستبووەوە،،،،
هەر کەندڕێک مابوو لەگەڵ سنگەکە و پەراسووە ڕووتەکانی دایکم....
سنگەکەی هەڵکێشا، کەندڕەکەی کۆ کردەوە، بەرەو ماڵ،،،هەچچچچەی لێ کردمەوە...
......
ئەوجار  تێگەیشم، شەوی ڕابردوو،،،،،
بۆ گورگەکان نەیاندەلووراند.