بەرابەر بە |

"کۆڵانەکەمان"

s_580_300_16777215_10_images_adabuhunar_16652630_1750003425313831_1998943045_n.jpg
نەسرین یوسف‌زادە:
بێگومان هەموومان سەرەتای ژیانمان لە کۆڵانێک دەست پێ کردووە و لەگەڵ خەڵکی ئەو کۆڵانە بە شێوەیەک پەیوەندیمان بووە و تەنانەت لەگەڵ هاوتەمەنانی خۆمان کایە و گەمەمان کردووە و تا هاتووە گەورە بووین و لەوانەیە کەسانێک بن کە هەر لەو کۆڵانانەدا عاشق بووبێتن و ژیانیان دەست پێ کردبێ.
هەر لەو کۆڵانانەدا ژیاوین، بەشەڕ هاتووین، ئاشت بووینەوە، روحی لێبوردەییمان بووە و لێمان بووراون و هەروەها هەر لەوە کۆڵانانەدا بووە کە نزیکترین هاوڕێکانمان دۆزیوەتەوە.
زۆر جار دەڵێن (جیران مافی بەسەر جیرانەوە هەیە) من بە تەواوی باوەڕم بەو رەستەیە هەیە چونکە کە مرۆڤ پێی هێنا دەرێ لە ماڵێ، ئەوە جیرانەکانین کە نزیکترین کەسن کە پەیوەندییان پێوە بەکا و ئەو شێوە ژیانانە و شێوە کۆڵانانە زیاتر لە شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەدی دەکرێن.
کۆڵانەکەمان باس لە خەڵکی کۆڵانێک دەکا کە لەگەڵ یەک ناژین، بەڵام هەموو بەشێوەیەک پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە، هەموو یەکتر دەناسن، قسە و باسی تایبەتیان لەنێودا دەکرێ و رووداوی خۆش و ناخۆشی تێدا روو دەدا و تەنانەت مۆتەکەی خەیانەت و دووڕووی خۆی بەسەر خەڵکی ئەو کۆڵانەدا دەکێشی و دەبێتە هۆی لەناوبردنی چەند کەس و لە بەرابەریشدا هەر لەو کۆڵانەدا کۆتری جوانی عەشق باڵی بەسەر کەسانێک داددەکێشێ.
بەڵێ کۆڵانێک لە کۆڵانەکانی میراوای بۆکان کە هەر کەسێک لە شار یان دێیەکەوە هاتووە لەوێ دەژین و هەر کام عادەت و سەلیقە و رفتاری تایبەت بەخۆیان هەیە و لە ماڵی هەر کامیان رووداو و رووداوگەلێک روو دەدا کە ئەگە بخرێتە سەر پەڕی کاغەز لەوانەیە زۆر زیاتر لەوە بێ کە لەو پەڕتووکەدا نووسراوە، بەڵام من هەوڵم داوە کە ئەوەندەی لە توانامدا بێ گۆشەیەکی هەرچەند بچووک لە رووداوەکانی پشت دیوار و پەنجەرەی ئەو کۆڵانە باس بکەم و بنووسم.
تێبینی: خەڵکی ئەو کۆڵانە و ئەو "کۆڵانە" هیچیان راستی نین و هەموو دروستکراوی زەینی خۆمن، بەڵام بێگومان کەسانێک لە شیوەی خەڵکی ئەو کۆڵانە لە کۆڵانەکانی دیکەی نەک میراوای بۆکان کە من بەهۆی ئەوەی لەوێ گەورە بووم هەڵمبژاردووە، بەڵکوو لە کۆڵانی هەموو شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبیندرێن، کەوایە پێم وانییە چیرۆکی خەڵکی ئەو کۆڵانە لای هیچ کەس نامۆ بێ.