بەرابەر بە |

ئەی پێشمەرگە

s_580_300_16777215_00_images_adabuhunar_HasanBewrani.jpg

ئەی پڕیشکە تیشکی خۆرەتاوی خۆڕاگری و هەرمان تۆ زادەی هزری بەرزی پێشەوایت و لە داوێنی بلاوێنی کۆماردا لە دایکبوویت تۆ ئەستێرەکەی گەلاوێژی بە ئاسمانی خەبات و خوێنەوە تۆ بوویتە سەرماوەز و ئاڵات تێدا شەکایەوە و بوویتە ڕێبەندانی گلێنەی چاو و سەربەخۆییت تێدا جاڕ دراو بوویشتە چوارچرا و بە دەم شینی سێ چرای هەمیشە شەهیدەوە دڵۆپە فرمێسکی وەفات داباراندن! ئەی پێشمەرگە تۆ لە چاوی کوردانەی ئەحمەد تۆفیقەوە کەوتیتە چیا و لە گەڵ مەلا ئاوارە و شەریفزادە و موعینیەکان شۆڕشت کرد و پاشان بوویتە هاوبەندی عەزیزی یوسفیان و لەملاشەوە تەرمی سەر بڕاوی سەدیقی ئەنجیری بوویت و گۆڕێکی بێ ناو نیشانی شەهیدانی شوێنە ون! تۆ هەیبەتی بە سامی کاک هەژار و نیشانە تۆپەکەی فەقێ حەوڵاو قەڵافەتی شێرانەی شاپوری فیروزی بوویت و پەنجەکانت بە بەرزی داڵاهۆ برینەکانی شاهۆیان دەپێچان! ئەی پێشمەرگە تۆ داستانی قارەمانانی داشکستانی و ئێواران بە فەرمانی حمەدەمینی ملا عەزیزو وەستا حمەد و رەسولی عزیزی و خدرە سووران دەخەویت و سپێدان نارستی و شیوەسەڵی وبهنام هەڵتدەستێنن! تۆ دەبیتە چەک و تا ئێوارێ لە مەتەرێزی شەڕەف و شانازیەوە مێژوو دەنووسیتەوە! تۆ باڵ بەرەو گەرمێن لێدەدەیت و لە دەشتەکەی کۆیەدا لانە دەکەیت و دەبیتە حەوت دیلکراوی دەستی پیسی ئیسلامیەکان و لە کۆمارێکی پیستری ئیسلامی تربە ناو ئێران لە سێدارەت دەدەن! دەبیتە ساماڵ و مەنسورەکان و لە دەروازەی کۆیە نیشتیمانیەکان لە خوێن و خۆڵی نیشتیمانت وەردەدەن و بۆ هەتا هەتایە دەتکەنە میوانی دڵدار و حاجی و مەلای گەورە. ئەی پێشمەرگە تۆ پێشەوایت و دەبیتە سەرکۆمار و بە پێشوازی دارەوە دەچیت! قاسملوویت و دەبیتە ڕێبەر و لە پێناو ئاشتیدا کفنی سوورت لە بەر دەکەن و دەبیتە شەڕەفکەندی و زەفەر بە بیری بەرزت دەبەن و دەتکەنە مێژوویەک لە میکوونووس و بۆ ئەبەد دەبیتە میوانی پیرلاشێز. تۆ پێنووسی پاراوی پەنا حەمەدۆک و دان چەرمۆی! تۆ لە شۆڕشی نوێی ڕۆژهەڵاتدا لە دایک بوویتەوەو بوویتە کەماڵی سیاچاڵەکان و شێخ غەریبی حەسەنی و لە ئێوارەیەکی خوێناوی گردێنەدا بە دیار تەرمی هەمزە سارکەیی قارەمانەوە گریاییت و کۆتا دیمەنی قادر نەزمیت بۆ چاوەڕێی کچی بردەوەو پەیامی قالە سوورت گەیاندەوە یاری نازدار و ڕەشپۆشی! تۆ بوویتە زامی ئاویەر و شاهۆ و حەمەی نەدیمی و بێهروزت پێشکەشی کاروانی سوورخەڵاتان کردن... باڵات کرد و بوویتە هەژاری قاسمی و ڕەسووڵ لیلانەیی و ئێستاش وەک شەبەقی خۆرەتاو بێ پسانەوە ئەدرەوشێیتەوە! تۆ هەتاوێکی بێ ئاوا بوون! بەفرێکی بێ توانەوەو سەنگەرێکی بێ گیران و ترپەیەکی بێ وەستانی! ئەی پێشمەرگە تۆ سەرۆکی وەک پێشەوا و ڕێبەری وەک قاسملوو و مەزنی وەک شەڕەفکەندی و شەهیدی وەک هەموان! تۆ پێشمەرگەیت و باڵات هێندەی باڵای فیداکاری و نەسرەوتن و نەبەزینە. ڕۆژتان پیرۆز ئەی پیر و لاوانی سەنگەرەکانی هەرمان. ڕۆژتان پیرۆز

 

بابەتی پێوەندیدار: