بەرابەر بە |

"مانگا سوور و چەقۆی ئامۆژنم"

s_580_300_16777215_00_images_qilaoqanj_13912774_10201946284574594_5109433856705890212_n.jpg

نووسینی: هەمزە ئاگوشی-
بە زیندوویی چاوان و پێش کۆچی دوایی، نەنکم لە بەشە ماڵی خۆی مانگایەکی سووربەڵەکی بە گوێلکەوە پێشکەشی بابم کرد. سەرەڕای پرتەپرت و بۆڵەبۆڵ و مینگەمینگی میراتگران، مانگا و گوێلک بە گوریس و گوێلەوسار و دوو خەشە کا و بنەتەلیسێک پەڵخوڕەوە لە تەویلەی ماڵە باپیرمەوە گوێزرانەوە تەویلەی ماڵە خۆمان و ئیدی ئەوجار ئێمەش بووینە خاوەنی کیتەڵە ماست و چی دیکە حەوجێی ئەم و ئەو نەبووین. ئەدی ئەوجار ئێمەش وەک خوداپێداوەکانی گەڕەکێ جێ پەین و سەرگوێلکی خۆمان هەبوو و بابۆڵە رۆنمان بە دەستەوە بوو. مانگاسوورمان لێ بوو بە کونە رسق و رۆژ دەگەڵ رۆژ خۆشەیست و خۆشەویستتر دەبوو. دایکم بە نارە نار و گۆرانیگوتنەوە دەیدۆشی و بە پشت خوراندنەوە گوێلکەکەی تێبەردەدا و دەیلاواندەوە. مەلابانگدانێ قیت دەبووەوە، قۆڵچاغە هەڵدەکێشا و بەرهەڵبێنەی لە خۆی گرێ دەدا و لێیان وەخۆ دەکەوت... بەرپێی دەماڵینەوە.... ئاوی دەدان... ئاخوڕی خاوێن دەکردنەوە...تفاقی دەپێش دەکردن. هێندەی دڵ پێوە بوون، کوژەکەی شینی بە نێوچاوانی مانگاسوورەوە هەڵواسیبوو....
ئەو شایی و لۆغان و جیفڕکلێدانەمان زۆری نەخایاند. هێندەی نەبرد سەوەتە ریخ بە سەغیری پاڵی وەلا شیپانی دەرکە دا و هەر دەهات و بەستە و گۆرانییەکانی دایکم حەزین و حەزینتر دەبوون.
زستانێکی تووش و سەخڵەت بەسەردا هات... بەفر لە چۆکان بوو. شەختە و سەهۆڵبەندانێک بوو تفت هەڵاویشتبا دەیبەست... غایەتێکی دیار بوو مانگاسوور کەیفی جارانی نییە و خواردنی لە کەمی داوە. رۆژ دەگەڵ رۆژ لاوازتر دەبوو... وای لێ هاتبوو ئێسکی پەراسووانی دەبژێردران. پێوەی دیار بوو گرفتێکی گەورەی هەیە و تەواو لە لەوەڕ کەوتبوو. وردە وردە بە تەواوی نەخۆشییەکەی لێ وەدرکەوت و لەپێی خست. هەموو لایەک بۆی بەخەم بووین. دایکم ئاراوقاراوی لێ هەڵگیرابوو. لەبیرمە، دایکم شەوانە کۆنە لێفەی پێدادەدا و سۆبەی عەلادینی لە تەویلەدا بۆ هەڵ دەکرد. لە لای "مەلا عەلی" نووشتەیەکی گەورە و گرانی بۆ نووسیبوو. زۆر شەوان لەسەری دەگریا و پێی هەڵدەگوت. دەیگوت چاووزار کاری لێ کردووە. دەیگوت چاویان پێ هەڵێناوە...دوعای دەکردن.. سینگی خۆی دەکوتا. هاواری دەکرد: "ئۆ رەببی خودایە ئەوەی ئەوەندە رسقەی بەو تفڵانەی منەوە رەوا نەدی، گول و کوێری کەی...، ڕەببی خۆشی لە خۆی نەبینێ و دەست و لاقی بە قوونییەوە نووسێن..."
بەیانییەکی زوو، بە شین و رۆڕۆ و هاوار هاواری دایکم لە شیرین خەو راپەڕین. بە هەردوو چەپۆکان بە خۆی دادەدا و هاواری دەکرد: "دەک سەڵاو و قەت کەسم نەما....هەستن ماڵمان خەرا بوو....هەستن چاوی دێڵە سەگێ کاری خۆی کرد...
هەستن شیری سەر تەندوورێمان ڕۆۆۆۆۆۆ، کەشک و شیرێژەوڕۆنمان ڕۆۆۆۆۆ، مەشکە و سەلکە پەنیرمان رۆۆۆۆ، پێخۆری تفیلانم ڕۆۆۆ....". بە چلەی زستانێ لێمان قەوما. هەرچی دەروجیران و خزم و خێڵ بوو وەسەر ماڵێ گەڕان. دایکم شینێکی لەسەر تەرمی بێ گیانی مانگاسوور دەگێڕا، کافری بۆ موسوڵمان دەبوو. دەتگوت ئازیزێک و خۆشەویستێکی دیکەی بە گوللەی گەرمی دەحەجەمان گلاوە....ژنان بە دەوری دایکمەوە کۆزیلەیان بەستبوو و دڵخۆشییان دەداوە...دەیانگوت: "بۆ خۆتان سەلامەت بن... زۆر شکوور بە کاری خودای... توخودا خۆتان ناڕاحەت مەکەن، سەر سەلامەت بێ ماڵی دنیایە هەر دەبێتەوە...". خاڵم کە هەتا بڵێی پیاوێکی کونجکۆڵ بوو، وەک ئەوەی کە بەشی پشکنینی پزیشکی لە زانکۆی کالیفۆرنیا تەواو کردبێ، لەو ئان و ساتەدا بیری بۆ پشکنینی پزیشکی چوو بوو و داوای چەقۆی کرد هەتا ورگی مانگاسوور هەڵدڕێ و بزانێ هۆکاری نەخۆشی و مرداربوونەوەکەی چ بووە. لە ماڵە خۆمانەوە چەقۆیەکیان بۆ هێنا، هەرچی کردی و کراندی لەبەر کولییان پێستی مانگا سووری نەکرد. پەنایان بۆ ماڵە مامم برد و لە ماڵە ماممەوە چەقۆیەکی "زەنجان"ی سێ ئەستێرەیان بە پڕتاو گەیاندێ. خاڵم قۆڵی لێ هەڵکرد و ورگی مانگای هەڵدڕی. هەموو ئەو خەڵکە بەسەر سەرییەوە راوەستابوون و چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکیی خاڵم بوون. دوای بەدواداچوونێکی ورد و پشکنینێکی زۆر، ئاکامی لیکۆڵینەوەکانی خاڵم دەریخست کە هۆکاری مرداربوونەوەی مانگاسوور، خواردنی "تێل" بووە و هەر ئەوەش کاری کردووەتە سەر جەرگ و هەناوی. لە ناو ئاپۆڕای شین و گریاندا بە چەند پیاوان مانگایان دەپشتی تەراکتۆرێکی ماڵە جیرانێکمان کرد و بردیان لە دەرەوەی دێ فڕێیان دا. ئیدی مانگاسوور ئەوجار بۆخۆی بوو بە پێخۆری سەگە بەرەڵڵاکانی دێ.
چەند رۆژێک دوای مەرگی مانگاسوور، ئامۆژنم منداڵێکی ناردبوو بۆ چەقۆکەیان. دایکم سەروبنی ماڵێی لێک دا، چەقۆی نەدیتەوە. هەر بەو منداڵەدا خەبەری داوە کە چەقۆکەی ناردووەتەوە. ئامۆژنم بۆ خۆی بەدوای چەقۆدا هات و لە دایکم سوێند و لە ئامۆژنم سوێند... ئەو دەیگوت ناردوومەتەوە، ئەویان دەیگوت نەهاتووەتەوە..... کار گەیشتە جێیەک کە یەکتریان بە بوختانچی و دز تۆمەتبار کرد... پەیوەندییەکانی ئێمە و ماڵە مامم گرژییان تێکەوت. کێشەی دایکم و ئامۆژنم شۆڕبووە بۆ خوارێ و منداڵەکانیشی گرتەوە.... قسە و قسەڵۆک دەستیان پێکرد... دەروجیران خۆیان خزاندە ناو قسە و باسەکان و بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون و هەر یەک پشتیوانی لە لایەک دەکرد و هاوکات هەشبوون ئاورەکەیان خۆشتر دەکرد. کەلێنە دیواری ماڵی ئێمە و ماڵە مامم جارێکی دیکە بە بەرد هەڵچندرایەوە. هاتوچۆ نەما...رۆژێ هەر مۆڕە مۆڕ لە یەکتر و تانە و تەشەر لەیەکتردان بوو. لێفەی کۆن لەسەر هەتیوان هەڵدەدرایەوە و شت بە چاوی یەکتر دادەدرایەوە. منداڵەورکەیان تێک بەردابوون... لێکتریان تیژ دەکردن. کەس بیری لەوە نەدەکردەوە کە ئەو دوو بەرەبابە پێشتر یەک خێزان بوونە و منداڵەکانیان هەموو لەژێر یەک میچ و لە قوژبنێکدا گەورە بوونە. هیچکامیان بیریان بۆ چارەسەری کێشەکان نەدەچوو. تا ئەوەی کە: مانگێک دوای مرداربوونەوەی مانگاسوور، خزمێکمان چەقۆی ئامۆژنمی لەنێو کەلاکی بۆگەنیو و سەگخواردووی مانگا سووردا دیتەوە و دایکم و ئامۆژنم و ئەو دوو بەرەبابە، جارێکی دیکە.....