بەرانبەر بە |

حوسێن یه‌زدانپه‌نا: "کۆنسوڵی یه‌کێک له‌ وڵاتان پێشنیاری ئه‌و مانگرتنه‌ی به‌ کاک عه‌لی قازی کرد"

s_280_160_16777215_10_images_10998667_885088358179800_2298205408741870972_n.jpgدیمانه‌: رۆژهه‌ڵات تایمز
وه‌ک هه‌ڵوێستێک دژ به‌ ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان که‌ پرسی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌، ماوه‌ی دوو رۆژ بوو واته‌ له‌ رۆژی 26ی گه‌لاوێژه‌وه‌، عه‌لی قازی سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان، له‌ بینای په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستاندا مانی گرتبوو و داوای ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ ئه‌م پرسه‌ به‌ سازان و لێکتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بکرێ. رۆژی 28ی گه‌لاوێژ باری ته‌ندروستی عه‌لی قازی تێک چوو و گوازرایه‌وه‌ بۆ یه‌کێک له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی شاری هه‌ولێر. سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ و بارودۆخی ته‌ندروستیی کاک عه‌لی قازی، "رۆژهه‌ڵات تایمز" په‌یوه‌ندی به‌ حوسێن یه‌زدانپه‌نا جێگری سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستانه‌وه‌ کرد و چه‌ند پرسیارێکی ئاڕاسته‌ کرد که‌ سرنجتان بۆ ده‌قی ئه‌و دیمانه‌که‌ راده‌کێشین:
*ماوه‌ی دوو ڕۆژ بوو که‌ کاک عه‌لی قازی سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان له‌ ناو په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستاندا مانی گرتبوو و داوای له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێم کرد که‌ پرسی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ سازان و لێکتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بکه‌. به‌ڵام ئه‌مڕۆ بارودۆخی ته‌ندروستیی کاک عه‌لی تێک چوو و بڵاو کرایه‌وه‌ که‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌. ئێستا باری ته‌ندروستی کاک عه‌لی چۆنه‌؟

-کاک عه‌لی قازی 83 ساڵی ته‌مه‌نه‌،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا که‌شوهه‌وای کوردستان گه‌رمه‌ و ره‌نگه‌ بۆ ته‌ندروستی و ته‌مه‌نی کاک عه‌لی گونجاو نه‌بێ، که‌چی له‌ ناخی دڵه‌وه‌ وه‌ک که‌سێکی نیشتمانپه‌روه‌ر زۆر به‌و دۆخ و ئاڵۆزییه‌ سیاسییه‌ نێوان هێزه‌ سیاسییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ پرسی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم نیگه‌رانه‌، هه‌ر بۆیه‌ بڕیاری دا که‌ له‌ناو په‌رله‌مانی کوردستان مان بگرێت و په‌یامی خۆی بگه‌یه‌نێته‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان و داوای سازان و رێککه‌وتن بکات. به‌داخه‌وه‌ سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 27ی گه‌لاوێژ، باری ته‌ندروستی کاک عه‌لی قازی تێک چوو و هه‌ر زۆر زوو له‌ لایان هه‌واڵه‌کانی ئێمه‌وه‌ که‌ له‌ نزیکه‌وه‌ چاودێری ده‌که‌ن، گواستراوه‌ نه‌خۆشخانه‌ و ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یدا که‌ له‌ژێر چاودێری پزیشکیدایه‌، به‌ خۆشییه‌وه‌ باری ته‌ندروستی جێگیرتر بووه‌.
*ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی کاک عه‌لی قازی ، هه‌ڵویستی شه‌خسیی خۆی بوو، یاخود ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستی پارتی ئازادیش بوو؟ -
کاک عه‌لی به‌ دوو سیفه‌ت ده‌ستی داوه‌ته‌ ئه‌م مانگرتن و هه‌ڵوێسته‌! یه‌که‌م، به‌ سیفه‌تی ئه‌وه‌ی که‌ کوڕی تاقانه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌دە، دووهه‌م به‌ سیفه‌تی ئه‌وه‌ی که‌ سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستانه‌. ئه‌گه‌ر به‌ سیفه‌تی یه‌که‌م سه‌یری بکه‌ین، پەیامی جەنابی کاک عەلی لەو مانگرتنە ،‌ درێژه‌ی هه‌مان په‌یامی پێشه‌وایه‌ که‌ له‌ کاتی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستاندا پێشه‌وا ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆی دا بۆ یه‌کگرتوویی و یه‌کڕیزی ناو ماڵی کورد که‌ ئه‌وکات کێشه‌ و ئاڵۆزی له‌ چوارچێوه‌ی حێل و عه‌شیره‌ته‌کاندا بوو. هه‌روه‌ها له‌ وه‌سییه‌تنامه‌که‌شیدا داوای‌ یه‌کگرتوویی و برایه‌تی و یه‌کڕیزی نه‌ته‌وه‌یی کردووه‌ و نه‌ته‌وه‌که‌ی له‌مه‌ ئاگادار کردووه‌ته‌وه‌ که‌ دوژمن ته‌نیا له‌ درزی کێشه‌ و ئاڵۆزییه‌ نێوخۆییه‌کانه‌وه‌ ده‌توانێ زه‌فه‌ر به‌ کورد به‌رێ. کاک عەلی وەک کوڕی پێشەوای نەمر، بۆ خۆی به‌ ئه‌رک و ماف ده‌زانێ که‌ بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی په‌یامی باوکی خۆی که‌ سه‌رۆککۆماری کوردستان بوو، تێبکۆشێ. دووهه‌م، له‌ باری حقوقیشه‌وه‌ و به‌ سیفه‌تی ئه‌وه‌ی کاک عه‌لی سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستانه‌ و ئامانجه‌کانی پارتی ئازادیی کوردستانیش هەمان ئامانج و ئاواتەکانی پێشەوایە ، حه‌ز ده‌کات هه‌وڵ بدا بۆ گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه‌ به‌ هێزه‌ سیاسییه‌کانی باشووری کوردستان.
* ئه‌گه‌ر باری ته‌ندروستیی کاک عه‌لی قازی جێگیرتر بێ، ئاماده‌یه‌ دیسانه‌وه‌ درێژه‌ به‌و مانگرتنه‌ بدات؟ -
ئه‌گه‌ر تا کۆتایی 19ی ئه‌و مانگه‌ ئه‌و پرسه‌ چاره‌سه‌ر نه‌بێت، بێگومان درێژه‌ به‌ مانگرتنه‌که‌ی ده‌دات و هه‌موو وزه‌ی خۆی بۆ ئه‌و ئامانجه‌ پیرۆزه‌ به‌کار دێنێ.
* هێندێک هێز و لایه‌ن و که‌سایه‌تی پێیانوایه‌ که‌ ئه‌و مانگرتنه‌ی کاک عه‌لی قازی، هاندان و ده‌ستی لایه‌نێکی دیکه‌ی باشووری کوردستانی له‌ پشته‌، وه‌ڵامتان بۆ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ چییه‌؟
-حه‌ز ده‌که‌م بۆ مێژوو ئه‌مه‌ بڵێم.ئه‌و بڕیاره‌ شه‌وی شه‌ممه‌ له‌سه‌ر یه‌کشه‌ممه دراوە‌، بێجگه‌ له‌جەنابی کاک عه‌لی و من و کۆنسوڵی یه‌کێک له‌ وڵاتانی دۆستی کورد، هیچ که‌س و هێز و لایه‌ن و حیزبێک لێێ ئاگادار نه‌بووه‌. ئه‌و بڕیاره‌ی کاک عه‌لی، له‌سه‌ر بنەمای پێشنیاری کۆنسوڵی یه‌کێک له‌ وڵاتانی دۆستی کورد بوو که‌ پێشنیاری به‌ کاک عه‌لی کرد له‌ پێگه‌ و که‌سایه‌تی خۆی که‌ڵک وه‌ربگرێ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسه‌ی که‌ ماوه‌یه‌که‌ شه‌قامی کوردستان و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانی کوردستانی به‌ خۆیه‌وه‌ سه‌رقاڵ کردووه‌. دوای ئه‌م پێشنیاره‌، کاک عەلی و پارتی ئازادیی کوردستان دیراسه‌ی پێشنیاره‌که‌مان کرد و ئه‌م هه‌نگاوه‌مان پێ دروست بوو و پێمان باش بوو کاک عه‌لی ئه‌و هه‌نگاوه‌ هه‌ڵبگرێ که‌ هه‌ر واش بوو.
*ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی کاک عه‌لی قازی رووی لە کێیه‌؟
- بەرێز کاک عه‌لی قازی هەنگاوەکەی بە وردی هەڵگرتووەتەوە کە نەبێتە بەشێک لە کێشەکە و لە ناکۆکیی نێوان لایەنەکانی ئەو کێشەیە، نەوەک پارتی ئازایی کوردستان و نە وەک خۆی تەڕەف نەبێ. هەر بۆیە بەڕێزیان رووی لە کەس و فراکسیۆنێکی دیاریکراوی پەرلەمان نەکردووە، ئەو چووەتە هۆڵی پەناگیریی پەرلەمان مانی گرتووە. مانی گرتووە تەنیا بۆ ئەوەی هێزەکان بسازێن و لێک نەترازێن. کاک عه‌لی چووه‌ له‌ بینای په‌رله‌مانی کوردستانه‌وه‌ هاوار له‌ حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و فراکسیۆنه‌کانی ناو په‌رله‌مان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بکات که‌ قه‌یرانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ سازان و به‌ بێ لێکترازان چاره‌سه‌ر بکه‌ن و له‌ راستای یه‌کگرتوویی و هاوئاهه‌نگیدا هه‌نگاو هه‌ڵبگرن، بۆیە هەر جۆرە دەنگۆ و تەفسیر و لێکدانەوەیەک بێجگە لەوەی باسم کرد، لەم هەنگاوەی جەنابی کاک عەلی رەت دەکەمەوە.