بەرانبەر بە |

"فیت پەمپ"

s_280_160_16777215_10_images_qilawqanj.jpgرۆژهه‌ڵات تایمز: قیله‌وقانج

لە عێراق - بە پەمپێک دەگوترێ کە بە "فیت"ێک، بەنزینی لە باکی ترۆمبیلەوە بەرەو مەکینە ڕادەکێشێ.
لە ئێران- بە بەشێک لە دەسەڵات دەگوترێ کە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی هەر جارە " فیت"ێک، دروست دەکا.


لە عێڕاق- ئەگەر بەنزینەکە خشت و خاڵی تێکەڵ بێ، ئەوە پەمپەکە لە فیتلێدان دەکەوێت و باشووری گوتەنی: دەوەستێت، ئیتر ترومبیلەکەش بەنزینی پێناگا و دەکوژێتەوە و دەبێ فیتپەمپێکی نوێی وەسەر بخەن.
لە ئێران- ئەگەر"فیت"ەکە نەیتوانی ڕای گشتی بەلاڕێدا ببا، لە جیاتی پەمپەکە، خێرا "فیت"ەکە دەگۆڕن.
لە عێڕاق- بە هۆی خراپی بەنزینەوە، هەموو شۆفیرێک بۆ دڵنیایی، فیتپەمپێکی نوێی لە گیرفاندایە، بۆ گۆڕینیشی پێویستی بە مکانیک نییە، چونکە ئەوەندی لێ خرابووە، بە چاوی بەستراوەوه‌ لە سێ چرکەدا دەتوانێ بیگۆڕێ.
لە ئێران- بە هۆی گەمارۆی ئابوورییەوە، دەستکاریی پەمپەکە ناکەن و "فیت"ەکە دەگۆڕن.
بۆ نمونە:
١-پێش شەڕی ئێران و عێراق، دەیانگوت: ئەوە "فیت"ی ئامریکایە، دەنا کورد سەری لە دێموکراسی و خودموختاری و شتی وا دەرناچێ!
٢-لە گەرمەی شەڕی ئێران و عێڕاقدا، دەیانگوت: ئەوە"فیت"ی حیزبی بەعسە، دەنا کورد کەنگێ جورئەتی هەبووه‌ لەگەڵ ئێران شەڕ بکا؟
٣-لەو ڕۆژانەدا دەڵێن: ئەوە "فیت"ی سعودیە، دەنا ئەوانە بە حەیاتیان ناوی قەندیلیان نەبیستووە و ناشزانن ڕێگای کوێستانەکانی هەڵگورد و کێلەشین بە کوێدایە.
...........................................
مێژووی "فیت"
مێژووی "فیت" دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەستەڵاتی حەمەڕەزا که‌ نزیک بە حەفتا ساڵ لەوە پێش، دەیگوت: ئەوە "فیت"ی عروسە سوورەکانە، دەنا کورد کەنگێ زانیویه‌تی حزب دابنێ و کۆمار دابمەزرێنێ.
.....................................
پێشبڕکێ:

ئەو کەسانەی بتوانن لە سەت خاڵی هاوبەش زیاتر، لەنێوان "فیت پەمپ"ی عێراقی و ئێرانیدا ببیننەوە، لە لایەن کەمپەینی یەکی بەفرانبارەوە، شەڕەفی گووتنەوەی ئەو شیعرەیان پێ دەبەخشرێت، ئەویش بە بێ دابڕان بۆ سێ جاران لەسەر یەک:
نان و پەنیر و ترێ
حزب دەبێ یەک بگرێ
..................
بەر لە خودا حافیزی:
ئەو بابەتە لە لایەن "قیلەوقانج"ەوە، پێشکەشە بە روحی دوو شەهیدی قەفەسشکێن، شه‌هیدان "قادر کەریمی" و "مەنسوور ئاروەند".