بەرانبەر بە |

"دیلی بەلاش"

رۆژهه‌ڵات تایمز: قیله‌وقانج:s_280_160_16777215_10_images_qanju_qile.jpg


بۆ جەژنە پیرۆزە لە هاوڕێیانم، چووبوومە کۆیە! لە پشت دیواری خەستەخانەی "ئازادی"، تووشم بە تووشی یەکێک لە فەرماندە دێرینەکان هات، ماشێن حیسابێکی (حاسیبە) بەدەستەوە و بە خەستی خەریکی حیسابات بوو.
-فەرماندە! جەژنت پیرۆز، دەڵێی بوویە ژمێریار؟
+کوڕە ژمێریاری چی؟ ئەوە حیسابێ دەکەم!
-چی حیساب دەکەی؟
+حیسابی ئەو دیلانە دەکەم کە بە بەلاش بەرمان داون.
-بۆ بەو زووانە دیلتان گرتووە؟
+هەتی، ئی ئێستا ناڵێم، هی زەمانی قەدیم.
- فەرماندە! تێناگەم باسی چی دەکەی؟
+حیسابم کردووە، ئەوکات ئەگەر بۆ ئازادکردنی هەر دیلێک دە هەزار "تمەن"مان لە کۆماری ئیسلامی وەرگرتبایە، ئێستا شەش تەلەفزیۆنی ئاسمانی و دوازدەی سەر عەرزیمان دەبوو.
-ئەو بیرۆکەیە بە کوێدا هات لە مێشکتەوە؟
+لە قسەکانی موحسین ڕەزایی (فەرماندەی جارانی سوپای پاسداران و دەبیری ئەنجومەنی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزامی ئێستا).
- بۆ چی گووتووە؟
+گووتوویەتی، ئەگەر ئامریکا هێرش بکاتە سەر ئێران، لە حەوتووی یەکەمدا هەزار دیلی لێ دەگرین، دوایی هەر دیلێکی بە چەند ملیۆن دۆلار پێ دەفرۆشینەوە، ئیتر هەموو قەرزەکانمانی پێ دەدەینەوە.
-فەرماندە، تازە وەدوای چووان مەکەوە، با لەوە زیاتر سەرت سپی نەبێ.
..........................
پرسیار
وشەی"خاشەبڕ" کێها لەوانەی خوارەوە دەگرێتەوە؟
١-ئەوەی گەرمای هاوینی ئەوساڵ بە کەمپەینی یەکی بەفرانباری کرد؟
٢-ئەوەی بەنزینی پیس لە باشوور، بە گیرفانی شۆفیرانی کرد؟
٣-ئەوەی سەفەرە یەک بەدوای یەکەکانی بەڕێوەبەرانی به‌ سایتی "ڕۆژهەڵات تایمز"یان کرد؟
هەرکەس وه‌ڵامی ڕاستی زانی، بۆ خۆی زەحمەت بکێشێ و تا وڵاتی ئەفغانستان بڕوا و لە نزیکترین بنکەی تالیبان، چەپکێک گوڵی" خاشخاش" وەربگرێ.
........................
کۆمێنتی شەو
مامۆستا کامەران شافیعی:
زۆر دەترسم
پەنجەمۆرم لەسەر مەمکەکانت
دەرکەون
هەموو شتێکم لێ ئاشکرا بێت
ڕاوم بنێن
لە غەریبیش ئاوارە بم
****
قیلەوقانج: ئەوجار هیچ! جارێکی دیکە کە چوویەوە، جووتێک پەنجەوانە لەگەڵ خۆت ببە.
.......................
بەر لە خودا حافیزی
ئەوەش جەژنانەی تایبەت لە "قیلەوقانج"ەوە بۆ یەکێتییەکانی ژنان و ئافرەتان و هەموو ژنانی کورد...
چونکە پارە و مارەمان نەبوو، نەمانتوانی بە مۆسیقا و کلیپ پێشکەشتانی بکەین، هەر وا بەڕووتی قەناعەت بکەن و لەسەر ئاهەنگی"های های عەزیزخان... سەرداری کوللی قوچان" بۆ خۆتانی بڵینەوە!
هەموو لایەکتان جەژنتان پیرۆز و هەر بمێنبن بە خێر وخۆشی.
نازانم من جل شۆرم ،یان گه‌سکی کارەبایی
یان خزمەتکاری هۆتێل، بە بێ مووچە و خۆڕایی
وەخت و ناوەختم نییە، کارم هەتا هەتایی
من ژێردەست و فەرمانبەر، مێردیش دەکا ئاغایی
سی ساڵ، چل ساڵ، پەنجاساڵ...
تاکەی بژیم ئاوایی؟
هۆپ هۆپ عێززەت خان، دوژمنی گەورەی ژنان
بە بێ سوچ و بێتاوان، دنیات لێکردووم زیندان
****
خۆ ئه‌من سیاسی نیمە لە زیندان ئیتتلاحات
بۆ هەر جێگایەک بچم، ئیجازەم دەی بە سه‌عات
تا چەند لە قەرەنتینە، دەرکەم لێ بکرێ قەپات
مێشکم دەکا قوڵتەقوڵت، وەکوو مەنجەڵ وەکوڵ هات
سی ساڵ، چل ساڵ، پەنجاسال...
تاکەی دوور بم لە ئاوات؟
هۆپ هۆپ عێززەت خان، دوژمنی گەورەی ژنان
بە بێ سوچ و بێتاوان دنیات لێکردووم زیندان
****
ژیانی هاوبەش دەبێ تەرازۆکەی یەکسان بێ
نە یەک لەسەر خاک و خۆڵ، ئەوی دی لە ئاسمان بێ
دەست بدەینه‌ دەستی یەک، با ئەو دنیایە جوان بێ
مێرد بۆ ژن و ژن بۆ مێرد، هاوڕاز و پشتیوان بێ
سی ساڵ، چل ساڵ،هەزار ساڵ...
ئەو ماڵە ئاوەدان بێ!
هۆپ هۆپ عێززەت خان، هه‌ڵیته‌کێنه‌ به‌ شان
یان دەگری ڕێزی ژنان، یان بگرە لینگە کەوشان