بەرانبەر بە |

"هەرزانە بازاڕ"

رۆژهه‌ڵات تایمز: قیله‌وقانج؛s_280_160_16777215_10_images_qilaw_qanji2015.jpg
هیچ بەدووری مەزانن لەو ڕۆژانەدا کاک "جەواد زەریف"، سەردانێکی بۆکان بکا بۆ وه‌ڵامدانەوەی ئەو هەموو خۆشەویستییەی کە نوێنەری بووکی موکریان لە پارلەمان، بەرامبەر ئەو هەیبووە! هیچیش پێتان سەیر نەبێ ئەگەر ئەو وەزیرە زەریفە، لەسەر حیسابی گیرفانی خۆی ترومپایەکی دەسک زێڕی سەردەمی ئەحمەدشای قاجار کە بە وزەی ئەتۆم کار دەکات بۆ حەوزە گەورەی ئەو شارە بەدیاری بهێنێ.


هەڵبەت نوێنەری بەڕێزی شاری بۆکانیش کەمی بەو وەزیرە نەداوە، چونکە ناوبراو بە بێ هەڵبژاردن و بێ ڕاوێژکردن لەگەڵ ڕەئیس پاسگای "قەرە موسالی" یان ئەنجوومەنی "کول ئاباد"، گوز و گومبەد بە بۆنەی پێکهاتنی ئەم دواییانەی ئێران و ئەمریکا، خەڵاتی ئاشتی نۆبێل، یا نۆبێلی ئاشتیی، بە ئاغای زەریف بەخشی.
کاردانەوەی ئەو کارەی وەزیر، نا بمبوورن... نوێنەری شاری بۆکان و بەخشینی لەناکاوی ئەو خەڵاتە، سنورەکانی ئەو شارەی بەزاند و شاری سەقزیشی گرتەوە. بە شایەدیی شایەتحاڵان، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو کارەی نوێنەری بۆکان، ئاسمان لە خۆشییان گوڕ گوڕ فرمێسکی شادیی هەڵوەراند و لە ئەنجامدا لافاو بەشێکی زۆری ئەو دوو شارەی گرتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا بەرپرسی پڕکردنەوەی گۆلی ورمێ، ڕەخنەی توندی لە نوێنەرانی ئەو شارە لە پارلەمان گرت و گوتی: ئەگەر ئەوان لە جیاتی نوێنەری بۆکان، داوای خەڵاتی ئاشتیی "نۆبێل"یان بۆ ئاغای زەریف کردبا، لە جیاتی سەقز و بۆکان ئەو لافاوە لە ورمێ دەهات و بەشێکی بەرچاو لە ڕووبەری ئەو گۆلەی پڕ دەکردەوە.
بەشی پێوەندییەکانی "هەرزانە بازاڕ"ی "قیلەوقانج" هەر لێرەوە هەموو پارلەمانتارانی دنیا ئامۆژگاری دەکات و پێشنیاریان پێدەکات لە جیاتی پەلکێشکردنی وەزیران بۆ لێپیچینەوە و خوڵقاندنی کێشە و ناکۆکی لە پارلەمان، وەکوو پارلەمانتارەکانی شارە کوردییەکانی ئێران بۆ بەهیزکردنی پێوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەت و کابینە، هەر جارە بۆ وەزیرێک داوای خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بکەن.
......................
پێشبڕکێ
بە بێ هیچ پرسیارێک بڕیارمان دا هەروا لەو گۆڕە بە ئارەزووی دڵمان ئەو کەلوپەلانە بە شێوەی تیر وپشک (شانس و بەخت) ببەخشین بە دوو کەسی یەکەم...
١-قەننەی "ناسرەددین شا" لەگەڵ کیلۆیەک ڕەژوی ئەتۆمی...
٢-کیسە و لفکەی "خوڕرەم سوڵتان" لەگەڵ قەدیفەیەکی سەردەمی عوسمانی...
مەرج بۆ بەشداریکردن:
١-دەبێ پارلەمانتار بی!~
٢-بە حەیاتت لەگەڵ هیچ وەزیرێک دەمەقاڵەت نەبووبێ!
٣-بە قسە و باسان، کاتی په‌رلەمانت زۆر نەگرتبووبێ!
.................
هەرشاد و بەختەوەر بن