بەرانبەر بە |

وێنەژان!

s_280_160_16777215_10_images_11704896_869200966448566_2386985456195770410_n.jpgرۆژهه‌ڵات تایمز: ئاسۆ خه‌بات
دوازدە پاییزم بژاردبوون، تازە پۆلی پێنجم تەواو کردبوو، وەک بڵێی خۆم دەمزانی تازە خوێندگا نابینمەوە! لە گەڵ ماڵە مامان بوومە بەردەستی"شاگرد" کورەخانە! ساڵی ۱۳۷٥ لە گوڵپایەگان بووین، خشتەکان گەورە بوون و دەستم بچووک! ڕۆژانە خەریکی ماسە و پاستا و و فەنەران بووم! هەموو دەستم بزڕ بزڕ ببوون! قەڵشی بوون و خوێنیان لێدەهات! ئێواران پورە شەمام و ژنانی تری دایکشێوە بۆیان تیمار دەکردم و برینی بێ دایکیان دەکولاندمەوە یان بۆیان دەپێچام! لەوێ بوو تراژیدی ژن بوون و شەرمی پیاو بوونم لێ نیشت! فاتم دوو گیان بوو! لە سەر مانگ و ڕۆژی خۆی بوو، بەڵام ماڵی مێردی نەیاندەهێشت لە ماڵێ بێ! ئەو نەیدەتوانی قالبەکە بە زگییەوە نێ! بە کەلەکەی وەدەنووساند! فاتم لە سەر قالب و نێو فەنەرانیدا منداڵ بوو! ئای لەو شوورەییەی کەوتە نێوچاوانی ژین! کورە جەهەنەمی ژنانە!

ساڵی حەفتا وشەش لە خاتون ئابادی تاران بووین! گەورەتر ببووم.. لە سەعاتی دوو و سێی بەیانیڕا تا حەوت و هەشتی شەو کارمان دەکرد! هەموو ڕۆژێش لێیان دەدام! نا نا، لە بەر ناڕەسەنی و بزۆزیانم نەبوو! جاری وابوو لە سەر گۆرانی و پێکەنینێک! هێندێ جاریش لە سەر مۆنی و گریانێ! بڵێم چی، لە شانسی من خاوەن ماڵ لەتە سێوی پیاوە نێرسالارەکان بوو کە دەبوو بوەشێنێ!
دەبوو خشتان ببڕم! فەنەران بکەم، پاستاوان پڕ کەمەوە! ماسە بێنم، ئاهەک دابێژم! ئاهەکیش دەست و پێی کون کون دەکردن! دەست و پێمان وەک بێژینگیان لێ هاتبوو!
ساڵی دواتر لە نەزەر ئاباد بووین و بۆ یەکەم جار ئاشق بووم! ئاشقی چی ئاشق! هەموو ئاشقایەتی ئێمە ئەوە بوو ئەمن تووم لێدەکردنەوە و ئەو دەیخواردن! هیچمان هیچن نەدەزانی! بەس دەنزانی ئاشقین! ساڵی حەفتا و هەشتیش چوومە کورێ و هەڵاتمەوە!
هاوینی هەشتا و پێنج لە گەڵ ماڵی خۆمان چوومەوە کورەخانێ! ئەوێ ساڵێ خۆشتر بوو! کەس لێی نەدەدام. ئیتر مناڵ نەبووم! دزی باغ و بەر و بێستانی چاکمان کرد، گەلێ هەڵپەڕین و پێکەنین... بەڵام هیچ کات کورەم بە کاری مرۆڤ نەزانیوە! نەک ئەوانەی لەوێن پێم مرۆڤ نەبن، نا، ئەوانەی دەیکەن غەدر و زوڵمێکی گەورەیان دەرحەق دەکرێ! بۆ زانین، تەنیا کوردەکان و ئەفغانی و مەشەدیە سوننەکان نەبێ هیچ نەتەوە و نژادێکی تر لە کورەخانە کار ناکات و خشتان نابڕێ!
کورە خانە سەرچاوەی نەخۆشیەکانی تا ئێستامەو برینەکانی لێدان هێشتا بە لەشمەوە دیارن! یادت و ناوت ڕەش و تفت و تاڵ!