بەرانبەر بە |

تاڵترین ڕۆژ-٢٤ی گەلاوێژ

s_280_160_16777215_10_images_11830816_880680081967321_942574073_n.jpgرۆژهه‌ڵات تایمز:ئاسۆ خه‌بات

تازە سمکۆ عەباس تاهیر لە ماتۆڕی بەرببۆوە و لە هەولێر لە کۆما دابوو. هەمووان دڵیان لای سمکۆ بوو و منیش! زۆرم پەرۆش بوو، ئەو یەکێک لەو دەیان برایانەم بوو کە سوڕی ژیان لە شۆڕشدا پێی بەخشیبووم! دەیان و سەدان بیرەوەری خۆش و ناخۆشمان هەوێنی گریان و نیوە نوزەکانی پاش سمکۆ بوون!

 

دەمێک بوو تیمی "ڕەبەت" بە فەرماندەیی کاک هەمزە سارکەیی لە ناوچە دابوون! چاوەڕێی هاتنەوەیان بووین! شەوی ٢٣ لە سەر ٢٤ی گەلاوێژ وێسف کەریمی وەک شۆفیر و چەن کەسێک چووبوون بە پیلیانەوە! بەڵام بەیانی بە کورتەنامەیەک لە نێوخۆوە وەخەبەر هاتم! نووسرابوو دەڵێن پێشمەرگە لە کەمین کەوتوون و شەڕ بووە! گوێم نەدایە، نەشمتوانی بخەومەوە! هەستام چوومە دیوەکەی تر، دیتم وێسف هاتۆتەوە! پرسیم، گووتی نەیانتوانیوە بێنەوە! ڕەنگە ئەمشەو بتوانن! دڵم داکەوت، بوغزێک گرتمی و هیچم نەگووت! تاوێکی پێچوو لە سەردەشتێ ڕا زەنگیان بۆ لێدام، گووتیان دەڵێن شەڕ بووە و هەمزە سارکەیی بریندارە و بە دیل گیراوە! پێکەنیم! هەی هاااااای! هەمزە و دیلی! ئاخر شەبەق و شنە و شەماڵ و شمشاڵ چۆن دیل دەبن! کێ دەتوانی خۆرەتاو دیل کا و زەریا چۆن دەچێتە قاپێکی ڕزیو! فیشەک چۆن چیا دەبڕێت و زەلکاو چۆن دەتوانێ تاڤگە نووقم کا..نا نا..ئەوەم گووت و ترسم پتر و پتر ڕێنیشت. تاو گەرم داهاتبوو، چوومە لای سیاسی نیزامی، هەستم کرد شتێک بووە! هەموو شڵەژابوون! پرسیم، گووتیان هیچ نیە! پرسیمەوە! ئەحمەد ڕەبەتی گووتی جارێ دەنگێ مەکە! دەڵێن کاک هەمزە و وان لە کەمین کەوتوون و شەهیدمان هەن! ئەژنۆم شکان! زانیم قسەکان ڕاستن! تا نیوەڕۆ هیچ کەس دڵنیا نەبوو! نیوەڕۆیە دڵنیا بووین کە بەداخەوە فەرماندە کاک هەمزە سارکەیی و قادر نەزمی و قالە سوور شەهید بوون! ئایییی کە چەندە بە ژان بوو! چەن گریاین و چەن گریام! بڕوام نەدەکرد جارێکی تر نەتوانم کاک هەمزە و قالە سووران ببینمەوە! نەتوانم لە گەڵ قادر نەزمی "کرێکاری" بکەمەوە و بە" پاشنوێژ" پاشنوێژی توڕەم کاتەوە! 

بڕیار بوو ڕێوڕەسمی ٢٥ی گەلاوێژ ڕۆژێک زووتر بەڕێوە بچێ! ئێمە کۆڕی سرود بووین و حەمە جەزای ڕەحمەتیش لەوێ بوو! دەبوو بە سرودەکان ڕابێین و ڕاهێنان بکەین، پێش هەموو سرودێک تێر تێر دەگریام، من و سیامەند و ئەوانی تریش! فەرهاد ساڵحی دڵخۆشی دەداینەوە بەڵام چار نەبوو! ڕێوڕەسمەکە دەستی پێکرد! هەواڵی مەرگێکی تریشی هاتە سەر! سمکۆش لە هەولێر تەواو ببوو! بڕوام نەدەکرد شەو دێت و سمکۆ نایەتە ژوورەکەم و شەقێکم لێنادا و کەمێک ئەزیەتم ناکات....بڕوام بە کۆچی چوار هاوڕێ و برا بە یەک ڕۆژ نەبوو! لەو دەمە تاڵەدا ویستمان سرودی ئەی ڕەقیب بڵێین! ڕاوەستابووین، من کە تێر تێر گریابووم نەمدەوێرا سەر هەڵێنم! تا ئەو کاتەش بێجگە لە پێشمەرگەکان کەس نەیزانیبوو! سەرم هەڵێنا، دیتم کاک فەتاحی کاویان، کەریم عەلیپور، حوسێنی حاجی، قادر وریا و دەیانی تر هۆق هۆق دەگریان! گریانێک پڕ بە دەنگی دەروون و بێدەنگی دەنگ! لەوێدا گووتمان: "ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین، سەیری کەن خوێناویە ڕابردوومان"! دامە پڕمەی گریان! سروودم بیر چۆوە! دەمویست بڵێم سەیری کەن خوێناویە ئێستامان، ئەمڕۆمان! دەنگم نووسابوو! خەمی چوار یار و گیان و ڕوح و جەستە! چوار برین و خوێن و ژان! حەمە جەزا هاتە سەر سەکۆ! گووتی وەعد بوو بیکەینە شایی و خۆشی، بەڵام بەداخەوە لە بەر ئەوەی سێ پێشمەرگەی دێموکڕات شەهید بوون، هەر گۆرانی شۆڕشگێڕی دەڵێم! نووزەکان بوونە شین و بانگی گریان و دەنگی سرودی "هۆ کاکی پێشمەرگە" تێکەڵ ببوون و بە چاوی تەڕ و دڵی خوێنەوە لە گەڵمان دەگووتەوە! 

بنەماڵەکانیان چاوەڕێی هاتنەوەیان بوون! بەڵام ئێوارەکەی دەبوو هەواڵی نەهاتنەوەیان بەرین! کاک هەمزە تاقانەی کچەکانی بوو و ژنەکەی قادر نەزمی لە سەر مانگ و ڕۆژی خۆی بوو! دواتر کچێکیان بوو ناویان نا" چاوەڕێ"، قالە سووری ئەویندار و دڵ پڕ لە حەز! یەک لە ئاواتەکانی ئەوە بوو ژن بێنێ! دەیگووت دەبێ منداڵم ببن چاوشین و قژ زەرد! دەیگووت خۆشە منداڵ پێت بڵێن بابە! خۆزگە هەر ئەوەندەم دیبایە کاک هەمزە کچەکانی بە شوو دەدان و قادر نەزمی نێوی لە مناڵەکەی دەنا و قالە سووریش دەبوو بە زاوا، کوێر بم نەمدیت!... بە دڵی خوێنینەوە نووسیم:

ئه‌ی فه‌رمانده‌ی قاره‌مان کۆچه‌که‌ت گه‌لێ زوو بوو
تۆ که‌ دڵی خوێنینت پڕ هیواو ئاره‌زوو بوو
چوار کیژی دڵ به‌ هیوات ده‌ڵێن بابه‌ دێته‌وه‌
بڕوا ناکه‌ن که‌ باوکیان تازه‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌
نه‌مامی شلک و خاون خه‌مت ڕه‌شی پێ پۆشین
تۆ ماڵت لێ چۆڵ کردن ژانی مه‌رگت پێ نۆشین
شه‌هیدی برا شه‌هید، زۆرت دی چه‌رمه‌سه‌ری
که‌ کۆرپه‌ت له‌ دایک بوو، بڵێم له‌ کام سه‌فه‌ری
چ وه‌ڵامێکم هه‌بێ، که‌ هات و داوای کردی
پێی ده‌ڵێم تۆ ژیان بووی، ئەوین له‌ گه‌ڵ خۆی بردی
لاوه‌ جوانه‌ مه‌رگه‌که‌م دیاری چ بده‌م به‌ یارت؟
وێنه‌یه‌کی پێ ده‌ده‌م له‌ ڕوخساری زامارت
ده‌ڵێم ئه‌و لاوه‌ کورده‌ وه‌کوو خۆی تۆی خۆش ده‌ویست
ئه‌و له‌ پێناوی گه‌لا تۆی جێ هێشت و خۆی نه‌ویست!

شەو داهات و ئێمە چووین تا بە مناڵەکانیان بڵێین باوکتان قەت ناگەڕێتەوە! کە دابەزین ژاڵە و ژیمای کاک هەمزەی هاتن بەرەو پیرمانەوە! وەیانزانی کاک هەمزە هاتۆتەوە! پێشمەرگەکان یەک یەک لەوان تێپەڕین! ژیما گووتی ئەی کوا بابم! لە بانگی گریانمان دا، کێ دەیتوانی وەڵامی بداتەوە! کێ دیتوانی بڵێ کوان هەمزە و قادر و قادر! کێ دەیتوانی بەرد نەبێ و نەگری.... کەس دڵخۆشی کەسی نەدەدایەوە! هەموو وێکڕا دەگریان! شینی و خەمی هەمووان بوو، ئەوان هی هەموومان بوون!... 
زەنگم بۆ سەردەشتێ لێدا! بە گریانەوە جوابیان دامەوە! گووتیان شار و شەقام ماتن! ماتەمینێکی ڕانەگەیندراو! کەس سڵاو لە کەس ناکا، هەر بپرسی دەنگ و باس، فرمێسکەکان دێنە خوار و دوو دوو و سێ سێ لە پەنایان دەگرین! دەڵێی هەر ماڵە و برایەکی مردووە! هەموومان ماتەمبار و قەرزدارین! هەمووی دەڵێ هەمزەم ڕۆ! قادری بێ مراد و قادری گەنجم ڕۆ! پێشمەرگە و شەهید و خوێن و برین و ژانم ڕۆ! هەی ڕۆ هەی ڕۆ ڕٶڵە ڕۆ! 
لێرە نیشتیمان ڕەنگی فرمێسک و هەنیسکی پۆشیوە و خوڕ خوڕ بە سەر تەرمی بەرگ سووراندا دەگری!

من ئێستاش تامەزرۆم بەشی ماچ و کڕنۆشێ گڵکۆی ونیانم دەست کەوێ و پێیان بڵێم: وەفادارانە لە بیرم دان!