بەرانبەر بە |

ساڵێک بەسەر کۆچی نابەوەختی "ئاژوان"ی جوانەمەرگدا تێپەڕی

s_280_160_16777215_10_images_11902511_688320421297930_7732129749451758328_n.jpgرۆژهه‌ڵات تایمز: عەوڵا سەیدا
خزمان و دۆستانی بەڕێز!
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر کۆستی گەورە و بێ ئەمانی کۆچی دوایی جگەرگۆشەی ئازیزمان "ئاژوان"ی جوانەمەرگدا تێپەڕی. لەو یەکساڵەدا هەموو ڕۆژێک من و دایکی و ناوبەناویش خوشکەکانی و هاوڕی و ناسیاوانی سەردانی گۆڕە غەریبەکەمان کردووە بۆ ئەوەی پێی بڵێین "ئاژوان"ەکەم خۆشمان دەوێی، تۆ هەر لە گەڵمانی، تۆ پارچەیەک لە دڵمانی.

"ئاژوانەکەم تۆ تەنیا کوڕمان نەبووی، تۆ هاوڕێ و هاودەمی بە توانا و بە ئەمەگی ڕۆژانی خۆش و ناخۆشیی دایک و باوکت بووی. تۆ برایەکی جێگای متمانە و بەرپرس بووی بۆ خوشکەکانت، تۆ لاوێکی پێگەیشتوو، ڕووحسووک و لەبەردڵان، دڵسۆز و بەوەفا
بووی بۆ ناسیاو و هاوڕێکانت. ئەوڕو زیاتر لە هەموو کاتێک بیرت دەکەین، جێگات لە نیوماندا زۆر دیارە ، هەموومان تاسەت دەکەین و بۆت زۆر بە پەرۆشین.
ئاژوانەکەم!
ڕۆژانی شەممەی گشت حەوتوویەک، لە دەوری یەکتر کۆ دەبووینەوە. بە هەستی ناسک و بزەی پڕ لە شادی و خۆشەویستیت کۆڕی بنەماڵەت گەرمتر دەکرد و دەتڕازاندەوە. ئێمەش لە ماوەی ئەو یەکساڵەدا، هەموو ڕۆژانی شەممە بە یادی جاران و بە یادی تۆ، کە لە خەونی یەکێک لە خوشکەکانتدا پێت گوتبوو:" من سەرقاڵم، خەریکی دروستکردنی خانوویه‌کم، کە ئێوە هاتن جێگای هەموومان
بێتەوە، بەڵام کۆتایی حەوتووەکان لە ماڵەوە لای ئێوەم" بەو هۆیەوە مێزەکە دەڕازێنینەوە، لە دەوری یەکتر کۆ دەبینەوە، بۆ ئەوەی وەک هەمیشە هەست بە بوونت لە پەنا خۆمان بکەین و لەگەڵ ئەم کۆستە
بە زامە ڕابێین.
کۆستێکی بێوادەی وا کە نە تەنیا گوڵی تەمەنی تۆی هەڵوەراند و ژیانی تۆی بەرەو جیهانی ئەبەدی برد، بەڵکوو ژیانی من و "ماپەرە" و باقی بنەماڵەشمی لێرە و لە کوردستان سەراوبن کرد.
خەمێکی تاقەتپڕووکێن کە تەنیا بەشێکی بە قەرا سەنگینی چیاکانی کوردستان لە سەر شانەکانی من بارگرانی دەکات. خەمێک کە سەرەڕای شان وەبەردانی کۆی خزم و کەس و دۆستانی ئازیزم ،
بەو حاڵەش بەژانترین زەبری ڕووحی و ڕەوانی لە بنەماڵە و بە تایبەت لە من داوە. تەنانەت بۆتە هۆی دابڕانم لە خزم و کەس و دۆستانم. ئەو خەمە کارێکی بە من کرد کە نە تەنیا نەمتوانی وڵامی دەریای
هاودەردیی ئازیزانم بدەمەوە، بەڵکوو ببم بە قەرزداری ئەبەدییش.
لەوەی کە من نەمتوانیوە بەو جۆرەی پێویستە وڵامی ئێوە، ئازیزانم بدەمەوە بە دڵ داوای لێبووردن دەکەم، دڵنیام کە ئێوە خۆتان دەمبوورن. بێگومان هاودەردیی ئێوە ئازیزان بووە کە ئێمە توانیومانە
خۆمان لە حاست ئەم خەمە قورسە ڕاگرین و بەرگەی ئەم زامە پڕ ژانە بگرین و بۆ جارێکی دیکە بە لەرزێکی پیرانە، پێبگرینەوە.
پڕ بە دڵ سپاسی خەمخۆری و لوتفی هەمووتان دەکەم. ئاواته‌ خوازم ئێوەش سڵامەت و بێ خەم بن.
لەوەی کە زۆر جاریش موحیببەت و هاودەردی ئێوەم بێ وڵام هێشتۆتەوە، لێم بە دڵ مەگرن. بەو هیوایە لە گەورەیی خۆتان بێبەشم نەکەن و منیش هەوڵ بدەم لەمەوبەدوا، بە پێی توانا وڵامدەری زیاتری خۆشەویستیتان بم.
تۆش "ئاژوان"ە میهرەبان، ڕوحسووک، بێ ئازار، خەمخۆر، دڵفراوان و هەمیشە دەم بە پێکەنینەکەم! ڕوحت شاد بێ و یادت هەر دەم و بۆ هەمیشە لە دڵماندا، بەرز و پیرۆز دەمێنێتەوە.
ئاژوان گیان "کەیوان"ی خوشکەزات بەردەوام لە "پڕشنگ"ی خوشکت دەپرسێ: ئاژوان کەی دێتەوە؟
ئەویش کە هیچ وڵامێکی بۆی نییە، پێی دەڵێ: "بۆ خۆت لێی بپرسە"، دەڵێ:"لێم پرسیوە بەڵام جوابم ناداتەوە!"
ئاژوان گیان دەزانی ئەویش کە تەمەنی تەنیا چوار ساڵە، چەندە بیرت دەکا؟
هیوادارم هیچ بنەماڵەیەک تووشی ئەم کارەساتە مەزنە و ئەم زامە بێ ساڕێژە و خەمە بێ کۆتاییە نەبێ.
 عه‌وڵا سه‌یدا، ١٣ ئاگوست - کانادا