بەرانبەر بە |

دایک و باوکان پتر له‌ هه‌موو که‌س توندوتیژی ده‌رحه‌ق به‌ منداڵه‌که‌یان ده‌که‌ن

s_280_160_16777215_10_images_10394780_1582098225346153_5516197561878902129_n.jpgرۆژهه‌ڵات تایمز: جه‌هانگیر قوربانی
منداڵ خۆشەویستی دایک و باوکە، بێگومان خۆشترین کات و سات بۆ هەر دایک و باوکێک لە دایکبوونی منداڵەکەیانە، بەڵام ئەوە هەر دایک و باوکانن کە زیاتر لە هەموو کەس و لایەنێکی دی دەرحەق بە منداڵەکانیان توندوتیژی دەنوێنن.

نوێترین ئاماری یونیسێف، سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا سەدی 80 ی مناڵ‌ئازاری و ئەو توندوتیژییانەی لەگەڵ مناڵاندا دەکرێت، دایک و باوکان خۆیان دەیکەن.
مناڵ‌ ئازاری چییە؟
بەر لە هەموو شتێک باس باسی گۆڕانی پێناسەی منداڵ‌ئازارییە. منداڵ‌ئازاری هەر ئەوە نییە بە زللە تێبەری منداڵەکەت بی، دارکاری بکەی، یان بە هەڕەشە ناچار بە جێبەجێکردن یان نەکردنی هەندێ کاری بکەی، لە دنیای ئەمڕۆدا هەر ئەوەی گرینگی بە نیاز و پێداویستییەکانی منداڵەکەت نەدەی‌و پێچەوانەی ویستی‌ ئەو و تەنیا لەسەر بنەمای حەز و ئارەزووی خۆت گەورەی بکەی، بێگومان ئازارت داوە.
توندوتیژی دژی منداڵ خۆ هەر لێدان و کوتان نییە؛ ترساندنی، سوکایەتی پێکردن و تانە و قسەڵۆک پێدادان بە منداڵ پشتگوێخستنی نیازە دەروونی و پێداویستییەکانی منداڵ و هەروەها کەمتەرخەمی لە هەمبەر پەروەردە و بارهێنانی منداڵانیش چەند خاڵێکی دیکەی مناڵ‌ئازاری و توندوتیژی نواندن دەرحەق بە منداڵانە. جاری وایە بێ ئەوەی بتانەوێ منداڵەکەتان ئازار دەدەن، قسە لەوەدایە کە لە دنیای ئەمڕۆدا پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵ زۆریش ئاسان نییە.
ڕاستە کە ئیمکاناتی ژیان و خۆشبژیوی لە ئێستادا زیاترە، بەڵام دەبینین کە خەمۆکی‌و دڵەڕاوکێیەکی زۆریش لە منداڵاندا دەبیندرێ، ئەوە ئی ئەوەیە کە دایک و باوکان نەیانتوانیوە بە گوێرەی پێویست ئاگایان لە منداڵەکەیان بێ و بە خەمی داوا و نیازە جەستەیی و ڕوحییەکانیانەوە بن.
جیالەوەش کاتێک دایک و باوک لە منداڵەکەیان تووڕە دەبن، بەر لەوەی بە جەستەش تەمبێ‌یان کردبێ، بێشک دوو قسەی ناخۆشی پێدەڵێن و لێی مۆڕدەبنەوە کە ئەوە بۆخۆی جۆرێک ئازاردانی منداڵە.
ئاڵۆزیی ژیانی ئەمڕۆ دەخوازێ کە هەم سیستەمی پەروەردە و هەم میدیا ڕۆڵی گرینگیان لە وشیارکردنەوە و شێوازی پەروەردەی منداڵدا هەبێ، بەڵام لە نێو کۆمەڵگای ئێمەدا جێی ئەو جۆرە پەروەردە و بارهێنانە بەتاڵە. جیا لەوەش یاساکانیش پڕ لە ناڕوونین.
یاسا مافی تەمبێ‌ کردنی منداڵ بە مەبەستی پەرورەدە بە دایک و باوکم بەخێوکەر و مامۆستای ئەو لە خوێندنگە دەدا، بەڵام بڕی ئەو تەمبێ و توندی نواندنە پێناسە نەکراوە، ئەوەش لە حاڵێک دایە کە جاری وایە دایک و باوک لە هیندێک کاتدا هەندێ بڕیار بە مەبەستی پەروەردەی منداڵەکەیان دەدەن کە کاریگەریی نگەتیڤی ئەو کار و بڕیارە و ئازارەکانی تا سەردەمانێکی زۆر دوای گەورەبوونی منداڵەکە لە ناخیدا جێدەهێڵێ.
چار چییە؟
چار ئەوەیە بیر بکەینەوە و لە خۆمان ڕا دەست پێبکەین. دەبێ لەسەرەخۆ بین، پێویستە بەگژ نەخوێندەواری و وشیارنەبووندا بچینەوە. هەژاری، نەخوێندەواری و بێکاری سەرچاوەی زۆر لەو دیاردە ناسەردەمیانەن، دەبێ ئەوان لە کۆمەڵگادا بنەبڕ بکرێن. دەبێ دایک و باوکان لە کۆرسی پەروەردەیی تایبەتدا بەشدار بکرێن کە ئاخۆ بەر لە منداڵبوون لەبواری دارایی و ڕوحی و دەروونییەوە توانا و ئامادەیی پێویستیان بۆ ئەوە هەیە منداڵیان بێ یان نا؟ دەبێ لە قوتابخانە و خوێندنگەکان جیا لە بیرکاری و وانەکانی قوتابخانە، منداڵان فێری وانەکانی ژیانیش بکرێن.