بەرانبەر بە |

یادی 35 ساڵەی دامەزرانی سازمانی خەبات و چەند قسەیەک!!!

عه‌لی به‌هرامی؛s_280_160_16777215_10_images_HAMARANG_Ali_Bahrami.jpg

پێنجی خەرمانانی 2715ی کوردی بەرامبەر بە 27ی ئاگۆستی 2015ز، یادی 35مین ساڵرۆژی دامەزرانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانە. سازمانی خەبات کە خۆی بە هێزێکی نەتەوەیی و نیشتمانی پێناسە دەکات و بیرو هزری دیموکراسی کردۆتە بنەمای بەرنامەی تێکۆشان و خەباتەکەی، کە ئەم خاڵە نوقتەی جیاکەرەوەی سازمانی خەبات لە هێزە چەپ و هێرە راستەکانی کوردستانە. چونکە سازمانی خەبات بیری نەتەوەیی و نیشتمانی کردۆتە فکر و ئایدۆلۆژیای حیزبی و تایبەتی خۆی و لە پێناو رزگاری گەلی چەوساوەی کورد و خاکی داگیرکراوی کوردستان تێدەکۆشێ و لە دوای پرۆسەی رزگاری خاک وەک هێزێکی دیموکرات، خوازیاری دامەزرانی سیستەمێکێ دیموکراتیک و مەدەنیە کە تێکڕای چین و توێژەکانی کوردستان لە سایەی ئەو سیستەمەدا بە کەناری ئارامی بگەن. 

 

سازمانی خەبات وەک هێزێکی سەردەمیانەی نەتەوەیی و دیموکراسی خواز، لە ئێستادا دژ بە هەر دوو بەرەی فاشیزمی مەزهەبی لە ئێران لەلایەک و بەرەی هەموو جۆرە تیرۆر و رەشەکوژیەک و بە دیاری کراوی گروپی تیرۆریستی داعش لە سەنگەردایە و دیفاع لە بەهاکانی مرۆڤایەتی و دیموکراسی دەکات و وەک هێزێکی بەرپرس قۆناغ بە قۆناغ هاوتەریب لەگەڵ دۆستەکانی لێبڕاوانە لە هەر دوو بەرەکەدا دەچێتە پێش. کە ئەمە وەک کارنامەی زێرینی ئەم هێزە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو دەکرێ حیساب بکرێ. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە مێژووی 34 ساڵ خەبات و بەربەرەکانێی سازمانی خەبات دژ بە رێژیمی ئێران بکەینە وانەی دارشتی بەرنامە و تێکۆشانی داهاتوو.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە هەموو قۆناغەکاندا زۆر بوێرانە توانیویەتی ئالوگۆڕی فکری و تەشکیلاتی لە خۆیدا بکاو بەشانازیەوە لە هیچ بارێک بە چەقبەستوویی نەماوەتەوە و لەگەل هەر قەیرانێکی ‌فکری یان سیاسی رێگەیەکی گەل پەسەندانەی گرتۆتە بەر و بە خۆشیەوە لەمرۆدا ناتوانین بچوکترین هەڵەی سیاسی لە کارنامەی سازمانی خەباتدا وەبینین. 
لەگەل ئەو راستیانەی باس کران، بەداخەوە سازمانی خەبات لەگەڵ کۆمەڵێک قەیران و کەموکوری دەست و پەنجە نەرم دەکا کە دەکرێ بەنجە بنێینە سەر هەندێکیان. بە درێژایی مێژووی بوونی سازمانی خەبات قەیرانی مالی گرفتێکی کەمەر شکێن بووە لە سازمانی خەباتدا کە سەرچاوەی سەرهەڵدانی دەیان کۆسپ و تەگەرە بوون لە بەردەم کارو باری تەشکیلاتی سازماندا، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش بەرنامەیەک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە عەمەلی نەکراوەو وەک خوی ماوەتەوە.
پەروەردەی سیاسی ئەندام لە سازمانی خەبات یەکێکی دیکە لە گرفتەکانە کە سەرکردایەتی بەرنامەیەکی رێکوپێکی بۆی نەبووە یان وەک پێویست خۆی پێوە ماندوو نەکردوە، پەروەردەی ئەندام لە باری فکری و سیاسی زەرووریە و دەبێت هێزی سیاسی شەو رۆژ بخاتە سەر یەک بۆ پەروەردە و بارهێنانی ئەندامەکانی.
پروپاگەندە و تەبلیغات و نووسین، بۆ ئەوەی هێزێک بەرنامەی و ستراتژی خۆی بە کۆمەڵانی خەڵک بگەیەنێ پشت بە کۆمەڵێک ئامراز و کەرەستە دەبەستێ. لە سێ دەیە لەوە پێش بەملاوە بە دەرکردنی گۆوار و نامیلکە یان وەشانی رادیۆی مەوج کورت ئەحزاب پروپاگەندەی خۆیان دەکرد، بەلام ئێستا لەگەڵ پێش کەوتنی عیلم و دەسکەوتنی کەرەسەی پێشکەوتووی وەک کۆمپیوتێر و ئینتێرنێت و ماهوارە بە ئاسانترین شێوە ئەحزاب دەتوانن دید و بۆچوونی خۆیان بخەنە بەر دیدی خەڵک. مخابن چ لە رابردووداو چ لە ئێستادا پروپاگەندەی سازمانی خەبات لەگەڵ ئەوەی بوونی هەبووە بەلام بە پێی پێویست و چاوەروانی نەبووە و نیە.هەروەها کەمترین بایەخ بە نووسینی کتێب و نامیلکە و ژیانامەی شەهیدان دراوە کە ئەو کەمتەرخەمیانە کاریگەری خراپیان هەبووەو قەرەبوو کردنەوەیان ئاسان نابێ.
سازمانی خەبات پێویستە خوێندنەوەی تایبەتی بۆ رووداوەکان بێت و پێویستە پێش هەر رووداو گۆرانێک پرۆژەی هەبێت، نابێت چاوەروان بی کە ئاخۆ چی روودەدا بەلکوو هێزی سیاسی خوێندنەوە بۆ هەموو ئەگەرەکان دەکا و پێش رووداوەکان دەکەوێ.
سازمانی خەبات کە رێبازێکی جێکەوتوو و جەماوەریە و هەڵقوڵاوی هەناوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە بۆ بردنە پێشی بەرنامە و سیاسەتەکانی خۆی بوێرانە پەنجە بخاتە سەر کەموکوریەکان و چارەسەریان بکات و هیچ گرفتێک بێ چارەسەر نەهێڵێتەوە.
بە ئومێد بە سەرکەوتن و هەر شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران