بەرابەر بە |

"فەریبا قازی" لەسەر وەسییەتی خۆی لە تەنیشت برا شەهیدەکەی ئەسپاردەی خاک دەکرێ

s_580_300_16777215_10_images_farsi_fariba.png
 رۆژهەڵات تایمز: "فەریبا قازی"، چالاکی سیاسی و بواری مافەکانی ژنان، لە دوورەوڵاتی کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسییەتی خۆی لە شاری مەهاباد لە تەنیشت برا شەهیدەکەی ئەسپاردەی خاک دەکرێ.
سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، "فەریبا قازی" چالاکی سیاسی و بواری مافەکانی ژنان، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە لە وڵاتی ئوسترالیا کۆچی دوایی کرد.
فەریبا قازی لە بنەماڵەی ناوداری قازییەکانی موکریانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. لە ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە بنەماڵەیەکی نیشتمان پەروەردا لە دایک بوو. فەریبا لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا گەنجێکی ژیر و هەڵسووڕاو بوو. وێنەکانی سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران و هەروەها هاورێکانی شاهیدی دەدەن کە خەباتکارێکی چالاکی ناو خۆپێشاندانەکان بوو. باب و براکانی "فەریبا" لە پێناو گەیشتنی نەتەوەکەیان بە مافی چارەی خۆنووسین دەستیاندایە خەباتێکی بێوچان و هەر بەو بۆنەوە کاک "عەلی قازی" برای "فەریبا"، وەک پیشمەرگەیەکی قارەمان لە ریزی حیزبی دێموکراتدا گیانی بەخشییە نیشتمانەکەی و کاک "مستەفا قازی"ی بابی "فەریبا"ش ژیانی پێشمەرگایەتی هەڵبژارد و ئەوە بووبە هۆی ئەوەی بنەماڵەکەیان تووشی تەبعید و دەستبەسەرداگیرانی ماڵیان و ئاوارەیی بن. "فەریبا"ش لە پێناو گەیشتنی گەلەکەی بە مافی چارەی خۆنووسین و هەروەها گەیشتن بە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و بوونی فکرەیەکی چەپەوە لە ساڵی٦٢ی هەتاویدا وێڕای پۆلێک لە هاورێیانی کەوتە زیندان. دەورانی زیندانی فەریبا بەهۆی کۆرپە ساواکەیەوە، چیرۆکێکی خەمگینانەی بێوێنەی لە میژووی ئەم نیشتمانە پر کارەساتەدا تۆمار کرد. دواتر وەک زۆربەی هاورێیانی رێگای ئاوارەیی گرتەبەر و لە وڵاتی ئوسترالیا نیشتەجێی بوو..سەرەڕای ئاوارەیی وەک ژنێکی چاوکراوەی چالاک و ئازا، بەردەوام هەوڵی دەدا کە نەتەوەکەی وەک باقی گەڵان دیکە خاوەنی ژیانێکی ئازاد و سەربەست بێ. بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە ١٣/ ١١/ ٢٠١٦ی زایینی، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.
سەرچاوەیەک لە بنەماڵەی قازییەوە بە "رۆژهەڵات تایمز"ی راگەیاند کە لەسەر وەسییەتی خۆی، قەرارە تەرمی ناوبراو بگوازرێتەوە زێدی خۆی و لە گۆڕستانی "شەبەک"ی شاروێران مەهاباد کە شەهیدێکی زۆری حیزبی دێموکراتی وەخۆ گرتووە، لە لای شەهید "عەلی قازی"ی برای و دایکی، ئەسپاردەی خاکی کوردستان بکرێتەوە.