بەرابەر بە |

تەقینەوەکەی بەردەم قەڵای دێموکرات سی حیزبی کوردستانی لە دەوری یەک کۆ کردەوە

s_580_300_16777215_10_images_adabuhunar_22-2.jpg

رۆژهەڵات تایمز: لەسەر بانگهێشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، چەند ڕۆژ دوای تەقینەوەی شەوی "یەلدا" لە بنکەیەکی سەر بە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کە شەهیدبوونی ٧ تێکۆشەری کوردی لێکەوتەوە، کۆبوونەوەی بەرینی حیزب و رێکخراوەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان بەڕێوە چوو.

پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، 5ی بەفرانبار، چوار رۆژ دوای تەقینەوەکەی بەردەم قەڵای دێموکرات لە دەوروبەری شاری کۆیەی باشووری کوردستان، بە میوانداریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و بە ئامانجی هاودەنگی و یەکگرتوویی لە مەحکومکردنی تاوانی تێرۆریستی و شەرمەزارکردنی ئەو کردەوە قیزەونە، شاندی زۆربەی هەرە زۆری حیزبە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان بەیەکەوە کۆ بوونەوە کە بریتی بوون لە:
پەیەدە،کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ، ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان، بزوتنەوەی دێموکراتیکی گەلی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆماجڤاکێن کوردستان(کەجەکە)، پارتی دێموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە، ئەنەکەسە (کە پێکهاتوو لە ١٣ حیزب و رێکخراوی سیاسیی ڕۆژاوای کوردستانە)، حیزبی شیوعیی کوردستان، بزووتنەوەی رزگاریی دێموکراتی کوردستان، پارتی کرێکاران و رەنجەدەرانی کوردستان، پارتی ئازادی کوردستان؛ کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، پارتی یەکیەتی دێموکراتی کورد لە سووریە، پارتی دێموکراتی نیشتمانیی کورد لە سووریە، یەکیەتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی پێشکەوتخوازی کوردی سووریە.

و دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری، راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە لە سەرەنجتان بۆ دەقی راگەیەندراوەکە رادەکێشین:

بەیاننامەی کۆتایی
کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان
یەکدەنگ و یەکگرتوو کردەوەی تیرۆریستی مەحکووم دەکەین.
ئێمە نوێنەرانی نزیک بە 30حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەمە 25ی دیسەمبری 2016 بە یەکەوە لە شوێنی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی شەوی 1ی بەفرانباریئەمساڵ(21ی دیسەمبری 2016) لە قەڵای دیموکرات(بارەگای سەرەکیی حیزبی دیموکراتی کوردستان) لە نزیک شاری کۆیە، کۆ بووینەوە.
ئەو تاوانە تیرۆریستییە کە شەهید بوونی 5 پێشمەرگەی دیموکرات و دوو پۆلیسی ئاسایش و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەی لێ کەوتەوە، بەشدارانی مەراسمێکی کردبوو بە ئامانج کە بە بۆنەی 86 ساڵەی لە دایکبوونی د.قاسملووی شەهید پێک هاتبوو. ئاشکرایە ئەگەر تیرۆریستان بیانتوانیبا بۆمبەکانیان بگەیەننە نێو شوێنی مەراسمەکە بە دڵنیاییەوە کارەساتێکی زۆر گەورەتریان دەخوڵقاند.
هەر یەک لە ئێمە حیزب‌و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لەم کۆبوونەوەیە، پێشتر جیا جیا ئەم تاوانەمان بە توندی مەحکووم کردوە و هاوخەمیی خۆمان لە گەڵ بنەمالەی قوربانییەکان و حیزبی دیموکراتی کوردستان راگەیاندوە. ئەمڕۆش هەموومان یەکدەنگ و بە یەکەوە بۆ جارێکی دیکە ئەم کردەوە تیرۆریستیە مەحکووم دەکەینەوە و لە گەڵ بنەماڵەی قوربانیان ، دیموکراتەکان ولایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەلات، هاوخەمیی خۆمان دووپات دەکەینەوە.
ئەمە یەکەم جار نیە دەستی ڕەشی تیرۆر، لە هەرێمی کوردستان گیانی تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵات دەستێنێ. لە نەوەدەکانی سەدەی 20 دا بە داخەوە سەدان کادر‌و پێشمەرگە‌و ئەندام‌و لایەنگری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات‌و بنەمالەکانیان لە باشووری کوردستان بوون بە قوربانیی پیلانە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەر لەم یەک دوو ساڵەی دواییش‌دا چەند پیلانی تیرۆریستی لە دژی بنکەکان‌و تێکۆشەرانی ژمارەیەک لەو حیزبانە پووچەڵ کراونەوە کە لە کاتی خۆی‌دا لە ڕێگای ڕاگەیەنە گشتییەکانەوە هەواڵەکەیان بڵاو بۆوە.
ئێمە نیگەرانین کە تاوانی تیرۆریستیی شەوی 1ی بەفرانبار‌و پیلانە پووچەڵ بۆوەکانی پێشتر، سەرەتایەک بێ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان ببێتەوە بە مەیدانی پیلان و هەڕەشە و کردەوەی تیرۆریستیی لە دژی لایەنە سیاسییە خەباتکارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە کاتێك دا نەتەوەکەمان لەباشوور و خۆراوای کوردستان لە گەڵ تێرۆریزم لە شەڕێکی بەرین دایە و قوربانیی گەورە پێشکەش دەکاو، هەر لەم سۆنگەیەشەوە ڕێز و ئیعتیبارێکی جیهانیی وەدەست هێناوە، چۆن دەتوانین ڕێگە بدەین ڕۆڵەکانی بەشێکی دیکەی کوردستان لە سەر خاکی هەرێم ببن بە ئامانجی تیرۆر؟ هەر دەوڵەت و لایەنێک لە ژێر هەر ناوێك‌دا دەست بۆ تێرۆر و ڕەشەکوژی ببا مەحکوومە. هەر بۆیە جگە لەوەی هەر یەک لە ئێمە لە سیاسەت و تێکۆشانی خۆمان دا دژی دەوەستینەوە، بە ئەرکی حکوومەتی هەرێم و سەرجەم دەزگا پێوەندیدارەکانیشی دەزانین ڕێگر بێت لە بەڕێوەچوونی هەرەشە و پیلانی تێرۆریستی لە دژی لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان، گیرساونەوە. هەر وەها سەرنجی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر بۆ لای تێرۆریزمی دەوڵەتی لە ناوچەکە بەرامبەر هێز و لایەنە خەباتکارەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ڕادەکێشین و پیویستی و گرنگیی بەربەرەکانی لە گەڵ ئەم جۆرە لە تیرۆریزمیان وەبیر دێنینەوە.
وێڕای مەحکوومکردنی شەڕو لەشکرکێشی، تیرۆر و سەرکوت و تۆقاندن لە لایەن دەوڵەتانی ناوچە لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ پرسی کورد دا، بە قووڵی باوەڕمان بەوە هەیە کە خەباتی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی لە ڕۆژهەڵات و هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان، بە شەڕ و سەرکوت و تیرۆر لە نێو ناچێ. لە کاتێک‌دا لە سەر پشتیوانیمان لە خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان بۆ مافە ڕەواکانی لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێ دادەگرینەوە، داوامان ئەوەیە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان‌و ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە نێوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات، کەمپەین وچالاکیی هاوبەش لە دژایەتی لە گەڵ سیاسەت و بەرنامەو پیلانی تیرۆریستیدا وەڕێ بخەن.
کۆبوونەوەی هاوبەشی نزیکەی 30حیزب‌و لایەنی سیاسیی هەر چوار بەشی کوردستان
25/12/2016