بەرابەر بە |

مانگرتنی کرێکارانی مهاباد هەروا درێژەی هەیە

s_580_300_16777215_10_images_adabuhunar_tre.jpg

رۆژهەڵات تایمز: کرێکارانی مهاباد بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان ماوەی 38 رۆژە لە بەردەم شوێنی كارەكەیان خێوەتیان هەڵداوە و مانیان گرتووە و لەو پەیوەندییەدا بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەوە و دەڵێن، تا ئەو كاتەی مافەكانیان وەرنەگرن، لە مانگرتن بەردەوام دەبن.

مانگرتنی كرێكارانی كۆمپانیای سەوزی مهاباد كە پێك هاتووە لە كوشتارگەی ئاژەڵان و ساردخانە و كێڵگەی ئاژەڵان و كێڵگەی پەلەوەر، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩ی بەفرانبار، پێی نایە 38ەمین رۆژ. ئەو كرێكارانە ماوەی چوار مانگە مووچەكانیان پێ نەدراوە و تەنیا بڕە پارەیەكیان بۆ هاتوچۆ لە كۆمپانیاكە وەرگرتووە.
بەپێی هەواڵیکی "وشە"، گرفتی مووچەی ئەو كرێكارانە دوای ئەوە دروست بوو كە كۆمپانیاكە لە سەردەمی سەرۆك كۆماری مەحموود ئەحمەدی نەژاد "2007" درایە كەرتی تایبەت و سەرباری پێنەدانی مووچەكانیان، هەڕەشەی ئەوەیشیان لێ كراوە لە كارەكانیان دوور دەخرێنەوە و لە ماوەی ساڵێكدا زیاد لە 100 كرێكار بەهۆی پێنەدانی مووچە، بە ناچاری وازیان لە كاركردن لەو كۆمپانیایە هێناوە.
ئەو كرێكارانە ماوەی 388 رۆژە وەك دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر پێنەدانی مووچەكانیان، لە بەرامبەر كۆمەڵگەی "چاندن و پیشەسازی" شاری مهاباد خێوەتیان هەڵداوە و لەو كەشوهەوا ساردەدا مانگرتنێكی مەدەنییان دەست پێ كردووە.
كرێكارانی كۆمپانیای سەوزی مهاباد لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیان داوە، ئەوان فریای دابینكردنی بژێوی خێزانەكەیان ناكەون و تا ئەوكاتەی مافەكانیان پێ نەدرێ، لەو خێوەتانەدا دەمێننەوە و درێژە بە مانگرتنەكانیان دەدەن.