بەرابەر بە |

چالاکانی مەدەنیی شاری مهاباد بە مەبەستی پشتگیری لە داخوازییەکانی شارەکانی بانە و سنە بانگەوازێک بڵاو دەکەنەوە

s_580_300_16777215_10_images_farsi_469857_hHQIMOcS.jpg

 رۆژهەڵات تایمز: چالاکانی مەدەنیی شاری مهاباد دژ بە سیاسەتی کوردکوژیی کۆماری ئیسلامی و بۆ پشتگیری لە داخوازییەکانی شارەکانی بانە و سنە و شارەکانی دیکەی کوردستان، لە بانگەوازێکدا کە وێنەیەکی بۆ "رۆژهەڵات تایمز" نێردراوە، داوا لە خەڵکی مهاباد دەکەن پشتیوانی لە دەنگی ناڕەزایەتی شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بەرز بکەنەوە و هاوکات ئاماژە بەوەش دەدەن کە لە بانگەوازی دووهەمدا شێواز و شوێن و کاتی بەخاوەن دەرکەوتن لەو پرسە نەتەوەیی و مرۆییە رادەگەیەنن.


بانگەوازی چاڵاکانی مەدەنی شاری مەهاباد
خەڵکی خاوەن هەڵوێستی مەهاباد! هەروەک ئاگادارن ماوەی چەندین ساڵە بەشێک لە خەڵکی کوردستان بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری زاڵ بەسەر ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، ناچارن کە لە رێگای کۆڵبەرییەوە بژێوی ژیانیان دابین بکەن. لەو نێوەدا دەسەڵاتی ناوەندی کە هۆکاریی سەرەکیی ئەو قەیرانە و باقیی قەیرانە کۆمەڵایەتی و کولتوررییەکانی کوردستانە، هەوڵی داوە بە کوشتاری سیستماتیکی کۆڵبەرانی کورد، رۆڵی خۆی لە درووست بوونی ئەم بارودۆخە دڵهەژێنە پەردەپۆش بکا. لە ئاکامی ئەم سیاسەتەدا هیچ حەوتوویەک نییە کە هەواڵی کوشتنی کۆڵبەرێکی کورد لە میدیاکان بڵاو نەبێتەوە و تاکوو ئێستاش هیچ بەرپرسێکی نیزامیی و ئەمنییەتی لێپرسینەوەی قانوونی لەوبارەوە لەگەڵ نەکراوە. هاوشارییانی بەرێز! رق و توڕەیی پەنگخواردووی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ئەو پیلانە قێزەونەی دەسەڵاتی ناوەندیی هەم بۆ هەژار هێشتنەوە و هەمیش بۆ پاساوی کوشتاری کۆڵبەران، ئەمجارە لە شاری خۆڕاگری بانە بەرووی دەسەڵاتدا تەقییەوە. بێ گومان ئەم هەنگاوە مێژووییە کە لە شاری بانە خوڵقاوە، پێویستی بە پشتیوانی و هاودەنگی سەرجەم شارە کوردستانییەکان هەیە، بەو پێیە داواکاریین کە خەڵکی خۆڕاگری مەهاباد لەئاست ئەم رووداوە وەک شکۆ و شوناسی هەمیشەیی شارەکەمان خاوەن هەڵوێست بن و یەکگرتووانە دەنگی نارەزایەتیی خۆیان دەرببڕن. تێبینی: -بۆ پشتیوانی لەو کەمپینی بانگەوازە دەتوانن ناوی خۆتان تۆمار بکەن. -لە بانگەوازی دووهەم دا شێواز و شوێن و کاتی بەخاوەن دەرکەوتن لەو پرسە نەتەوەیی و مرۆییە رادەگەیێنین.