بەرابەر بە |

پشتیوانی لە ریفراندۆمی باشوور و داکۆکی لە هەمان ماف بۆ رۆژهەڵات پەرە دەستێنێ

s_580_300_16777215_10_images_farsi_1862017194800_10620172048800_refrandum3.jpg

رۆژهەڵات تایمز: دوای ئەوەی هاووڵاتیانی باشووری کوردستان لە ریفراندۆمێکی گشتگیردا دەنگیان بە سەربەخۆیی نیشتمانەکەیان دا، خواستی سەربەخۆیی لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش پەرەی گرتووە. 

دوای ریفراندۆمەکەی باشوور، دەیان هەزار کەس لە کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان رژانە سەر شەقامەکان و پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەم ریفراندۆمە دەربڕی. بەوەش پەیامی خۆیان بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی کوردستانی رۆژهەڵات لە گەڵ ئێران لە رێی سندووقەکانی دەنگدانەوە بە هەموو دنیا گەیاند. 
بابەتی ریفراندۆم بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان یەکەم جار لە لایەن خالیدی عەزیزی سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان هاتە ئاراوەو دواتر لە کۆنگرەی شازدەی ئەم حیزبە دا جەختی لە سەر کرایەوە. لە وتاری کۆتایی کۆنگرەش دا کە ئەم رۆژانە بە دوای ریفراندۆمەکەی باشووری کوردستان دا جارێکی دیکە لە لایەن ئەم حیزبەوە بڵاو کراوەتەوە، عەزیزی رایگەیاند: "بیرۆکەی ریفراندۆم یا راپرسی بەو واتایە نییە کە ئێمە ئێستا لەوێین تا وەک حیزبێکی ئاشکرا لە بواری قانوونی دا بیرۆکەکە جێبەجێ بکەین. بەڵام ئەم بیرۆکەیە پاشخانێکی هەیە. حەفتا ساڵ تاقیکردنەوەی دەیان شێوە و میتۆد لە گەڵ حکومەتی پێشوو و حکومەتی ئێستا، حەفتا ساڵ هەوڵدان بۆ ئەوەی کێشەی کورد لە ئێران بە جۆرێک چارەسەر بێ کە کەمترین خەسار و زیانی بۆ هاوڵاتییان و هاونیشتمانانی ئێمە تێدا بێ، خوێنی تێدا نەڕژێ.. هەموو شێوازەکان بە تاقی کراوەتەوە بەڵام حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە تەواوی ئەو ماوەیەدا ئێمەی ئینکار کردوە." هاوکات رەخنەشی لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی گرت کە بە پیر خواستەکانی خەڵکی کوردستانەوە نەهاتوون و لەوانیش ناهومێد بوون." پەیامیشی بۆ هەموو لایەنەکان نارد کە "ئەگەر دەرفەتێکمان بۆ هەڵکەوێ، ئێمەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان مافی خۆمانە لە سەر چارەنووسی خۆمان بڕیار بدەین."
لە دوا کاردانەوەکان سەبارەت بە مافی ریفراندۆم گشتپرسی، ٧٧ پارێزەر و وەکیل لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە نامەیەکی هاوبەش دا داوایان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردوە کە مافی ریفراندۆم بۆ گەلی کورد بە فەرمی بناسێ و جیهان رێز لە دەرەنجامی ریفراندۆمەکەی باشوور بگرێ.