بەرابەر بە |

لە پیرانشار مامۆستایەکی ژن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

s_580_300_16777215_10_images_qilaoqanj_14383352_10210605685841293_1180978989_n.jpg
رۆژهەڵات تایمز: ژنەمامۆستایەکی قوتابخانە کە ماوەی ٢٢ ساڵ بوو خزمەتی منداڵانی کوردستان و شاری پیرانشاری دەکرد و دوو ساڵ لەمەوبەر خۆی خانەنشین کردبوو، لە رێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
 
سەرلەئێوارەی رۆژی شەممە ٢٧ی خەرمانانی ١٣٩٥، "پەروین مامەندی" ٤٤ ساڵان و هاوسەری "کەماڵ سەیار" خەڵکی پیرانشار کە ماوەی ٢٢ ساڵ بوو لە قوتابخانەکانی پیرانشار مامۆستا بوو و دوو ساڵ لەمەوبەر خۆی خانەنشین کردبوو، لە رێگای خۆهەڵواسێنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
لە پەیوەندییەکدا دەگەڵ "رۆژهەڵات تایمز"، سەرچاوەیەک لە بنەماڵەی کۆچکردووە باسی لەوە کرد کە سەرلەئێوارەی رۆژی شەممە لە کاتێکدا "پەروین" بەخۆی و بنەماڵەوە لە ماڵی پووری میوان دەبێ، بە بیانووی سەرئێشەوە، ئیزن لە پووری وەردەگرێ کە بچێتە تەبەقەی سەرەوەی ماڵەکە و کەمێک پشوو بدات. کەچی دوای ماوەیەکی زۆر پێدەزانن کە پەروین بە لەچکەکەی سەری، خۆی بە نەردەی باڵکۆنی تەبەقەی سەرەوەی ماڵە پووری هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد کە ئەو خۆکۆژییەی "پەروین" هەموو لایەکی شۆک کردووە و هیچ لایەک هەستیان بە کێشەیەکی بنەماڵەیی یاخود ماددی و تەندروستیی ناوبراو نەکردووە و سەریان لەو رووداوە سوڕماوە.
شایانی باسە "پەروین مامەندی" یەکێک لە کەسایەتییە فەرهەنگی و خۆشناوەکانی شاری پیرانشار و دەوروبەر بوو و خەڵک رێزێکی یەکجار تایبەتییان لێ دەگرت.