بەرابەر بە |

تورکەکان لە "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێران" جیابوونەوە

s_580_300_16777215_10_images_qilaoqanj_417.jpg

رۆژهەڵات تایمز: بزووتنەوەی فیدراڵ دێموکراتی ئازەربایجان لە راگەیەندراوێکدا جیابوونەوەی خۆی لە رێکخراوی "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ" راگەیاند. هۆکاری جیابوونەوەکەشی بۆ بەستراوەیی کۆنگرە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە عەرەبستانی سعوودی و چوونە ژێر رکێفی ئەو وڵاتە گەڕاندووەتەوە.
بزووتنەوەی فیدراڵ دێموکراتی ئازەربایجان بە رێبەریی "محەممەد ئازادگەر" یەک لە حەوت رێکخراوی دامەزرێنەری رێکخراوی "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵە".


بەپێی راگەیەندراوی جیابوونەوەی بزووتنەوەی فیدراڵ دێموکراتی ئازەربایجان، سیاسەتی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ تووشی وەرچەرخان هاتووەو لە بنەماکانی خۆی دوور کەوتووەتەوە.
راگەیەندراوەکە جوڵەکانی ئەم دواییانەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرال بە نیزیکبوونەوە لە عەرەبستانی سعوودی دەزانێ و پێی وایە سعوودیە لە ماوەی نیو سەدەی رابردوودا ماکەی کۆنەپەرەستی و تەنانەت هۆکاری وێرانی لە وڵاتانی عەرەبی بووە.
بزووتنەوەی فیدراڵ دێموکراتی ئازەربایجان هاوکات "راسان"ی حدکا بە هەنگاوێکی ناتەبا لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان و بە زیانی خەڵکی کوردستان لە قەڵەم دەدا و پێی وایە بە پێکهێنانی فەزای ترس و تۆقاندن، بەرگری لە پەرەگرتنی کۆمەڵگای مەدەنی لە کوردستان دەکا.
بزووتنەوەی فیدراڵ دێموکراتی ئازەربایجان ماهییەتی "راسان"ی حدکا بە جیاواز لە بەرگریی رەوای خەڵکی کوردستان پێناسە دەکا و پێی وایە ئەمە "نە شەڕی ئازادیخوازییە و نە خەبات بۆ دێموکراسی، بەڵکو بەشداری لە بەشێکی بچووک لە شەڕی نیابەتیە کە لە ناوچەکەدا هەیە و عەرەبستان یەک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دابینکردنی تێچووی ئابوورییەکەیەتی و کوژران و ئاوارە بوونی میلیۆنان کەسی بێتاوانی لێ کەوتووەتەوە".