بەرابەر بە |

سێ پێشمەرگەی کۆمەڵە شەهید بوون

s_580_300_16777215_10_images_dimana_23620171528600_.jpg

 

رۆژهەڵات تایمز: سکرتاریای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا، هەواڵی شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەی راگەیاند. بەپێی راگەیەندراوی سکرتاریای کۆمەڵە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی، ٢ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، پۆلێك پێشمەرگەی كۆمەڵە لە شاری سنە كەوتوونەتە كەمینێكی هێزەکانی كۆماری ئیسلامی و پاش شەڕێكی قارەمانانە و كوشتنی دەیان بەكرێگیراوی رژیم، سێ پێشمەرگەی كۆمەڵە بە ناوەكانی "سەباح حسێن پەناهی، بێهزاد نووری و حامید سەیف پەناهی" شەهید بوون.



ئەمە دەقی راگەیەندراوی سكرتارییەتی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵەیە لەم بارەیەوە:
 
راگەیاندنی سكرتاریەتی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵه لە پەیوەند لەگەڵ گیانبەختكردنی پۆلێك لە هاورێیانمان
 
كۆمەڵانی خەباتكاری خەڵكی كوردستان
بنەماڵەی سەربەرزی گیان بەختكردووان
هاوڕێیانی تێكۆشەری ریزەكانی كۆمەڵه
بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە پێتان رادەگەیێنین كە بەرەبەیانی ئەمرۆ رێكەوتی ٢ی پووشپەری ١٣٩٦ی هەتاوی، دەستەیەك  پێشمەرگە و هاورێیانی رێكخستنی نەهێنی كۆمەڵه لە ناو شاری سنه كەوتنه كەمینی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی و سێ كەس لە هاورێیانمان بە ناوەكانی سەباح حوسەین پەناهی، حامید سەیف پەناهی و بێهزاد نووری دوای شەڕێكی نابەرابەر و قارەمانانە گیانی ئازیزیان لەپێناو ئامانجه بەرزەكانی گەلی  كورد و كۆمەڵه بەخت كرد.
كومیتەی ناوەندی كۆمەڵه وێرای دڵگرانی سەبارەت بەو رووداوە دڵتەزێنه، سەرەخۆشی گەرمی خۆی و هەموو ریزەكانی كۆمەڵه ئاراستەی بنەماڵە و هاوڕێیانی ئەو گیان بەختكردوانه دەكات و خۆی بە شەریكی خەمیان دەزانێت، هەموو خەڵكی كوردستان و سەرجەم ریزەكانی كۆمەڵەش دڵنیا دەكاتەوە كە كۆماری ئیسلامی بە گرتن و كوشتن و كەمین دانان بۆ تێكۆشەرانی گەلی كورد هەروەك تا ئێستاش نیشانی داوە نەیتوانیوە ورەی قارەمانانەی رۆڵە تێكۆشەرەكانی گەڵەكەمان دابەزێنێت.
هەروەها هەموو دوستان و هاورێیانی كۆمەڵه و بزووتنەوەی كوردستان ئاگادار دەكەینەوە كە هاورێیانی ئێمه بە ورەیەكی بەرز و خۆراگرییەكی كەم وێنەوە حەماسەیەكی پڕشەنگداری دیكەیان بۆ كۆمەڵه و گەلی كورد تۆمار كرد. لەو شەڕە نابەرابەرەدا هێزەكانی كۆماری ئیسلامی چەندین كوژراو و برینداریان بەركەوتوە و هاورێیانی ئێمه بۆ جارێكی دیكەش نیشانیاندا كە سنە شاری هەمیشه كۆمەڵەیه و دەسەڵاتی نەگریسی كۆماری ئیسلامی هەرگیز ناتوانێت ورەی مقاومەتی رۆلەكانی ئەو شاره قارەمانه لەناو بەرێت.
 
بەرز و بەڕێز بێت یادی سەرجەم گیانبەختكردووانی رێگای ئازادی و بزووتنەوەی رەوای گەلی كورد
 
كۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
سكرتاریەتی كومیتەی ناوەندی
23،06،2017 زایینی
٢ی پووشپەری ١٣٩٦ی هەتاوی