بەرابەر بە |

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی: ئەگەر بەرپرسایەتی ئەو سنوورانە بەتەنیا لە ئەستۆی حیزبی دێموکرات بوایە، قەت کارەساتی ئاوا رووی نەدەدا

s_580_300_16777215_10_images_farsi_21151606_10203606901968991_2633039238805815451_n.jpg

رۆژهەڵات تایمز: رۆژی هەینی ٣ی خەرمانان، لە بناری هەڵگورد، گرژی و دمەقاڵە لەنێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و چەند کەس لە دانیشتوانی گوندی "گوندەژۆر"ی دەڤەری باڵەکایەتی هاتە ئاراوە. ئەوەش بە هۆی بڕینی داری ئەو بنەماڵەیە لە لایەن پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بوو. گرژی و دمەقاڵەی نێوان دوو لایەن شەڕ و نێوان ناخۆشی لێ کەوتەوەو لە ئەنجامی تەقەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێردا، دوو برا بە ناوەکانی "فەرمان ئەسکەندەر" و "لوقمان ئەسکەندەر" گیانیان لەدەست دا و دوو برای دیکەشیان بریندار بوون. بە دوای ئەوەدا هێزێکی چەند سەد کەسی لە دانیشتووانی گوندی "گوندەژۆر" و خزم و کەس و ناسیاوانیان لەو دەڤەرە، چەک بە دەست بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەرەو بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی رۆژهەڵات هەڵکشان. سەرەڕای ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و ئارامکردنەوەی خەڵکەکە هەوڵیان دا و هێزەکانیان بەسەر ناوچەکەدا بڵاوە پێ کرد، بەڵام نەیانتوانی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بەدەستەوە بگرن. هاوکات پێشمەرگەی لایەنەکانی رۆژهەڵاتیش بۆ ئەوەی بەرەوڕووی خەڵکەکە نەبنەوەو دۆخەکە لەوە ئاڵۆزتر نەبێ، پێشوەخت بنکەکانی خۆیان چۆڵ کرد. خەڵکەکە بارەگا چۆڵەکانی هەر  چوار حیزبەکەی رۆژهەڵات لە بناری هەڵگوردیان سوتاند. ئەم رووداوانەش کوردانی هەر دوو بەری رۆژهەڵات و باشووریان نیگەران کرد. 

"لوقمان وەردی" بەرپرسی یەکەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەڤەری باڵەکایەتییە. بە هۆی ئەوە کە کوژراوانی رووداوەکەی "گوندەژۆر" کادیر و ئەندامی ئەو پارتە بوون، ئەو هەر لە ساتەکانی یەکەمەوە لە ناخی رووداوەکاندا بوو و دوور و نیزیک ئاگای لە رووداوەکان بووە. بە مەبەستی تاوتوێکردنی زیاتری چۆنیەتی ئەو رووداوە، "رۆژهەڵات تایمز بە پێویستی زانی پێوەندی پێوە بگرێ و لەم بارەوە لێدوانی لێ وەربگرێ.

 

*ئێمە هاوپەیمانەتی دەگەڵ حیزبی دێموکرات وەک بیلبیلەی چاومان دەپارێزین

نیزیک بە چوار ساڵ لەوە پێش، حدک و حدکا بنکەیان لە بناری هەڵگورد کردەوەو بەشێک لە پێشمەرگەکانیان لەوێ جێگیر بوون. "لوقمان وەردی" پێوەندییەکانی نێوان خۆیان و ئەو حیزبانەی رۆژهەڵات بە گرینگ و تێکەڵ بە رێز وەسف دەکا و لەم بارەوە دەڵێ: "ئەوەی پێوەندی بە عیلاقاتی ئێمەوە هەبێ دەگەڵ حیزبی دێموکرات، بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە ماوەی سێ ساڵ و نیوی رابردوودا کە لێرە جێگیر کراون، حەدەس و رووداوی ناخۆش لەنێوان هاووڵاتیان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو ناوچەیە نەبووە. بە چاوی حورمەتەوە سەیریان کراوە و هەماهەنگی و هاوکارییش هەبووە. ئەوەی رووی داوە، لە لایان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی ئێرانەوە بووە و لە راستیشدا هەموو خەڵک ئەو پێشمەرگانەی بناری هەڵگوردی بە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات ناسیوە و لایان وابووە بارەگاکان هەموو حیزبی دێموکراتن. تەنانەت لێتان ناشارمەوە خەڵک دوو باڵی حیزبی دێموکراتیش لێک ناکاتەوە. ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر پەیوەندییەکانمان، ئێمە سوورین لەسەر پشتیوانی لە خەباتی رەوای گەلەکەمان لە رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاوا و باجی خۆشمان بۆ داوە و باجی زیاتریشی بۆ دەدەین.

 

ئەو بەرپرسەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆریی حیزبەکان لە دەوروبەری ئەو گوندە بە کێشە دەزانێ و دەڵێ: "پێم وایە ئەگەر بەرپرسیاریەتی ئەو ناوچەیە لە ئەستۆی حیزبی دێموکرات بوایە، بە دڵنیاییەوە شتی ئاوا رووی نەدەدا، بەڵام کاتێک کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ هاتووە کردەوەیەکی ئاوا ئەنجام داوە، بەداخەوە پڕیشکی ئەو ئاگرە حیزبی دێموکراتیشی گرتووەتەوە. من دەمەوێ تەئکید لەسەر ئەوە بکەمەوە کە هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکرات ئامانج نەبووە، بەڵکوو کاردانەوە بووە و خەڵک ئاشنا نەبووە و لێکی جیا نەکردوونەتەوە. بە تایبەت کە بارەگاکانی حدک لە خوارترەوە بوون. ئەگەر نا پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات هیچ کێشەیەکیان نەبووە و بەوپەڕی رێزەوە دەگەڵ خەڵک مامەڵەیان کردووە. ئێستا دوای ئەو رووداوە، دەبێ بیر لە شێوازی و رێکخستنەوەی ئیشوکارەکان بکرێتەوە لەو سنوورە. ناکرێ لە هەڵکەوتێکی جوگرافیی پێنج کیلۆمەتردا چوار حیزبی لێ جێگیر بکرێ. ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دا بۆ ئەوەی رووداوەکە تەشەنە نەکات و برادەرانی حیزبی دێموکرات پارێزراو بن. من بریندار بووم. بەرپرسی بارەگای حیزبی دێموکراتی کوردستان دەزانێ و ئاگادارە من لێوم تەقی و هەشت تەقەڵی خوارد . محاوەلەمان کرد، هەوڵمان دا، لە خەڵک تووڕە بووم بۆ ئەوەی مەوزوعەکە تەشەنە نەکات."

 

سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو هێزانەی رۆژهەڵات بۆ بارەگاکانی بناری هەڵگورد، "وەردی" دەڵێ: "ئەوە رەنگە پەیوەندی بە دامودەزگاکانی حکومەت و حیزبەکانەوە هەبێت. ئەوە قابیلی گفتوگۆیە و من پێم وایە دەبێ بیر لە رێکخستنەوەی شێوازی ئیشەکان بکرێتەوە لێرە و ئەو مووزوعە رێک بخرێتەوە. لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش نابێ خۆشیان ئەوە قبووڵ بکەن چوار حیزب لە چوارچێوەیەک بەرتەسکدا جێ بگرن. من دیسان تەئکید دەکەمەوە ئەگەر حیزبی دێموکرات بە هەردوو باڵەکەیەوە بەتەنیا لەو سنووورە بان، دڵنیات دەکەمەوە کارەساتی ئاوا رووی نەدا. هەردوو باڵەکەی حیزبی دێموکرات دەگەڵ خەڵک هەماهەنگ بوونە، کێشەیان نەبووە و گرفتیان بۆ کەس دروست نەکردووە و دەگەڵ ئێمەمانانیش پەیوەندییەکی باش و بەهێزمان پێکەوە هەبووە و سەردان و چاوپێکەوتنمان هەبووە. خەڵکی ئەو ناوچەیە نمەکی خەڵکی رۆژهەڵاتیشیان لەبەر چاوە. هەر کاتێک ئێمە لێمان قەوماوە، لە باوەشی براکانمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان گیرساوینەتەوە. بۆیە ئێمەش دەبێ باوەشیان بۆ بکەینەوە. بۆیە ئێمە لەو روانگەیەوە تەماشا دەکەین و پێمان وایە پێویستە ئەو پەیوەندییانە پەرەیان پێ بدرێ نەک گرفتیان بۆ دروست بکرێ. ئومێدوارم قانوون و یاسا رێچکەی خۆی بگرێ ئەو تاوانبارانە سزای عادیلانەی خۆیان وەربگرن و بێگومان ئیجرائاتیش خزمەتێکی زۆر بە ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دەکات. پێویستە هەموو لایەکیشمان هاوکار بین. یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە پشتگیریکردنی لە خەباتی رەوای گەلەکەمان و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هێزە خەباتکارەکانی رۆژهەڵات پاشگەز نەبووەتەوە بەڵکوو سوورتر دەبێ.

 

مەبەستی راگەیەندراوەکەی یەکێتی هێزەکانی رۆژهەڵات نەبوو

دوای کوژرانی دوو براکە کە ئەندامی یەکێتی بوون، ئەو حیزبە راگەیەندراوێکی توندی بڵاو کردەوە کە بەشێک لە رۆژهەڵاتییەکان پێیان وابوو راگەیەندراوێکی هەڕەشەئامێزە و لە خزمەت هێورکردنەوەی دۆخەکەدا نەبووە. ئەو بەرپرسەی یەکێتی لەم بارەوە دەڵێ: "راگەیەندراوەکەی یەکێتی ئەوەندەی جەختکردنەوە بووە لە پشتیوانیکردن لە کادیرەکانی یەکێتی، مەبەستەکە هێزەکانی رۆژهەڵات نەبووە با خەڵک تەفسیری خراپی بۆ نەکا. ئێمە پێمانوایە ئەو رووداوەی رووی داوە، کارێکی پیلان بۆ داڕێژراو نەبووە. کارێکی عەفەوی و لە نەتیجەی کارێکی رۆتین بووە. پیمانوایە پێشینەی سیاسی نییە."

 

سەبارەت بە هورووژمی خەڵک بۆ سووتاندنی بارەگای هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات، "لوقمان وەردی" هۆکارەکەی بۆ پێوەندیی زۆری نێوان خەڵک لە دەڤەرەکە گەڕاندەوەو گوتی: "تەبیعەت و سرووشتی خەڵکی ئێرە وایە. لە رووی پێکهاتەوە چۆمان شارێکە دەتوانم بڵێم هەموو خەڵک یەکتر دەناسن. بۆیە کۆدەنگی عەشایری لەو ناوچانە زۆرتر وەردەگیرێ و هەموو خەڵک هاوسۆزە دەگەڵ یەکتری. ئەوەی رووی دا هەر یەکەم رووداو نەبوو. پێشتر کوڕێک کوژرا و بکوژەکەش خەڵکی باشووری کوردستان بوو، بۆ ماوەی پێنج رۆژ خەڵکی چۆمان و دەوروبەری رێگای سەرەکی چۆمان - حاجی ئومەرانیان بەست. بۆیە کاتێک دوو برا بە بێتاوانی کوژراون و دووش بریندار بوون، خەڵک حەماسەتی بۆیان جوڵا. رەنگ بوو ئەگەر ئەو رووداوە لە سۆران رووی دابا، ئەو دەرهاویشتانەی لێ نەکەوتباوە.

 

ئەگەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بەرگریان کردبا، بارەگاکانیان بە ئاسانی نەدەگیرا

هاوکات لەگەڵ سوتاندنی بنکەکان، ژمارەیەک پێشمەرگەی رۆژهەڵات کەوتنە بەر دەستی خەڵک و مێدیاکان ئەوانیان وەک دیل نیشان دا. "لوقمان وەردی" نکۆڵی لەوە کرد کە ئەوان دیل کرابن و لەم بارەوە گوتی: "راگەیاندن زۆر جار شتەکان گەورە دەکەنەوە. ئەوەی کە ئەو چەند پێشمەرگەیە لە لای ماڵی کاک خدری مامی قوربانییەکان بوون، منیش پێموایە نەدەبوو بەدیل ناو ببرێن. چونکە دوژمن دیل دەکرێ، ئەوانە دیل نەبوون، ئەوانە هێزی خۆماڵین، ئەوانە میوانی ئەزیز و خۆشەویستی ئێمە بوون و خۆشیان خانەخوێ بوون. دەمەوێ ئەو حەقیقەتەش بڵێم ئەگەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات شەڕیان ویستبا و بەرگرییان کردبا، بارەگاکانیان وا بە ئاسانی نەدەگیران. چۆڵکردنی بارەگاکانیان هەستکردن بووە بە مەسئولییەت و هاوکار بوونە بۆ ئەوەی کێشەکە گەورەتر نەبێ و کارەساتی گەورەتری لێ نەکەوێتەوە.

 

لە کاتی رۆیشتندا تەقە لەو برایانە لێ کراوە

سەبارەت بە چۆنیەتی ئەو رووداوە و هێندێک دەنگۆ کە دەگوترێ قوربانییەکان چەکیان پێ بووە و لەناو ئوتۆمبێلەکەوە تەقەیان کردووە ، گوتی؛ " ئەو چەند کەسە بە بێ چەک چوونە مامەڵەیان دەگەڵ کردوونە. ئێمە پێمان خۆشە لەو بابەتەشەوە لێکۆڵینەوەی ورد بکرێ. ئەوەی ئێمە لە ٣ شایەتحاڵ وەرمانگرتووە کە لەناو رووداوەکە بوونە، چوونە لەوێ دەمەقاڵێ دروست بووە. پێنج کەس بوونە. چوار برا و ئامۆزایەک. دوای ئەوەی ویستوویانە بڕۆن، تەقەیان لێ کراوە. تەنانەت بە "بیکەیسی‌"ش تەقەیان لێ کراوە و برایەکیان بە برینداری ئوتۆمبێلەکەی هێناوەتە خوار شوێنی رووداوەکە هەتا ئوتۆمبێلێکی دیکەیان گەیشتووەتێ. هەمووش ئەزموونی پێشمەرگایەتیمان هەیە، ئەگەر ئەو  پێنج کەسە بۆ شەڕ چووبن بە پێی راگەیەندراوەکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، بێگومان دەبوو هەر یەکی لە نوختەیەک کوژرابان یاخود بریندار بووبان. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەموو بەیەکەوە پێکراون. بەدوای ئەو رووداوەوە لێرەو لەوێ شت دەگوترێ و دەنووسرێ کە عەلەلئەساس من "لوقمان وەردی" دەگەڵ ئیتلاعات دانیشتوومە و پیلامانمان داڕشتووە من سێ ساڵە نەوێراوم سەفەری ئێران بکەم. ساڵێک چووم، بۆ ماوەی سێ سەعات لە سنووری حاجی ئومەران رایانگرتم و هەموو گیانیان پشکنیم و بڕیارم دا رووی تێنەکەمەوە. ئەوە هەمووی تۆمەتێکی ناڕەوایە و بەداخەوە هەڵدەبەسترێن. رەنگە هێندێکیش ئەو تۆمەتە بدەنە پاڵ یەکێتی نیشتیمانی. بەڵام بەدڵنیاییەوە حەقیقەت شتێکی دیکەیە و لێکۆڵینەوەکان هەموو شتێک ئاشکرا دەکەن و روون دەکەنەوە.