بەرابەر بە |

چالاکانی مەدەنی شاری بۆکان بانگەوازێکیان بڵاو کردەوە

s_580_300_16777215_00_images_farsi_21432829_1995442107359105_9034329080210278956_n.jpg

رۆژهەڵات تایمز: بۆ مەحکوومکردنی کوشتنی کۆڵبەران لە لایان هێزە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە داخوازییەکانی شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، چالاکانی مەدەنی شاری بۆکان بانگەوازێکیان بڵاو کردووەتەوە و داوا دەکەن کە خەڵکی بۆکانیش دەنگی ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی.
دەقی بانگەوازەکە:
خەڵکی خاوەن هەڵوێستی شاری بۆکان:
هەر وەک ئاگادارن پارێزگا کوردەکانی ئێران بە هۆی لە پەڕاوێزهاویشتنیانەوە لە لایەن ناوەندەکانی دەسەڵات دارەوە لە هەژار ترین پارێزگاکانی ئێران دێنە هەژمار و خەڵکی شارە سنووریەکانیش بۆ بژێوی ژێانیان ناحیلاجانە روویان لە کۆڵبەری کردووە.
بە خوێندنەوەیەکی کورد لە هۆکاری سەرهەڵدانی دیاردەی کۆڵبەری دەتوانین بگەین بەو ڕاستیە کە هۆکارەکانی دەگەرێتەوە بۆ سەر نامەسئوول بوون و بە ئەمنی کردنی پارێزگا کوردەکان لە لایەن لایەنە پێوەندیدارەکانی دەسەڵات دار بەسەر کۆمەڵگاکەمان.
سەرەڕای ئەو دۆخە نالەبارە ناوەندە ئەمنیەکانی سنوور پارێز سیلەی تفەنگەکانیان لە سەر کۆڵبەران هەڵنەگرتووە و رۆژانە کۆڵبەرانیان کردووتە قوربانی ڕق و کینەکانیان.
لە درێژەی کوشتنی بێ بەزەییانەی کۆڵبەران خەڵکی شاری بانەی خۆشەویست بۆ پشتیوانی کردن و هاوخەمی دەربڕین لە بنەماڵەی دوو کۆڵبەری شارەکەیان کە رۆژی سێشەممە بە دەستی هێزە ئەمنیەتیەکان گیانیان لێ ئەستێندرا،گرد بوونەوەیەکی مەدەنیانەیان لەبەر دەم فەرمانداری ئەو شارە رێک خست کە هێزە ئەمنیەکان لەوێش بە گوللە وڵامی ئەو چالاکە مەدەنیانەیان داوە.
هەر بۆ پشتیوانی کردن لە شاری بانە چالاکانی مەدەنی ئەو شارە رۆژی پێنج شەممە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد کە لەوێش ئەو چالاکوانانە رووبەرووی هێزی دژە شۆڕش بووەنەوە.
لە کرماشانیش بەهەمان شێوە گردبوونەوەیەک پێک هات کە چوار کەس لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کراون و تا ئێستاش بێ سەروو شوێنن.

هاونیشتمانیانی بەرێز:
ئەوە لە حاڵێک دایە کە هەموو ئەو گردبوونەوانە لە رووی مەدەنیەوە بووە و لە رووی یاساییشەوە هیچ گرفتێکی نەبووە.
بەڵام بەداخەوە دیتمان کە ناوەندە ئەمنیەتیەکان بێ بەزەیانە ئەو گردبوونەوە مەدەنیانەیان کردە ئەمنیەتی.
ئێمە چالاکانی مەدەنی شاری بۆکان بۆ پشتیوانی کردن لە کۆڵبەران و بۆ پشتیوانی کردن لە کۆمەڵگای مەدەنی ناڕەزایەتی خۆمان دەردەبڕین و تا ڕاگەیەندراوی دووهەممان داواکارین لە لایەنه پێوەندیدارەکان دەسبەسەر کراوان بێ قەیدوو شەرت ئازاد بکەن و لە دادگایەک کە هەموو کەس بتوانێ تێیدا بەشدار بێ ئەو تاوانبارانەش دادگایی بکرێن کە گیانی دوو کۆڵبەری بانەیان ئەستاند.

چالاکانی مەدەنی شاری بۆکان.

چاوەڕوانی ڕاگەیەندراوی دووهەمی چالاکانی مەدەنی بۆکان بن.