بەرابەر بە |

ئارپە و جرپە!

s_580_300_16777215_10_images_qilaoqanj_qilaoqanj.png

قیله‌وقانج
سوبحانەڵڵا ئەو کوردە ئیشتیای لە گەمەیە! ئەوە لە گەرمەی داوەتێ دا تووزەلەژەن گووپی خۆی دەدڕێنێ بۆ وەی دوو تمەنی حەڵاڵ بۆ منداڵان بباتەوە ماڵێ، کەچی لە ناکاو گەنجێکی قۆشمەی دێتە بن گوێچکەی و پێی دەڵێ: لە بازاڕی هەڵووژە هاتووە سوور سوور هەموو دەنکی ئەوەندە!!!!
ئیدی تووزەلەژەنی ماڵوێران زاری پڕ دەبێ لە ئاو و گووپی پووچ دەبێتەوە و ئاو و هەوا بەیەکەوە دەچن لە قورگی تووزەلەکەوە! لێرەدایە تووزەلەژەن ئارپەی لێ دەبێتە جرپە و هەرچی دەکا وەک خۆی لێ نایەتەوە.
هەڵبەت کوردی کۆڵنەدەر، لە سەنعەتی ئارپە بە جرپەکردندا، هەر بە هونەرمەندان ڕانەوەستاوە و شێتەکانیشی لەو هونەرەی خۆی بێبەری نەکردووە. "بلە"یەکمان هەبوو هەر جار کە دەتبینی ئەوەندە ڕێکوپێک و لەسەر خۆ بوو بۆ وەی دەبوو بۆینباخێکی لە ملی ببەستی و لە یەکێک لە فەرمانگەکان بیکەی بە بەڕێوەبەر! کەچی لە ناکاو گەنجێکی لێ پەیدا دەبوو و هەر ئەوەندە دەیگوت: "دایە دەڵێ شیر"، ئیدی "بلە"ی بەستەزمان چنگی لە زەوی و ئاسمانان دەدا و بە کەس ڕانەدەوەستا.
بەڵام من لێڕەڕا دەمهەوێ نەریتی "بە جرپەکردنی ئارپە لە خەڵکان" بگۆڕم و بە هێندێک دەستتێوەردانەوە بە جیهانی بکەم، جا هەر کاتێک ویستت سەر لە دنیا و دراوسییەکانت بشێوێنی و ئارپەیان لێ بکەی بە جرپە، هەر ئەوەندە بەسە بڵێی: "بارزانی دەڵێ سەربەخۆیی!"
ئیدی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل و مەترسیی داعش و ... هەموو لە بیر دەچنەوە. "جۆن کێری" وەکوو پووره‌ "بەسێ" بوخچەکەی لەبن باخەڵی دەگرێ و دەکەوێتە ئەو ماڵ ئەو ماڵان. ئەوەی حەفتا ساڵە لە سیاسەت کشاوەتەوە گونی چەکەرە دەردەکاتەوە و دێتەوه‌ مەیدانێ! یەک دەهۆڵ لێدەدا، یەک لە خۆشییان گەشکە دەیگرێ، یەک لە ترسان سەکتە لێی دەدا، لەو نێوانەشدا بازاڕی بورسی کوردایەتی ڕوحێکی نوێی دێتەوە بەر، هەر بۆیە دەڵێم جار جار پێویستە بڵێێن: "بارزانی دەڵێ سەربەخۆیی."