بەرابەر بە |

بیره‌وه‌ریی رۆژانی حه‌ماسه‌و فیداکاریی پێشمه‌رگه‌کانی سازمانی خه‌باتی کورستانی ئێران

s_580_300_16777215_10_images_dimana_13348942_1290148367681275_904615079_n.jpg

به‌شی یه‌که‌م-

که‌ریم فه‌یزیان:
خوێنه‌رانی هێژا و خۆشه‌ویستم!
گێرانه‌وه‌ی به‌سه‌رهات و نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریه‌کان، بۆ زۆر مه‌به‌ست و هۆ ده‌کرێ سه‌رنج بدرێن.زۆرێک له‌وانه‌ی که‌ باس و به‌سه‌رهات و بیره‌وه‌ریان نوسیوه‌ته‌وه‌، ئامانجیان زۆرتر ئه‌وه‌بوه‌ که‌ بۆ خۆیان چۆنیان هه‌ڵس و که‌وت کردوه‌و چیان کردوه‌و و چون ژیاون و چ جۆره‌ به‌رگێکیان له‌به‌ر کردوه‌ و چه‌نده‌ زانا بوون و چۆن پله‌کانی ژیانیان بڕیوه‌، به‌ڵام به‌شێکی زۆر له‌وانه‌ش باسی گشتیان کردوه‌و چۆنیه‌تی ژیان و هه‌ڵس و که‌وتی تێکڕاییان له‌به‌رچاوان راناوه‌ و به‌ بێ له‌به‌ر چاو گرتنی هیچ چه‌شنه‌ مه‌سڵه‌حه‌تێکی تایبه‌تی فه‌ردی،چی راسته‌و دووره‌ له‌ پێهه‌ڵداگوتنی ریاکارانه‌و نان پێوه‌خوارن، ته‌نیاو ته‌نیا له‌ پێناو راستی و بزر نه‌بوونی رووداوه‌کان و بۆ ئه‌زمون وه‌رگرتن لێیان، نوسیویانه‌و خستویانه‌ته‌ به‌ر دیده‌ی خوێنه‌ران. ئه‌وه‌ی که‌ من ده‌مه‌وێت له‌م بیره‌وه‌ریانه‌دا باسیان بکه‌م، باسی ژیان و به‌سه‌رهات و خۆهه‌ڵکێشانی خۆم نیه‌ که‌ چیم کردوه‌و چۆن ژیاوم ، به‌ڵکوو باسی ده‌رد و ره‌نج و قاره‌مانه‌تی و فیداکاری و شه‌وڕه‌وی و برسیه‌تی و ره‌نج و خه‌باتی، کاسانێکه‌ که‌ له‌ سه‌نگه‌ر و رێبازی سازمانی خه‌بات،ی کوردستانی ئێراونه‌وه‌، له‌ پێناو سه‌ربه‌ستی گه‌ل و رزگاری نه‌ته‌وه‌ ونیشتماندا، خه‌باتیان کردوه‌و له‌و پێناوه‌دا ئاماده‌ی هه‌ر چه‌شنه‌ فیداکاری وله‌ خۆبوردوییه‌ک بوون. باسی ئه‌و حه‌ماسه‌ و کۆڵنه‌دانانه‌یه‌ که‌ رۆڵه‌ی کوردی خه‌باتی، له‌ هه‌ر هه‌ل و مه‌رجێک دا به‌و په‌ڕی له‌ خۆبوردوییه‌وه‌ ئاماده‌ی ئه‌رک و راسپارده‌کانی خۆی بووه‌.ئه‌وه‌ی من بۆ ئه‌م باسه‌ هه‌ڵم بژاردوه‌ و به‌ته‌مام له‌ چه‌ند به‌ش دا بیخه‌مه‌ روو، باس و به‌سه‌رهاتی یه‌کێک له‌و هه‌زاران جه‌وله‌ و فیداکاریانه‌یه‌ که‌ شێره‌کوڕانی خه‌باتی خوێناوی، له‌ حه‌سته‌مترین هه‌ل و مه‌رج و خه‌ته‌رترین کات و شوین دا به‌رێیانه‌وه‌بردوه‌. هه‌موومان باش ئه‌وه‌ ده‌زانین که‌ له‌ ره‌وتی کارو تێکۆشانی هه‌ر حیزب و رێکخراو دامه‌زراوه‌ێکی سیاسی دا، گه‌لێک رووداوی خۆش و ناخۆش هه‌ن که‌ جێگای سه‌رنجن و هه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ن که‌ ده‌بنه‌ هێما و هه‌وێن و هیزو تین بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئیراده‌مان پته‌وتر و وره‌ و توانامان به‌رزتربێ و له‌سه‌ر داواره‌واکانمان سوورتربین. لێره‌دا داستانی جه‌وله‌یکی سیاسی ــ نیزامی و حه‌ماسه‌و قاره‌مه‌نه‌تی، پێشمه‌رگه‌ی سازمانی خه‌باتتان بۆ باس ده‌که‌م. باسی ئه‌و شه‌هامه‌ت و خۆڕاگریه‌ی که‌ هێزی پیشمه‌رگه‌ی خه‌بات بویانه‌و کردویانه‌ له‌ میژوی گه‌له‌که‌ماندا که‌م وێنه‌بوه‌. هێزێکی که‌م به‌ که‌ره‌سته‌ و ئامرازی سه‌ره‌تاییه‌وه‌، کارامه‌یی و ئه‌زمه‌نی به‌ ماوه‌ زه‌مانێکی که‌مه‌وه‌، له‌ هه‌مبه‌ر هێزیکی هار و ته‌یار ، ئه‌گه‌ر باوه‌ڕ به‌ خۆبوون و ره‌وایی ریبازو باوه‌ڕ نه‌بێ، ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به‌گشتی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی خه‌بات به‌تایبه‌تی، کردویه‌تی و ده‌یکا و تێدا سه‌ربه‌رز و سه‌رکه‌وتوو دیته‌ده‌ر،چۆن باوه‌ڕ ده‌کرێ!. مه‌به‌ست له‌ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م بیره‌وه‌ریه‌ ، راگرتنی یادی شه‌هیده‌ سه‌روه‌ره‌کانمان و رانان و نیشاندانی ره‌نج و تێکۆشانی تێکۆشه‌ران و دڵسۆزانی سازمانی خه‌بات،ی کوردستای ئێرانه‌. بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ گێرانه‌وه‌ی ئه‌م به‌سه‌رهات و بیره‌وه‌ریانه‌ ، ببنه‌ رێگا ئاسانێک بۆ زانیاری دان به‌ نه‌وه‌ی نوێ. چونکه‌ ئه‌وه‌ی که‌ لێره‌دا باس ده‌کرێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌راستی و دروستی و به‌ بێ هیچ چه‌شنه‌چاو و راوێک ،پێشمه‌رگه‌ی سازمانی خه‌بات کردویانه‌ و به‌سه‌ریان هاتوه‌، راسته‌ و هیچی حیکایه‌ت و هه‌ڵبه‌ستراو نییه‌. زۆری تر کراوه‌ و له‌بیر نه‌ماوه‌. با ئه‌م باس و به‌سارهاته‌ وه‌ک به‌شێکی که‌م له‌ ره‌نج و کوێره‌وه‌ی و له‌ هه‌مان کاتدا پڕ له‌ شه‌ره‌ف و شانازی خه‌باتیه‌کان ،وه‌ک یادگار بۆ مێژوو وه‌مێنێ و خوازیارانی زانینی راستیه‌کانی رابردوو له‌مباره‌وه‌ جار جار چاویکی پێدا بخشێنن و به‌هره‌ێکی لیهه‌لکرێنن! پێش ئه‌وه‌ی که‌ بێمه‌ سه‌ر ئه‌سڵی بابه‌ته‌که‌ پێم باشه‌ به‌ ئازیزانی خوێنه‌رم بڵێم: گه‌رچی سازمانه‌که‌مان، سازمانی خه‌بات،ی کوردستانی ئێران، به‌داخێکی گرانه‌وه‌ له‌م جه‌وله‌دا، خه‌سارێکی یه‌کجار گه‌وره‌ و به‌رچاوی ڵێکه‌وت، وه‌ک شه‌هید بوونی فه‌رمانده‌ی قاره‌مان و پارتیزانی لێزان وکارامه‌ ،، کاک سه‌ید عه‌بدولکه‌ریم حسینی ،، و چه‌ندین کادری به‌رچه‌سته‌ و پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان و دڵسۆز و به‌وه‌فا بریندار بوون و سه‌رئه‌نجام که‌م ئه‌ندام بوونی چه‌ند پێشمه‌رگه‌ی تر، به‌ڵام به‌ گشتی جه‌وله‌که‌ جه‌وله‌ێکی به‌ که‌ڵک و به‌رچاو بوو له‌ باری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و نیزامیه‌وه‌، له‌و کات و هه‌ل و مه‌رجه‌دا که‌ داگیرکه‌رانی نیشتمان پێیان وابوو که‌ سازمانی خه‌بات به‌وه‌ی که‌ له‌ سنوور تێپه‌ڕیوه‌ ئیتر ته‌او بوه ‌و که‌سی نه‌ماه‌وه‌. به‌ تایبه‌ت که‌ هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌ شدا سازمان له‌ قۆناغ و هه‌ل و مه‌رجێکی یه‌کجار حه‌ساس و پڕ له‌ که‌ندو کۆسپدا تێده‌په‌ڕی و تازه‌ ده‌سته‌ێک کادر و پیشمه‌رگه‌ی،لێ به‌ لاڕێدا رۆیشتبوون و لێی جیا ببوونه‌وه‌ و، له‌ له‌یه‌کی تریشه‌وه‌ حکومه‌تی ئه‌وکاتی عیراق ببوه‌ کۆسپی سه‌ره‌کی و رێگای نه‌ده‌دا که‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوره‌کانه‌وه‌ بچنه‌وه‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان. سه‌رباری ئه‌م که‌ندوو کۆسپانه‌ش، شه‌ڕی ماڵوێرانکه‌ر و براکوژیی نێوان حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌، که‌ بۆ خۆی گه‌وه‌ترین و به‌رچاوهترین کێشه‌ بوو، هه‌مووی ئه‌مانه‌ ببونه‌ کۆسپ بۆ خه‌بات و به‌رخودانی رۆڵه‌کانی کوردستان له‌لایه‌ک و ببوه‌ هۆی زیاتر هاوسارپچڕاوی و سه‌ره‌رۆیی رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی. به‌ڵام داگیر که‌ران له‌وه‌ بێخه‌به‌رن که‌ ئه‌گه‌ر خه‌باتکار و پێشمه‌رگه‌ بۆ ماوه‌ێکیش به‌شێوه‌ی کاتی له‌ ناوچه‌ و ناو جه‌ماوه‌ر دوور که‌وێته‌وه‌، نافه‌وتێ و پێوه‌ندی ناپچڕی و له‌ هه‌ر کات و زه‌مانێک دا که‌ بیهه‌وێت خۆی رێک ده‌خاته‌وه‌ و سه‌نگه‌ری پیروزی شه‌هیدانی چۆڵ ناکات. داستانی جه‌وله‌ێکی نزیک به‌ سێ مانگی له‌ ناوجه‌رگه‌ی دژمندا له‌ کوردستانێکی ته‌واو میلیتاریزه‌کروادا، له‌ گوندی ریشوانی پشده‌ری باشووری کورستان ده‌ستی پێکرد که‌ ئه‌وده‌م بنکه‌ی هیزی پێشمه‌رگه‌ی سازمانی خه‌بات،ی کوردستانی ئێران له‌وێ بوو. رۆژی 27ی مانگی پوشپه‌ڕی ساڵی 1366ی کۆچی خۆری، له‌سه‌ر بریاری ده‌فته‌ری سیاسی، دوو ده‌سته‌ له‌ پێشمه‌رگه‌کانی هه‌ر دوو مه‌ڵبه‌ندی ،،یه‌ک و ســێ،،ی سازمانی خه‌بات له‌گه‌ڵ هێزێکی تایبه‌ت، به‌ فه‌رمانده‌یی شه‌هید کاک سه‌ید عه‌بدولکه‌ریم که‌ به‌ مه‌به‌ستی جه‌وله‌ێکی سیاسی نیزامی، بۆ ناو قوڵایی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، له‌ باشووری کوردستانه‌وه‌ خۆمان ئاماده‌کرد. پێش به‌ڕێ بوونمان له‌ سه‌عات 10ی به‌یانی دا، له‌ ریشوان، به‌ به‌شداری چه‌ند که‌س له‌ هه‌ڤاڵانی ده‌فته‌ری سیاسی و کومیته‌ی ناوه‌ندی له‌ سه‌رویانه‌وه‌ جه‌نابی مامۆستا سه‌ید جه‌لال حسینی. کۆبونه‌وه‌ێک کرا و دوای قسه‌و باسێکی زۆر له‌سه‌ر هه‌ل و مه‌رجی ئێران ونێوخۆی کوردستان،ریزدار مامۆستا، ئامۆژگاری زۆر و به‌نرخی پێشمه‌رگه‌کانی کرد و دوایه‌ به‌ خوێندنی سروودی سازمان، کۆتایی به‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ هێندرا.له‌ سه‌عات 1ی پاش نیوه‌رۆی هه‌مان رۆژدا ده‌سته‌ ده‌سته‌ ریشوانمان به‌جێ هێشت و به‌ره‌و سوونێ و له‌ێشه‌وه‌ به‌ هه‌وراز و نشێوی بناری قه‌ندیلی سه‌ر به‌رز، ملی رێگامان گرت. پێشمه‌رگه‌ زۆر سه‌ر ودلخۆش بوون ، تامه‌زرۆیی ئه‌وه‌یان بوو که‌ هه‌رچی زووتر بگه‌نه‌وه‌ نێو باوه‌شی خه‌ڵکی دڵسۆز و شۆڕشگێڕی ناوچه‌کان. دوای رێ پێوانێکی زۆر شه‌و دره‌نگانێک گه‌یشتینه‌ تاوڵ و ده‌واره‌کانی مێرگه‌ چه‌کۆ و هێندێک تاوڵی دیکه‌ که‌ له‌ ناوچه‌ی خانێ وه‌ بۆ هه‌وار و مه‌رداری هاتبوونه بناری قه‌ندیل. هه‌رچه‌ند ئه‌و تاوڵ و ده‌وارانه‌ زه‌حمه‌تی زۆری پێشمه‌رگه‌ی رۆژهه‌لات و باشووری کوردستانیان به‌سه‌ره‌وه‌ بوو، له‌ سه‌ر هه‌مووی ئه‌و زه‌حمه‌تانه‌ش را به‌راستی په‌زیراێکی شایانیان لێکردین و رێزی زۆریان لێگرتین. ئه‌و شه‌وه‌مان به‌ قسه‌و باس له‌ سه‌ر وه‌زعی کوردستان و سیاسه‌ت و شێوه‌ی تێکۆشانی سازمانی خه‌بات و خه‌به‌رو باسی ناوچه‌و ناوه‌وه‌ی کوردستان و هه‌ڵس و که‌وتی کاردبه‌ده‌ستانی رژیم له‌ هه‌مبه‌ر خه‌ڵک،برده‌ سه‌ر. رۆژی دوایی ئه‌و خه‌ڵکه‌ دلسۆز و ره‌شماڵ نشینانه‌مان به‌ جێ هێشت و بۆ نزیک بوونه‌وه‌ له‌ جاده‌ی سه‌رده‌ت خانێ، به‌داوێنی قه‌ندیل دا شۆڕ بوینه‌وه‌. که‌ شنه‌ بای کوێستانی قه‌ندیل له‌ سه‌ر و رووی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌دا و به‌ چاو پێکه‌وتنی جه‌ماوه‌ری خۆراگرو شۆڕشگێڕ، چاو و مێشک و دڵیان زاخاو ده‌درا. بالێره‌دا ئه‌وه‌تان پێ بڵێم که‌ مه‌سیری جه‌وله‌که‌مان، ناوچه‌ی به‌ینی سه‌رده‌شت و پیرانشار (خانێ) بوو، ئێمه‌ش پێشمه‌رگه‌کان به‌ زۆری خه‌لکی ناوچه‌کانی تری کوردستان بوین، ته‌نیا چه‌ند که‌س خه‌ڵکی نا‌وچه‌ی سه‌رده‌شت و خانێ مان له‌گه‌ڵ بوون که‌ ئه‌وانیش شاره‌زای ئه‌م شوێنانه‌ نه‌بوون و پیشتر بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌ نه‌هاتبوون . ده‌کرێ بڵێم به‌بێ چاو ساغ و شاره‌زاێک به‌و ناوچه‌دا هاتین. دیاره‌ بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ ناوچه‌کان هه‌موویان هه‌ر یه‌کن، به‌ڵام شوێن و ناوچه‌و جێگایک که‌ که‌متر تییدا گه‌ڕابی ، به‌ تایبه‌ت که‌ ماوه‌ێکیش لێی دوور بوی، جه‌وله‌کردن تێیدا زه‌حمه‌تێکی زیاتری ده‌وێت!. ماوه‌ی دوو رۆژان له‌و بناره‌ ماینه‌وه‌، دوایه‌ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ چۆمی که‌ڵوێ و دۆزینه‌وه‌ی بوارێکی باش بۆ په‌ڕینه‌وه‌، ده‌سته‌ێک له‌ پیشمه‌رگه‌کان چوونه‌ سه‌ر جاده‌ی سه‌رده‌شت بۆ خانێ و دوای راگرتن و پشکنینی چه‌ند ماشین وقسه‌کردن له‌ گه‌ڵ سه‌رنشینه‌کانیان، هه‌ر له‌وێوه‌ ته‌ماسمان له‌گه‌ل باقی هێزه‌کانمان گرت که‌ سه‌ر رێ که‌ون و بێنه‌ خوار بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بتوانین له‌ چه‌م وه‌په‌ڕین. به‌داخه‌وه‌ تا ئه‌وان هاتن هه‌و تاریک بوو، له‌ چۆمه‌که‌ نزیک بوینه‌وه‌، چۆمی چــی؟، له‌و بێده‌نگیه‌ی شه‌ودا وه‌ک عه‌زاێک لرفه‌و هاژه‌ی ده‌هات. کێ بێ و بوێری که‌ خۆی له‌ گه‌وروی ئه‌و هه‌ژدیهایه‌ هاوێژێ!؟. به‌ڕاستی شتیکی زۆر ناخۆش و ترسناک بوو، بۆ بێ شانسیش ئێمه‌ له‌ درێژایی ئه‌و چۆمه‌دا چونکه‌ ناشاره‌زا بوین، شوێنێکی خوڕمان بۆ په‌ڕینه‌ ره‌چاو کردبوو. ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هه‌مووی ناخۆشتر بوو ئه‌وه‌ بو که‌ زۆربه‌ی پیشمه‌رگه‌کان مه‌له‌یان نه‌ده‌زانی و ئه‌وه‌ی که‌ مه‌له‌وانێکی باش بوو و هه‌موو هیوامان به‌و بوو، پێشمه‌رگه‌ێکی گیله‌کی زمان بوو به‌ ناوی،، عــه‌بباس،، که‌ خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ری ره‌شت بوو و که‌سمان له‌و مه‌له‌وانتر نه‌بوو. هێنامان پشتویمان له‌ ناوقه‌دی به‌ست و ئه‌ویش خۆی له‌ ناو چۆم هاویشت. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان زانی به‌ فارسی هاواری کرد: منو بکشین بیرون. واته‌ رام کێشنه‌ده‌ره‌وه‌. که‌ ئه‌م براده‌ره‌مان نه‌یتوانی به‌بێ شتومه‌ک له‌و چه‌مه‌ بدات، به‌ یه‌کجاری ناهومێد بووین. ناچار گه‌ڕاینه‌وه‌ دواوه‌ بۆ شوێنی رۆژی پیشوومان بۆ ئه‌وه‌ی راوێژ و ته‌کبیرێکی تر بکه‌ین و بوار و شوێنێکی تری په‌ڕینه‌وه‌ ده‌ست نیشان بکه‌ین. هه‌ر بۆیه‌ بۆ مانه‌وه‌ تا رۆژی دوایی حه‌شارگه‌ێکی باشمان دۆزیه‌وه‌ و رۆژی دواتر هه‌ر به ‌رووناکی له‌ نزیک گوندی کانی سپی که‌ مه‌قه‌ڕی جاش و پایه‌گای به‌سیجی لێ بوو له‌ جاده‌ نزیک بوینه‌وه‌. پیاوێکی خه‌ڵکی گونده‌که‌ که‌ له نزیکمان بوو بانگمان کرد و دوای خۆ پێناساندنمان داوامان لێکرد که‌ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ یارمه‌تیمان بدا و بوارێکی باشمان نیشان بدات.له‌ وه‌ڵام دا به‌ روویه‌کی گه‌شه‌وه‌ فه‌رموی به‌چاوان ، ئه‌وه‌ی به‌ من بکرێت بۆتان ئاماده‌م. وه‌ک ئه‌و دڵسۆزه‌ بۆ ی باسکردین که‌ زۆر جاران له‌م باره‌وه‌ یارمه‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌کانی تریشی داوه‌. ئه‌ی ووت: ئه‌گه‌ر مرۆڤ شاره‌زای ده‌راو و بورای ئه‌م چۆمه‌ نه‌بێ ناتوانێ هه‌ر وا به‌ ئاسانی به‌ شه‌و لێی بپه‌ڕێته‌وه‌. سه‌رتان نه‌هێشێنێم مامه‌ی دڵسۆز و چاوساغ پێشمان که‌وت و له‌ ته‌نکاوێکه‌وه‌ په‌ڕاندینیه‌وه‌ که‌ ئاوه‌که‌ تا سه‌ر سێنگمان ده‌هات. له‌ دڵی خۆم دا ده‌م وت: جا ئه‌گه‌ر ئه‌م پیاوه‌مان لێ هه‌ڵنه‌که‌وتایه‌ ده‌بوو هه‌موو جه‌وله‌که‌مان له‌ده‌ور و بناری قه‌ندیل به‌سه‌ر ببردایه‌!. لێره‌ش دا قسه‌ێکی سه‌یر و خۆشتان بۆ بگێڕمه‌وه‌: که‌ ئه‌وبه‌ر چۆمه‌که‌ که‌وتین و هه‌موو پێشمه‌رگه‌کانمان به‌سه‌رکرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین هه‌موو هاتوون، له‌و کاته‌دا چه‌ند که‌سمان هاتنه‌ لام و وتیان فڵان که‌س ئه‌رێ بۆمان هه‌یه‌ سه‌ده‌قه‌ی سه‌ری خۆمان که‌ بێمزه‌ڕت له‌و چه‌مه‌ په‌ڕینه‌وه‌، پوڵێک به‌دین به‌م پیاوه‌؟ من ده‌ستم نه‌خسته‌ رێگایان. زۆریان هه‌وڵ له‌گه‌ڵ دا ئه‌و مرۆڤه‌ دڵسۆز و دڵپاکه‌ قه‌بووڵی نه‌ده‌کرد و ئه‌وانیش به‌ زۆر به‌سه‌ریاندا بڕی و پاشان ماڵئاوایی لێکردین و رۆێشت که‌من لێره‌وه‌ بۆ جارێکی تریش سپاسی ده‌که‌م و سڵاوی بۆده‌نێرم و هیوادارم که‌ به‌سه‌ربه‌رزی و ته‌ندروستی له‌ژیاندا مابێ. ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌گه‌ل بوون ره‌نگه‌ له‌بیریان مابێ که‌ پێم وتن یه‌کی سه‌د تمه‌نتان دا که‌ ئه‌مبه‌ر که‌ون، به‌سه‌ری من دوایه‌ یه‌کی هه‌زار تمه‌ن ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌وبه‌ر که‌ونه‌وه‌!. دوایه‌ش توشی ئه‌م باسه‌ده‌بینه‌وه‌. دوای ئه‌م باس و خواسانه‌ به‌رێ که‌وتین و چوینه‌ ده‌وروپشتی ئاوایی ،،گوڵه‌که‌،،. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ نابه‌ڵه‌د بوین خۆمان له‌ خه‌لک ئاشکرا نه‌کرد تارۆژی دویی نزیک نیوه‌ڕۆ. پێش نیوه‌ڕۆ چوینه‌ ناو ئاویی و به‌ عاده‌تی خۆمان ده‌مه‌زراین و ئه و‌ رۆژه‌ له‌وێ ماینه‌وه‌. شه‌و دره‌نگانێک بۆ درێژه‌دان به‌ جه‌وله‌که‌مان به‌ره‌و ناوجه‌ی زمزیران به‌و کیوانه‌دا رێمان بڕی و دوای رێ پێوانێکی زۆر گه‌یشتینه‌ ده‌وروپستی زمزیران. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ مۆڵگه‌ی دژمن له‌ ته‌نیشت ئاوایی بوو، له‌ به‌ر پاراستنی سه‌رو ماڵی خه‌ڵکی گونده‌که‌ و به‌رگرتن له‌ رووداوی ناخۆش ، تا تاریکان داهات نه‌ چوینه‌ ناو گونده‌که‌.پاشان که‌ چوینه‌ ناو ئاوایی خه‌لک هه‌موویان به‌ پێشوازیمانه‌وه‌ هاتن و ده‌سته‌ ده‌سته‌ دامه‌زراین و دوای حه‌سانه‌وه‌و نان و چایی خواردن، پێشمه‌رگه‌و گه‌نجانی ئاوایی که‌وتنه‌ قسه‌و باس و هه‌وال پرسی، خه‌لکی زمزیران به‌گشتی سازمانی خه‌بات یان خۆش ده‌ویست و چه‌ندین که‌سیان له‌ هێزی سه‌رده‌شتی سازمانی خه‌بات دا پێشمه‌رگه‌بوون. تا سه‌عات دووی شه‌و له‌وێ ماینه‌وه‌ و دوایه‌ به‌ره‌و ئاوایی سارتکێ و ناوچه‌ی سیسێر و نستان که‌وتینه‌رێ. که‌ گه‌یشتینه‌ سارتکێ زۆری شه‌و نه‌مابوو و به‌باشمان زانێ خۆمان ئاشکرا نه‌که‌ین. به‌تایبه‌ت که‌ له‌ گوندی سارتکێ مۆڵگه‌ی دژمنی لێ بوو. به‌ناو ئاوایی دا تێپه‌ر بوین و زۆر له‌ ئاوایی دور نه‌که‌وتینه‌وه‌ له‌به‌ر هیلاکی خۆمان لێ به‌ عه‌رزی دا دا و خه‌وتین. دوای ماوه‌یکی که‌م رۆژ بوه‌وه‌، که‌ تماشای ده‌ورو به‌ری خومانمان کرد له‌ چه‌ند سه‌د میتری پایه‌گاێکی دژمن خه‌وتووین که‌ نیگه هبانی پایه‌گاکه‌ له‌ نزیک مانه‌وه‌ ده‌هات و ده‌چوون. هه‌ر بۆیه‌ زۆر زوو به‌ په‌له‌ که‌وتینه‌ خۆ و بارگه‌و بنه‌مان پێچایه‌وه‌ و خۆمان به‌ هه‌ر شێوه‌ێک بێت دور خسته‌وه‌، وابزانم نیگه‌ هبانه‌کانی پایه‌گاکه‌ هه‌ستیان پێ کردبوین. دوای حه‌سانه‌وه‌ هه‌ڵکشاین بۆ کۆخه‌کانی پشتی سارتکێ بۆ نزیک ئاوایی نستان. ماوه‌ی دوو رۆژان له‌م ناوچه‌یه‌ ماینه‌وه‌. به‌ شه‌و بۆ ناو ئاواییه‌کان سارتکێ و قوڵه‌سمۆر و به‌ رۆژیش بۆ پشتی ئه‌و ئاواییانه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ چه‌ند پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و ناوچه‌مان له‌گه‌ڵدابوون ، لێره‌ ئیتر بڕیک حاڵ و وه‌زعمان باشتر بوو. ئه‌و جار به‌ره‌و تاوڵ و ره‌شماڵه‌کانی کوێستانی به‌ینی سیسێر و نستان و زاواکێو سه‌ر که‌وتین و له‌وێش ماوه‌ێکی باش ماینه‌وه‌. زۆر خۆمان له‌ قه‌ره‌ی شه‌ڕ نه‌ده‌دا ، مه‌گه‌ر بۆ به‌رگری له‌ خۆمان و له‌رووی ناچاری، چونکه‌ پێمان سپێردرا بوو که‌ پێش هه‌موو شتێک له‌ ناوچه‌دا خۆمان نیشانی جه‌ماوه‌ر بدین و سه‌ردانی ریكخستنه‌کان بکه‌ین وبۆ دامه‌زراندن و هۆنینه‌وه‌ی شانه‌ی تازه‌ تێبکۆشین. له‌ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ پێیاندا هاتبوین، به‌ ناردنی په‌یامی رادوێیی هه‌موو شانه‌ و رێکخستنه‌کانمان له‌ شار و گونده‌کان ئاگادار ده‌کرده‌وه‌ که‌ به‌ هه‌ر شێوه‌ێک بۆیان ده‌کرێت پێوه‌ندیمان پێوه‌بکه‌ن. که‌ به‌ خۆشیه‌وه‌ له‌م باره‌وه‌ کاره‌کانمان زۆر سه‌رکه‌وتوو بوون،له‌ هه‌موو بارێکه‌وه‌ ئاگاداری جموجوڵی دژمن بوین و هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ ده‌مانتوانی کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ل دۆست و ئه‌ندام و لایه‌نه‌گرانی خۆمان بکه‌ین و ئه‌رکه‌ سازمانیه‌کانیان پێڕاسپێرین. که‌ تاوڵه‌کانی سیسێرمان به‌ جێ هێشت به‌ره‌و ناوچه‌ی بانه‌ شۆڕ بوینه‌وه‌ و له‌ رێوه‌ هاتینه‌ گوندی سووتوو. له‌وێ زۆر به‌گه‌رمی له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ پێشوازی کراین و به‌ته‌واوی بۆی حه‌ساینه‌وه‌، ده‌مێک بوو له‌و خه‌لکه‌ دڵسۆزه‌ دوور بوین و هه‌ر دوولا تامه‌زرۆی دیداری یه‌کتر بووین. تائێواره‌ له‌وێ بووین و بۆ شه‌و چوینه‌ به‌رده‌ڕه‌ش،که‌مۆڵگه‌ی دژمن له‌و به‌ر ئاوییه‌وه‌بوو. پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ئاوایی به‌رده‌ڕه‌ش له‌ لایه‌ن براده‌رانه‌وه‌ ئاگادار کرامه‌وه‌ که‌ که‌سێکمان به‌ناوی عیسا دیار نییه‌ و نازانین چی به‌سه‌ر هاتوه‌!. دیاره‌ چه‌ند رۆژ پێشتر عیسا له‌گه‌ڵ براده‌رێکی تری پێشمه‌رگه‌دا ده‌م بۆڵه‌ێکیان ببوو، دوای وردبوونه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ بۆمان ده‌رکه‌وت که‌ به‌و هۆیه‌وه‌ ناره‌حه‌ت بوو و رویشتبوو خۆی ته‌حویل دابۆوه.به‌ڵێ چوینه‌ به‌رده‌ڕه‌ش، به‌راستی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ماوه‌ێک بوو هێزی پێشمه‌رگه‌ی هیچ لایه‌نێک له‌و ناوه‌دا نه‌بوو، وه‌زعی ناوه‌وه‌ زۆر دژوار بوو.پێشمه‌رگه‌ زۆر به‌ زه‌حمه‌ت ده‌ی توانی جه‌وله‌ بکات. رژیم پڕوپاگه‌ندی کردبوو که‌ پیشمه‌رگه‌ هه‌مووی له‌ سنووره‌کان ئاوابوون و نه‌ماون. به‌ڵام هێزی پۆڵایینی له‌بن نه‌هاتووی گه‌ل به‌ گشتی و هێزی به‌وره‌ و خاوه‌ن باوه‌ری پێشمه‌رگه‌ی سازمانی خه‌بات،ی کوردستانی ئێران به‌تایبه‌تی، بێ باک له‌و هه‌موو هێزه‌ ته‌یار و ناوچه‌ میلیتاریزه‌ کراوه‌،خۆیان گه‌یانده‌وه‌ ناو خه‌ڵکی شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه‌ په‌روه‌ری ناوچه‌کان. ئه‌و شه‌وه‌ تا دره‌نگانێک له‌ ئاوایی به‌رده‌ڕه‌ش ماینه‌وه‌ و دوای قسه‌و باسێکی زۆر و کۆبونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ خه‌لکه‌که‌، که‌ بوه‌ هۆی خۆشحاڵی جه‌ماوه‌ر، به‌راستی هه‌ستی پاک و نیشتمان په‌روه‌ری وشۆڕش دۆستی ئه‌و خه‌لکه‌ کارێکی کردبوو که‌ نه‌مانده‌توانی و نه‌مان ده‌زانی چۆنیان به‌جێ بهێڵین. به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ و پارتیزان، مانه‌وه‌ی زۆر له‌ جێگاێک ناگونجێ و ره‌نگه‌ زیانی به‌دواوه‌بێ. ئه‌م گوندانه‌ی باسیان ده‌که‌م هه‌موویان مۆڵگه‌ی دژمنی داگیر که‌ریان، یان له‌ناو گونده‌که‌دا هه‌بوو یان له‌ چه‌ند سه‌د میتیری. هه‌ر بۆیه‌ نه‌ده‌کرا به‌ تێری دڵی خۆمان له‌ ناو جه‌ماوه‌ردا بمێنینه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌مان خۆی ته‌سلیم به‌ دژمن کردبۆوه‌، مه‌جبوور بوین که‌ شێوه‌ و رێڕه‌وی گه‌ڕانه‌که‌مان بگۆڕین که‌ له‌وه‌ پێش دیاریمان کردبوو. به‌ هه‌ر حاڵ ماڵئاواییمان له‌و خه‌لکه‌ به‌وه‌فایه‌ کرد و دوایه‌ له‌ ده‌ری ئاوایی به‌ره‌و کۆخه‌کانی پشتی به‌رده ره‌ش رێگای خۆمان گۆڕی و بۆ به‌رزایه‌کانی به‌ینی به‌رده‌ڕه‌ش و پیاوێن سه‌ر که‌وتین. له‌وێ به‌ سه‌ر ئه‌و کۆخ و ماڵانه‌دا دابه‌ش بوین و تا رۆژی دوایی دره‌نگانێک له‌وێ ماینه‌وه‌ و له‌ به‌رزاییه‌کان چاودێر و پارێزگارمان دانان. له‌ دوانیوه‌رۆ دا بوو نه‌فه‌رێک که‌ له‌لایه‌ن رێکخستنه‌کانی ناو شاری بانه‌وه‌ دیاری کرا بوو، پێوه‌ندی پێوه‌کردین و ئاگاداری کردینه‌وه‌ که‌ عـیســا خۆی ته‌حویل رژیم داوه‌ته‌وه‌ و یه‌ک سه‌ر چه‌کی جاشه‌تیشی هه‌لگرتوه‌ و بۆته‌ جاش!. عیسا یه‌که‌م که‌س بوو که‌ سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ زانیاری دابوو به‌ دژمن، وه‌ک ئه‌وه‌ که‌ چه‌ند که‌سین کێ به‌رپرسه‌، چ جۆره‌ چه‌ک و که‌رسته‌ێکمان پییه‌. هه‌ر ئه‌و براده‌ره‌ دڵسۆزمان ئاگاداری کردینه‌وه‌ که‌ هێزێکی زۆر و پۆشته‌ی دژمن تێکه‌ڵ له‌ جاش و پاسدار و به‌سیجی له‌ گونده‌کانی: سیاومه‌ ، کانی سوور و زیویه‌ ئاماده‌کراون و به‌ نیازن بێنه‌سه‌رمان و غافڵگیرمان که‌ن و زه‌ربه‌تمان لێبده‌ن.( دیاره‌ من هه‌ر لێره‌وه‌ بۆ جاری چه‌ندم سڵاو ده‌نیرم بۆ ئه‌و دڵسۆزانه‌و سپاسی ئه‌و برا فیداکاره‌شمان ده‌که‌م که‌ ئاوا له‌ خۆبوردوانه‌ ئاماده‌ی هاوکاری بوون و هه‌ن و ئه‌وه‌ندی ئاگاداربم، ئێستاش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌رکه‌ پیرۆزه‌ی به‌رده‌وامه ‌و له‌و ماوه‌ دور و درێژه‌دا پێوه‌ندی خۆی نه‌پساندوه‌ و زۆر وریایانه‌و لێزانانه‌ کاره‌کانی خۆی راده‌په‌ڕێنێ). ئێمه‌ له‌ پلان و به‌رنامه‌ی چه‌په‌ڵی دژمن ئاگادار کراینه‌وه‌، دوای کۆبونه‌وه‌ێکی سه‌ر پێیی پێشمه‌رگانه‌، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ له‌ سه عات سێ و نیودا بوینه‌ سێ به‌ش و هه‌ر کام بۆ شوێنی دیاری کراو به‌ره‌و به‌رزاییه‌کانی که‌به‌سه‌ر ئاواییه‌کانی شێنان و که‌شه‌نێ و پیاوێن دا ده‌ڕوانن به‌ڕی که‌وتین. ده‌سته‌ێک له‌ براده‌رانمان که‌ خه‌ریک بوو له‌ به‌رزاییه‌کان نزیک ببنه‌وه‌، هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ سه‌ر لوتکه‌ی چێاکان، هێزی چه‌ک داری لێیه‌، هه‌ر بۆیه‌ زۆر به‌ هوشیاری و له‌سه‌ر هه‌ست لێیان ده‌چنه‌ پیش بۆ ئه‌وه‌ی که‌ نه‌کا هێزی پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نه‌کانی تربن و ئه‌وانیش هه‌ستیان به‌ جموجوڵی دژمن کردبێ و ئه‌و به‌رزاییانه‌یان گرتبێ! بۆ ئه‌وه‌ی له‌م باره‌وه‌ توشی رووداوی ناخۆش و نه‌خوازراو نه‌بن لێیان ده‌چنه‌ پیش و ده‌نگیان ده‌ده‌ن. جاش و پاسداره‌کان خۆیان به‌ پێشمه‌رگه‌ی حیزب له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و هاوار ده‌که‌ن ده‌ڵێن ئێمه‌ حیزبین و ده‌زانین ئێوه‌ش خه‌باتین، ته‌قه‌مه‌که‌ن و وه‌رنه‌ پێش!. به‌ خۆشیه‌وه‌ یه‌کێک له‌ براده‌رانی ئێمه‌ به‌ناوی ره‌حیم په‌خۆل به‌داخه‌وه‌ ئێستا له‌ ژیاندا نه‌اوه‌، پێشتر له‌ ریزه‌کانی حیزبی دیموکرات له‌ هێزی بانه‌ دا پێشمه‌رگه ‌ده‌بێ و هه‌موو پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسه‌کانی حیزب له‌و هێزه‌دا باش ده‌ناسێ. هه‌ر زوو بۆی ده‌رده‌که‌وێ که‌ ئه‌وانه‌ حیزبی نین به‌ڵکو جاش و پاسدارن . هه‌ر بۆیه‌ پیشمه‌رگه‌کان لێکڕا هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ریان و ته‌قه‌ ده‌ستی پێکرد. شه‌ڕ ماوه‌ی سه‌عاتێک به‌رده‌وام بوو، پیشمه‌رگه‌کان توانیان ئه‌و به‌رزاییانه‌ له‌ دژمن وه‌ستێنن و پاشه‌کشه‌ به‌ هێزی دژمن بکه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌م شه‌ڕه‌دا دوو پێشمه‌رگه‌ بریندار بوون و پاشان رژیم کوێر کوێرانه‌ ئه‌و کێو و ده‌رو دۆڵه‌ و شاخانه‌ی دایه‌ به‌ر ره‌هێڵه‌ی تۆپ و کاتیوشا. ئێمه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی رۆژنه‌بێته‌وه‌، به‌ر له‌ رووناک بوونه‌وه‌ به‌ باشمان زانی شه‌ڕگه‌که‌ به‌جێ بێڵین ، هه‌ر بۆیه‌ پارتیزانانه‌ برینداره‌کانمان رفاند و به‌روه‌ کوێستانه‌کانی پشتی مه‌نیجه‌ڵان دور که‌وتینه‌وه‌. شه‌و و رۆژێک له‌و کوێستانانه‌ ماینه‌وه‌، خواردنمان پێ نه‌بوو هه‌ر بۆیه‌ ده‌سته‌ێک له‌ پێشمه‌رگه‌کانمان نارد بۆ ئاوایی که‌شه‌نێ و له‌وێوه‌ خواردنی باشیان بۆ هێناین. دوای ئه‌وه‌ی که‌ برێکی باش حه‌ساینه‌وه‌ و زانیمان حاڵی برینداره‌کانمان باشه‌و جێگای مه‌ترسێ نین، کوێستانمان به‌ جێ هێشت و ها‌تینه‌ خوار بۆ مه‌نیجه‌ڵان و له‌وێوه‌ بۆ نجنێ سه‌روو و له‌وێشه‌وه‌ بۆ سپیدارێ. که‌ له‌ سپیدارێ بوین رژیم دووباره‌ هێزێکی زۆری تری له‌ کۆخان کۆکردبۆوه‌ که‌ دووباره‌ به‌ خه‌یاڵی خۆی هێرش بکاته‌وه‌ سه‌رمان.به‌ڵام که‌ زانیان هه‌موو به‌رزاییه‌کان و شوێنه‌ حه‌سته‌م و حه‌ساسه‌کان له‌ لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ گێراوه‌، نه‌یان توانی جموجوڵ بکه‌ن. رۆژی دواتر چوینه‌ گوندی بێلوو و له‌وێ هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ باشی هه‌سایه‌وه‌ . له‌وێ به‌ مه‌به‌ستی به‌رز کردنه‌وه‌ی وره‌ی پێشمه‌رگه‌کان و زه‌ربه‌تدان له‌ دژمن و دڵخۆش کردنی خه‌لک به‌ تایبه‌ت که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی هیچ لایه‌نێکی تر له‌ ناوچه‌که‌دا نه‌بوو و هێزه‌کانی حیزب و کۆمه‌ڵه‌ به‌ شه‌ڕی براکوژیه‌وه‌ خه‌ریک بوون،بڕیاری عه‌مه‌لیاتێکی به‌رچاوی به‌رینمان له‌ سه‌ر جاده‌ی بانه‌ سه‌رده‌شت دا و چوین له‌ نێوان گونده‌کای کۆخان و سه‌یدسارم و کانی سوور به‌ درێژایی پێنج کیلۆمیتر جاده‌مان گرت و بۆسه‌مان دانایه‌وه‌، بۆ ئه‌م کاره‌ ده‌سته‌ێکمان له‌ لای بریندار و که‌ل و په‌له‌کان له‌ پشتی مه‌یدانی شه‌ڕ دانا، دوو ده‌سته‌شمان بۆ مۆڵگه‌کانی سه‌یدسارم و کانیسوور و به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی هه‌ر هێزێکی یارمه‌تی ده‌ر بۆ دژمن دانا و دوو ده‌سته‌شمان، ده‌سته‌ێک له‌ مه‌ڵبه‌ندی یه‌ک بۆ سه‌ر پردی سه‌ید سارم و ئێمه‌ش ده‌سته‌ێک هێ مه‌ڵبه‌ندی سێ بۆ سه‌ر جاده‌ له‌ نزیک گوندی کانیسوور دیاری کراین. هه‌ر کام به‌ره‌و شوێنی بۆ دیاری کراو که‌وتینه‌ ڕێ، هه‌ر که‌ له‌ جاده‌ نزیک بوینه‌وه‌ که‌مینه‌کانی دژمن له‌ سه‌ر جاده‌، وه‌ک داعبای خوێڕی کلکیان له‌ گه‌ڵۆز گرتوو به‌ ته‌ختی جاده‌دا به‌ره‌و مۆڵگه‌کانیان هه‌لاتن، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ش به‌ بێ ته‌قه‌ بۆ بازدید چوینه‌ سه‌ر جاده‌. هه‌واڵمان هه‌بوو و ده‌مان زانی که‌ ماشێنی ئه‌رته‌شی و سپا، یان ئه‌و نیروه‌ی که‌ له‌ کۆخان مۆڵدرابوو به‌ره‌و بانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و به‌ تایبه‌تیش که‌ رۆژ زۆری به‌ده‌مه‌وه‌ مابوو. ئه‌وه‌ندی پێ نه‌چوو که‌ دوو ماشینی سپای پاسداران له‌ کۆخانه‌وه‌ به‌ره‌و بانه‌ ده‌هاتن. ده‌سته‌ پێشمه‌رگه‌که‌ی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ک له‌ سه‌ر پردی سه‌ید سارم، دایاننه‌ به‌ر ده‌ستڕێژ و له‌ ماوه‌ێکی زۆر که‌م دا یه‌کێک له‌ ماشینکانیان ده‌ست به‌سه‌ردا گرت و که‌ل و په‌له‌کانیان له‌گه‌ڵ خۆیان هێنان و سه‌رنشینه‌کانی هه‌مویان تیدا چوون. ماشێنی دووهه‌میش که‌وته‌ که‌مینی قاره‌مانه‌کانی مه‌ڵبه‌ندی سێ و که‌سیان ده‌رنه‌چوون و که‌ل و په‌ل و چه‌ک و چۆڵه‌ی ئه‌وانیش که‌وته‌ ده‌ست شێره‌ کوڕانی سازمانی خه‌بات و به‌م جۆره‌ هه‌ر دوو ماشینه‌کان ئاوریان تێبه‌ردراو بوونه‌ خۆڵه‌مێش. ئه‌وه‌ی که‌ شایانی باسه‌، ئه‌وانه‌ی که‌ له‌م ماشینیانه‌دابوون فه‌رمانده‌ر و به‌رپرسانی هێزێکی سپای پاسدارن بوون که‌ بۆ شه‌ڕی عیراق له‌ جبهه‌ی گمۆ بوون. که‌ به‌ڵگه‌نامه‌ و مه‌دارکێکی زۆریان لێگیرا که‌ هه‌موویان ئیستاش له‌ ئیختیاری سازمانی خه‌بات دان. دوایه‌ که‌ هێزی وره‌ داڕماوی دژمن له‌ هیچ لایه‌که‌وه‌ به‌ هاواریانه‌وه ‌نه‌هات، پێشمه‌رگه‌کان به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستانه‌وه‌ هه‌ردوو مۆڵگه‌ی سه‌ید سارم و کانیسووریان هه‌ر به‌و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیه‌ی که‌ له‌دژمنیان گرتبوو، ده‌یه‌ به‌ر ئاگری چه‌که‌کانیان و خه‌ساره‌تێکی به‌رچاویان به‌ دژمن گه‌یانــد، هێشتا رۆژی زۆر مابوو که‌ سه‌رجاده‌ و مه‌یدانی شه‌ڕه‌کامان به‌ جێ هێشت و به‌بێ هیچ چه‌شنه‌ زیانێک به‌ هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانه‌وه‌ به‌ره‌و گوندی زه‌رواوی سه‌روو رێ که‌وتین. تا دره‌نگانێکی شه‌و له‌ نێو شادی و خۆشحاڵی خه‌لکی شۆڕشگێڕی ئه‌م گونده‌دا ماینه‌وه‌. به‌راستی پێشوازی و په‌زیراێکی زۆریان لێکردین به‌و چالاکیه‌ مان زۆر دڵخۆش بوون و گه‌شانه‌وه‌ به‌تایبه‌ت که‌ ده‌مێک بوو زه‌ربه‌ی وا کاریگه‌ر له‌ دژمن نه‌درابوو له‌ ناوچه‌که‌دا. له‌ به‌ره‌به‌یانی دا گوندی زه‌رواومان به‌جێ هێشت و به‌ره‌و به‌رزاییه‌کانی پشتی میراوای سه‌رو و سه‌رقوڵ که‌وتینه‌ رێ. له‌وێ له‌و سه‌ر شاخه‌ به‌رزو دڵگیرانه‌ دانێستین و ئیستراحه‌تی باشمان کرد. سه‌عات ده‌ی به‌یانی رۆژیی دوایی بو که‌ دژمن به‌ هیزێکی زۆر له‌ بانه‌ و کۆخانه‌وه‌ هاتنه‌ شوێنی عه‌مه‌لیاته‌که‌ و ماشێنه‌ سووتاو و جه‌نده‌کی کوژراوه‌کانیان بردنه‌وه‌ و زۆر باشیش ده‌یان زانی که‌ ئێمه‌ له‌و به‌رزایانه‌ین به‌ڵام وه‌ریان نه‌بوو خۆیان له‌ قه‌ره‌ی رۆڵه‌ فیداکاره‌کانی سازمانی خه‌بات،ی کوردستانی ئێران بده‌ن. بالێره‌دا ئه‌مه‌شتان وه‌ک بێروه‌رێکی خۆشی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بۆ باس بکه‌م که‌ له‌ کاتی حه‌سانه‌وه‌مان له‌و به‌رزایانه‌، یه‌کێک له‌ براده‌رانی پێشمه‌رگه‌ که‌ رۆژ ژمێری فه‌رمانده‌ کوژراوه‌ی رۆژی پێشوی پێ بوو و ده‌یخوێنده‌وه‌ له‌ ئاخری هه‌موو رۆژێک دا کابرا نووسیبووی ئه‌لحه‌مدوولیللا به‌ خیر گذت. ئه‌و پیشمه‌رگه‌ که‌ له‌به‌ر خۆیه‌وه‌ ده‌ی خوێنده‌وه‌ له‌ پڕ گوتی: به‌ڵام ئه‌مرۆ به‌ خیر نه‌گذشت!. خۆشه‌وێستانم درێژه‌ی ئه‌م باس و به‌سه‌رهات و گه‌ڕانه‌تان به‌ ته‌مای خودا له‌ به‌شه‌کانی داهاتوودا ده‌خه‌مه‌ به‌ر چاوی ئێوه‌ی به‌رێز و خۆشه‌ویت و هۆ گرانی رێبازی شه‌هیدان و شۆڕشی ره‌وای کوردستان و سازمانی خه‌بات،ی کوردستانی ئێران.