بەرابەر بە |

با ئەو قسە خۆشەش ون نەبێ

s_580_300_16777215_10_images_qilaoqanj_13934841_10205126384118089_9159018880677867857_n.jpg

شۆڕش ئه‌سه‌دزاده‌:
ساڵی ١٩٩١ بنکە و بارەگاکانی حیزب لە دۆڵە "رەقە" و دەفتەری سیاسی لە گوندی "قەڵاسەیدە"ی باشووری کوردستان  بوو. هه‌وا ته‌واو ساردی كردبوو و خه‌ریكی نایلۆن لێدانی خانووەکان بووین. حزب هێشتا نە نه‌فتی بۆ ماڵه‌كان دابین کردبوو نه‌ هیچ سووته‌مه‌نییه‌كی تر.. له‌ هه‌ر چوار ده‌وره‌مان به‌فر سه‌ری شاخه‌كانی گرتبوو. ده‌مانزانی چه‌ند ڕۆژێكی تر به‌فر هه‌موو وڵاتی داده‌گرێ. بۆنی زستانێكی زۆر سارد ده‌هات.ئه‌منیش كادری ده‌بیرخانه‌ بووم و هاوڕێی به‌ڕێزم "عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌دی" هاوكارم بوو. ڕۆژێكیان. هه‌ردووكمان له‌ ده‌بیرخانه‌ دانیشتبووین. ته‌له‌فونه‌كه زەنگی لێدا‌ ئه‌منیش كوتم. "عه‌وڵا" هه‌ڵیگره‌ بزانه‌ كێیه‌.؟؟ عه‌وڵاش كوتی فەرموو. بوو به‌ سڵاو و چاك و خۆشی. زانیم كاك "ئه‌میر قادری" یه‌ کە به‌رپرسی كۆمسیۆنی ماڵی بوو له‌گه‌ڵ كاك مەلا خدر دۆڵه‌گه‌رمی. هه‌واڵی كاك حه‌سه‌نی ده‌پرسی. عه‌وڵاش كوتی كاك حه‌سه‌ن هێشتا نه‌هاتووه‌.  كوتی باشه‌ تاوێكی تر. ته‌له‌فۆن ده‌كه‌مه‌وه‌ .
دوای نیو سه‌عاتی تر زه‌نگی لێداوه‌. من هه‌ڵمگرت. كوتم فه‌رموو كاك ئه‌میر.
كوتی سه‌لام كاك حه‌سه‌ن.
كوتم كاك حه‌سه‌ن نیم
پێكه‌نی و قاقایه‌كی كێشا.
كوتم هه‌و نیم كاك ئه‌میر من شۆڕشم.
كوتی قوربان. شۆخی ده‌كه‌ی. كوڕه‌كان چاوه‌ڕوانن. چیبكه‌ین ؟؟؟
منیش به‌ خۆم نه‌بوو پێكه‌نین گرتبوومی. کوتم باشه‌ یه‌ك ده‌قه‌ ڕاوه‌سته‌. 
عه‌وڵا كوتی ئه‌وه‌ چییه‌ ؟؟؟ کوتم كاك ئه‌میره‌ هه‌ر ده‌ڵێم من شۆرشم كاك حه‌سه‌ن نیم باوه‌ڕم پێناكا. کوتم عه‌وڵا ئێستا خۆمی لێده‌كه‌م به‌ كاك حه‌سه‌ن تۆ كارت به‌ هیچ نه‌بێ.
كوتی زۆر باشه‌. من هه‌ر لێره‌ نیم. ئێ کوتم زۆر باشه‌.
ته‌له‌فونه‌كه‌م هه‌ڵگرته‌وه‌ و ئێستا وه‌كوو كاك حه‌سه‌ن قسه‌م ده‌كردو خۆم كرد به‌ كاك حه‌سه‌ن رەستگار... 
كوتم. ئه‌رێ ئه‌میر ئه‌و جووكه‌ جووكه‌ت لە چییه‌ ؟؟؟
به‌و به‌یانییه‌ ده‌ڵێی هه‌ڵوات خواردووه‌.
به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ كوتی به‌ گیانی ئه‌و كاك حه‌سه‌نه‌ من له‌ مێژه‌ لێره‌م و كوڕه‌كانی ته‌داڕوكات لێره‌ له‌سه‌ر تۆ ڕاوه‌ستاون.
منیش نه‌مده‌زانی كوڕه‌كان بۆچی له‌سه‌ر من ڕاوه‌ستاون. ئه‌ی خودایه‌ بڵێم چی ؟؟
کوتم باشه‌ باش. بۆچی له‌وێن. كو تی ئه‌ی شه‌وێ نه‌تكوت سبه‌ینێ بۆخۆم دێم و پوڵیان ده‌ده‌مێ.
ئه‌ها وابوو. وابوو. باشه‌ یا بۆت ده‌نێرم. یا بۆخۆم دێم.
كوتم. خه‌به‌رو مه‌به‌ر چییه‌ ؟؟؟
كوتی كابراشم به‌ڕێ كرد. له‌گه‌ڵ وایكوت زانیم كه‌سێك به‌ نهێنی لێره‌ بووه‌. 
ئاوڕم داوه‌ له‌ عه‌وڵا بپرسم بزانم دوێنێ شه‌و میوانی تایبه‌تیمان هه‌بووه‌ یا نا! كه‌ دیتم عه‌وڵا ده‌ستی به‌ زگییه‌وه‌ گرتبوو له‌ به‌ر پێكه‌نینان هه‌ر قسه‌ی پێنه‌ده‌كرا.
ئه‌ی خودا چی پێ بڵێم و چۆنی كه‌شف بكه‌م ئه‌و كه‌سه‌ كێ بووه‌.
هه‌ر ده‌یكوت كاك حه‌سه‌ن ده‌فه‌رمووی چی حاڵی نه‌بووم.
کوتم له‌گه‌ڵ تۆم نه‌بوو. ئه‌وه‌ كه‌ی به‌ڕێت كرد؟؟؟؟
كوتی ئه‌ی ناڵێم له‌ به‌یانی زووه‌وه‌ لێره‌م هه‌ر كه‌ به‌ڕێم كرد ئیتر نه‌نووستوومه‌ته‌وه‌
کوتم خۆ كه‌س نه‌یدی ؟؟؟
كوتی قوربان چۆن دێڵم هه‌ر كه‌ گه‌یشتینه‌ سه‌یته‌ره‌ی خۆمان، سه‌ری دانه‌واندو نه‌یاندی. تا ئه‌و جێگایه‌ی فه‌رمووت به‌ڕێم كرد.
نه‌مده‌وێرا زۆری وه‌دوو كه‌وم ده‌نا هه‌موو شتێكم پێ كه‌شف ده‌كرد. مه‌به‌ستیشم نه‌بوو بزانم كێیه‌. من مه‌به‌ستی شتێكی ترم هه‌بوو.
کوتم زۆر باشه‌ ده‌ستت خۆش بێ. به‌ڵام كه‌سێك دیتبێتی گوێت ده‌بڕم ئه‌میر.
كوتی نا نا به‌ سه‌ری تۆ كه‌س نه‌یدیت.
ده‌یویست قسه‌ی تر بكا. قسه‌كه‌ییم پێ بڕی. كوتم. زۆری له‌سه‌ر مه‌ڕۆ  گوێت لێ بێ بزانه‌ چت پێ ده‌ڵێم. كوتی فه‌رموو.
کوتم ئه‌وه‌  "شۆڕش " ده‌نێرم بۆ لات  چل  لیتری نه‌فت بده‌یه‌.
كوتی ئاخر هه‌ر حه‌فتا هه‌شتا لیترمان هه‌یه‌ بۆ نانه‌واخانه‌مان داناوه‌. 
كوتم هه‌یهوو. من ده‌ڵێم چی و تۆ ده‌ڵێی چی. ئه‌وا هات بیده‌یه‌.
كوتی باشه‌ به‌ چاوان.
ته‌له‌فونه‌كه‌م دانایه‌وه‌و. دیتم عه‌وڵا گه‌شكه‌ بووه‌ قسه‌ی پێ نه‌ده‌كرا
کوتم ئه‌وه‌ من ده‌چم نه‌فته‌كه‌ی وه‌رده‌گرم.
ماڵه‌كه‌مان هه‌ر ڕووبه‌ڕووی كۆمسیۆنی ماڵی بوو.
چوومه‌وه‌ هاواری خێزانم كرد کوتم دوو دانه‌ بیست لیتریم بۆ بێنه‌.
كوتی بۆ شكور نه‌فت هاتووه‌. کوتم نه‌چی بیكه‌ی به‌ هه‌را ده‌رو جیرانانم لێ تێبگه‌یه‌نی. نه‌فت نه‌هاتووه‌. كه‌مێك نه‌فت خودا ناردوویه‌تی. ئه‌ی ناڵێن خودا كڵاوی بۆ به‌ڕوو كردووه‌. ئه‌وا خوداش نه‌فتی بۆ ئێمه‌ ناردووه‌.
تونگه‌كانم ده‌ست دایه‌و چوومه‌ ژوورێ. سڵاوم كرد و كاك ئه‌میر له‌ بن عه‌ینه‌كانه‌وه‌ چاوێكی لێكردم و كوتی هاتی ؟؟. کوتم به‌ڵێ كاك ئه‌ میر.
به‌ ڕه‌حمه‌ت بێ مه‌لا خدر دۆڵه‌گه‌رمی و شه‌هید سه‌عدوون بارزان و سوله‌یمان سه‌عیدی و
چه‌ند كه‌سێكی تری لێ بوو.
كاك ئه‌میر به‌ مه‌لا خدری كوت بیست لیتر نەفت بۆ "شۆڕش" بنووسه‌.
منیش كوتم. كاك ئه‌میر گیان چل لیتر بوو.
كوتی نا كاك حه‌سه‌ن كوتی بیست لیتری بده‌یه‌ .
قسه‌یه‌ك له‌ من و قسه‌یه‌ك له‌ كاك ئه‌میر. کوتم كاكه‌ گیان. موشكیله‌ نییه‌ ده‌چمه‌وه‌ بۆ لای كاك حه‌سه‌ن با بۆخۆی ته‌له‌فۆنت بۆ بكاته‌وه‌.
هاتمه‌وه‌ ده‌بیرخانه‌. عه‌وڵا كوتی ئه‌وه‌ چی بووه‌ ؟؟؟
کوتم ئاخر خۆ تۆ لێره‌ بووی تو شه‌ره‌فت من پێم كوت بیست لیتر یا چل لیتر ؟
كوتی وه‌ڵا كوتت چل. ده‌ کوتم كاك ئه‌میر پێی چه‌قاندووه‌ ده‌ڵێ كاك حه‌سه‌ن به‌ منی كوتووه‌ بیست لیتری بده‌یه‌.
عه‌وڵاش كوتی جا بۆ توڕه‌ی؟ پێی بڵێ. تۆ بۆ خۆت هه‌م شۆڕشی هه‌م كاك حه‌سه‌نی هه‌م كاك ئه‌میری.
زه‌نگم بۆ لێداوه‌. سه‌عدوون بارزان هه‌ڵیگرت. كوتی فه‌رموو كێی جه‌نابت.
کوتم حه‌سه‌نم بیده‌ به‌ ئه‌میر. گوێم لێبوو به‌ كاك ئه‌میری كوت كاك حه‌سه‌نه‌.
کوتم ئه‌میر. به‌ڵێ قوربان
ئاخر نه‌مكووت چل لیتری بده‌یه‌ ؟؟؟؟
كوتی پێم وابوو بیستی ده‌ڵێی. كوتم. نا نا. چل ئێستا حاڵی بووی
كوتی به‌ڵێ به‌ڵێ چل لیتر. ئه‌ها. ئه‌وه‌ ته‌واوه‌
ته‌له‌فونه‌كه‌م داخسته‌وه‌ یه‌عنی ها قه‌ڵسم.
دیسان چوومه‌وه‌. کوتم ئه‌رێ چ بوو ؟؟. كاك حه‌سه‌ن زه‌نگی لێداوه‌ بۆت ؟؟؟
كوتی ئه‌دی پێی كوتم. هه‌ی نا شۆڕش وه‌ختا بوو له‌سه‌ر جه‌نابت تووشی كێشه‌ بم له‌گه‌ڵ كاك حه‌سه‌ن
نقه‌ نق دوو تونگه‌م ده‌ستدایه‌و هاتمه‌وه‌ بۆ ماڵێ.
ئێمه‌ چوار ماڵ له‌ ده‌وری یه‌ك بووین. ماڵه‌ مامۆستا مه‌لا محەممەد عوسمانی. ماڵه‌ كاك سه‌عید بێگزاده‌ ماڵه‌ سه‌رگورد. ماڵه‌ من. ده‌وروبه‌ریشمان ماڵه‌كانیكاك حه‌سه‌ن رەستگار ، كاك حوسین مه‌ده‌نی، كاك هاشم كه‌ریمی و كاك جه‌لیل گادانی بوون.
له‌لای سه‌ره‌وه‌مان ماڵه‌ كاك فه‌تاحی كاویان بوو.
تووشی مه‌لا محەممەد عوسمانی بووم. كوتی كاك شۆڕش ئه‌وه‌ ده‌ڵێی نه‌فت هاتووه‌ ؟؟؟
کوتم مامۆستا نه‌فت نه‌هاتووه‌. مه‌یكه‌ به‌ هه‌را خودا ناردوویه‌تی باكی عه‌شتاره‌كه‌تم بۆ بێنه‌ تا بۆت پڕ بكه‌م و ده‌نگێ مه‌كه‌. كوتی كوڕه‌ زۆرت لێ مه‌منوون ده‌بم. نه‌وه‌ڵا ده‌نگێ ناكه‌م هه‌ركه‌ سه‌رم هه‌ڵبڕی دیتم خێزانی كاك سه‌عید هات و کوتم براژن هیچ مه‌ڵێ بڕۆ باكه‌كه‌ت بێنه‌و به‌ بێده‌نگی. خێزانی سه‌رگوردیش هات.
هه‌ر ماڵه‌ی پێنج لیترم دانێ و چوومه‌وه‌ بۆ ده‌بیرخانه‌. عه‌وڵا كوتی چ بوو ؟؟؟
هه‌موویم بۆ گێڕایه‌وه‌. کوتم عه‌وڵا له‌كن كاك حه‌سه‌ن باسی نه‌كه‌ی. كوتی. ناوه‌ڵا. چۆنی باس ده‌كه‌م. دوای سه‌عاتێك دیتم كاك حه‌سه‌ن ده‌ستێك ڕانك و چۆغه‌ی سپی له‌به‌ر كردبوو  ورده‌ ورده‌ له‌گه‌ڵ مسته‌فای كوڕی ده‌هاتن بۆ ده‌بیرخانه‌. هات و سڵاوی كرد و چاوێكی پێدا خشاندم و کوتم چییه‌ كاك حه‌سه‌ن بۆ وا چاوم لێده‌كه‌ی ؟؟؟ كوتی وه‌ڵاهی هه‌تیوه‌ من حه‌سه‌ن بم، شتێكت له‌ بن سه‌ریدایه‌. ده‌تخوێنمه‌وه‌. هیچ كه‌س وه‌ك منت ناناسێ!!!١ 
کوتم وه‌ڵا هیچ نه‌بووه‌... 
كوتی ده‌ی با بزانین. ئه‌وه‌نده‌م نه‌زانی عه‌وڵا پڕماندی و له‌ قاقای پێكه‌نینی دا.
كاك حه‌سه‌ن كوتی. عه‌وڵا پێم ده‌ڵێ. وه‌ڵا عه‌وڵا خۆی پێڕانه‌گیراو ویستی بۆی بگێڕێته‌وه‌.
كوتم نه‌كه‌ی تۆ بۆی نه‌گێڕیته‌وه‌. هێنده‌ی به‌ ناخۆشی بۆ ده‌گێڕییه‌وه‌ قه‌ڵسی ده‌كه‌ی لێم.
كاك حه‌سه‌ن كوتی. نه‌مكوت شتێكت له‌ بن سه‌ریدایه‌. ئاخر ده‌تناسم.
شۆڕش چ بووه‌ بۆخۆت بیگێڕه‌وه‌.
منیش ئێستا چۆنم بۆ ئێوه‌ گێڕاوه‌ ئاواش بۆ كاك حه‌سه‌نم گێڕایه‌وه‌.
هێنده‌ پێكه‌نی شین شین ببووەوە. كوتی خۆ پوڵ و شتی وات لێ نه‌ستا‌ندووه‌. ؟؟؟؟
هه‌ی ده‌ستت خۆش بێ وه‌ڵا نۆشی گیانت بێ. ده‌ی خۆ ناوی نه‌فه‌ره‌كه‌ی پێ نه‌كوتی؟
کوتم وه‌ڵا پێم خۆش نه‌بوو ده‌نا له‌وه‌ زیاتریشی بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌.
كوتی دا ئه‌و ته‌له‌فۆنه‌م بۆ بگره‌.
کوتم بۆ ده‌ته‌وێ چی بكه‌ی ؟؟؟
كوتی ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كه‌م. کوتم بابه‌ پیاوی چاك به‌ به‌ خودای له‌گه‌ڵم به‌شه‌ڕ دێ
كوتی جا ئێستا نیوه‌ی ده‌كه‌ی له‌گه‌ڵم باشه‌ ده‌نا ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌كه‌م. منیش وه‌ك تۆ نه‌فتم نییه‌و سه‌رمامه‌. بۆم ته‌وزیح دا كه‌ به‌شی سێ ماڵی ترم لێداوه‌.
ئاخری ده‌ لیتر لێ وه‌رگرتم.
كاك ئه‌میر نه‌یزانی تا كۆنگره‌ له‌وێ "عه‌وڵا ئه‌حمه‌دی" باسی كرد
كاك ئه‌میر قه‌ڵس بوو كوتی شتی وا نه‌بووه‌. 
كاك حه‌سه‌نیش كوتی دانیشه‌ ئه‌میر خۆت سوور هه‌ڵمه‌گێڕه‌. به‌شیشمان كرد
هەزاران سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی کاک ئەمیری دڵسۆز و زەحمەتکێش و تێکۆشەر
ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ درێژه‌یان هه‌یه‌. ......