بەرابەر بە |

بازگەکانی ژیان (1): "قەرەگۆل" وەک سروشت

هەیاس کاردۆ:
"قەرەگۆل"، گوندێک لە هەزاران گوندی ئەم کوردستانە دڵڕفێنە، ژمارەیەک ماڵی بەقوڕ وبەرد دروستکراوی قەدپاڵی تەپۆڵکەیەکی پشت کووڕی تەقتەقانە. ڕوو بەپێش، جۆگەیەک (قۆپی) ماڵەکان لە دەشتاییەکی جوان و دڵڕفێن جودا دەکاتەوە. دەشتایی، هەمووی زەوی و زاری پڕپیت و بەرەکەتی بەراوە. چەند باریکە ڕێگای بەزستان قوڕ وچڵپاو و بەهاوین تەپ وتۆزاوی بەنێو ئەو دەشتە سەرسەوزەدا قەرەگۆل بەگوندەکانی دەوروبەر دەبەستنەوە. بەرهەمەکانی ئەو کێڵگە دەوڵەمەندە وێنجە، چەوەندەر، بێستان، و گەنم و جۆیە. کەمێک ئەولاتر لەنێو ئەو دەشتاییە بەدیمەنەدا، ڕیزە باغاتێکی یەک لەدوای یەک هەڵکەوتوون کە چاو لەدیتنیان تێر نابێ. چنار سەریان گەیوتە تەشقی ئاسمانێ. شۆڕە بی سەریان چەماندۆتەوە و کڕنۆش بۆ زەوی دەبەن. قانە مێوەکان بەترێی ڕەش وسپی وکشمیشی داپۆشراون. سێو، هەڵووچە، قەیسی، بێ، وهەرمێ سرنجی هەر ڕێبوارێک بۆلای ئەو باغاتە ڕادەکێشن. هەمووی ئەو زەوی وزار وباغاتە بە ئاوی "جۆگەی چکۆلە" پاراو دەکرێن کە ئەویش لە"جۆگەی گەورە" جیا دەبێتەوە وئەو جۆگەیەش لەچۆمی "تەتەهوو" سەرچاوە دەگرێ.
لایەکی دێ، "قۆڕغی قەرەگۆل"ە. ئەو قۆڕغە زستانان پڕ لەئاوە و هاوینان تەڕایی لێ دەبڕێ. سەرچاوەی ئاوی قۆڕغ، چۆمی تەتەهوویە. قۆڕغ، لەسێ لاوە بەکێو وتەپۆڵکە دەور دراوە ولایەکیشی دەگەڵ بەشێک لەماڵەکانی قەرەگۆل تێکەڵ بۆتەوە. پانایی وبەرینایی قۆڕغ ٣، ٤ کیلۆمیتری چوار گۆشەیە و قووڵاییەکەی لەزستاندا دەگاتە میتر ونیوێک. قۆڕغ هەمان "گۆل"ە کە گوندەکەشی بەنێو کراوە: قەرەگۆل، واتە گۆلی ڕەش. (زەمانێک سوپای مەغول ئەو دەوەرەی گرتوە وناوی زۆر شوێن و گوندی گۆڕیون وکردوونیە تورکی. لەو لاتری ئاوایی گۆلێکی دیکە هەیە ناوی "جینگز گۆل" یان چەنگیز گۆلە.)
جوانیی قۆڕغ لەزستاندا لەتاریف نایە. وردە شەپۆلەکانی دەگەڵ خۆیان "ئاوماڵک" دێنن و لەقەراغ ئاوەکە بەجێیان دێڵن. ئاوماڵک بەشێک لەسەرچاوەی سووتەمەنیی خەڵکی دێیە. لەنێوەڕاستی قۆڕغ "سیپە" دروست کراون وڕاوچی بە تاپڕەوە خۆیان لەنێو ئەو سیپانەدا مات کردوە. مراوی، قاز، ڕەشبەشە، کەڵک وچرگ لەو باڵندانەن قۆڕغیان کردۆتە مەکۆی ژیانی خۆیان. "وسێن لەیلێ" ناسراوترین ڕاوچیی نێو قۆڕغە وسێ بەشی ژیانی دەنێو سیپەدا تێپەڕ دەکا. "قامیش"، "جەگەن" و"سێسوو" ڕوەکی ئەسڵیی نێو قۆڕغن. لە گوڵی قامیش بۆ گەسک و لەلاسکەکەی بۆ داپۆشینی خانووبەرە کەڵک وەردەگیرێ. لەجەگەن بۆ دروست کردنی "حەسیر" کەڵک وەردەگرن و سێسووش دەبێتە بەنداوی چۆمی تەتەهوو کە بەشێک لەئاوەکەی دەبێ داببڕدرێ وبخرێتە نێو جۆگەی گەورە هەتا زەوی وزاری خەڵکی گەندەکانی "چۆمی مەجیدخان" تێرئاو بکا. بەهاران نێو ئەو قامیش وجەگەن وسێسوویە لەبەر هێلانەی باڵندەکان ڕێی ڕێداری نیە. تاڵان کردنی هێلانەکان ودزینی هێلکەکانیان سەرگەرمیی ئەسڵیی منداڵانی گوندە. "خدرە کوێر" قۆڕغچیی قۆڕغە وهەرجارە ناجارێک بەسواری ئەسپ لەمنداڵان پەیدا دەبێ. "دایکتان بە بابتان بەگان دەدەم ئەوە بۆ وەنێو قۆڕغێ دەکەون؟" ئەو خەمی هێلکە وباڵندەکانی نیە، بۆ پێخوست بوونی جەگەن و سێسووەکان لەدین دەهری دەبێ.
بەشێکی دیکەی گوند، پشتی بەشاخەوە نووساوە. شاخەکان لەپەنای دێ نەوین وزیاتر تەپۆڵکەن. هەتا لەدێ دوورتر دەبیەوە بەرزیی چیاکان زیاتر دەبن وجوانتر دەردەکەون. بەشێکی زۆری قەدپاڵی ئەو شاخانە زەویی "دێمەکار"ن وگەنم وجۆ ونۆک ونیسکیان لێ دەچێندرێ. بەشی زیاتری داوێنی شاخەکان لەوەڕگەی مەڕ وماڵاتی خەڵکی ئاوایین. کشتوکاڵ ومەڕداری سەرچاوەی بژیوی خەڵکی قەرەگۆلن. مەڕدارە ناسراوەکانی قەرەگۆل گەرمێن وکوێستان دەکەن. کوێستانی "ماینبڵاغ" لە هەوشار هاوینە هەواری ئەو خێڵانەیە. بارەکان لەوشتران دەنێن و مەڕی وەپێش خۆ دەدەن. حەتوویەک دەگرێ هەتا دەگەنە جێ هەوار. سەرەتاکانی بەهار دەڕۆن ونێوەڕاستی هاوین دێنەوە. کە دەگەڕێنەوە لەدەوروبەری ئاوایی "ڕەشماڵ" هەڵ دەدەن وهەتا هەوا ساردی نەکا نایەنەوە نێودێ. بوونی ئەو ڕەشماڵانە لەقەراغ ئاوایی جیلوەیەکی جوان بەخانوە قوڕینەکان دەبەخشێ. شوان وبێری، هەرچەند بۆ خەڵک ناسراون کەچی وەک تازەهاتوو دێنە بەرچاو.
شاخ، گۆل و باخ دەوری قەرەگۆلیان تەنیوە. ئەم گوندە وەک دوڕگەیەک دەچێ لەنێو دیمەنی جۆراوجۆردا. ئاو، لەداوێنی کێوەکان وردە شەپۆلان دەدا. باخ عەتر و بۆن بڵاو دەکاتەوە و شاخیش بەهەیبەتەوە نیگابانی ئەو دەوەرەیە. عەوعەوی سەگەلی شوانان، باعەباعی بەرغەل وکاڕەکاڕی کاریلە، جریوە جریوی باڵندە جۆراوجۆرەکانی نێو قۆڕغ، هازەی هەزاران مێشوولە وقیڕەی لەبڕان نەهاتووی بۆقە زۆرەکانی نێو قۆپی خەو وخۆراک لەخەڵک هەڵ دەگرن. تەنیا تەقەی تاپڕی وسێن لەیلێ دەتوانێ جریوەی چەند باڵندەیەک کەم کاتەوە. "سەولە"ی بەردەمی سەگەکان بۆ ماوەیەک لە عەوعەویان دەخا. دووکەڵی "دەوە" و"تەپاڵە" مێشوولەکان دوور دەخاتەوە. شیری گوانی مەڕ و بزنەکان دەنگی بەرخ و کاریلەکان دەبڕێ. بەڵام هەیهات قیڕەی لەشکری بۆقان بڕانی بۆ نییە.