بەرابەر بە |

بازگەکانی ژیان (2): "قەرەگۆل" وەک خەڵک

s_580_300_16777215_10_images_qilaoqanj_14102182_10206788993994468_7396176187858398868_n.jpg

هەیاس کاردۆ:
"قەرەگۆل" درێژاودرێژ هەڵکەوتووە. پانایی زۆر کەم و بۆ درێژایی مەودای زیاترە. کۆڵانێکی درێژ و ناڕێک ڕۆژهەڵاتی بە ڕۆژئاوایەوە گرێ دەدا. باکووری دێ بە دەشتاییەوە نووساوە و باشووری پشتی بە شاخەوە بەستووە. هەموو گوند ٧٠، ٨٠ ماڵ دەبێ. ماڵەکان زیاتر بە بەرد و قوڕ، یان تەنیا بە "خشتی کاڵ" دروست کراون. پێکهاتەی ئاوایی لە دوو تایفەی سەرەکی و ناسازگار، وێک هەڵنەکەر و کەڵەوەکێش پێک هاتووە. تایفەی "حاجی عەوڵا" کە بەشی زیاتری خەڵکی گوند پێک دێنن و " دوو قڕانیان لەبەری دەستییە بۆ شەڕێ". تایفەی "مەرزینگان"، بەژمار کەمتر، بەڵام دەوڵەمەندترن. ئەوان لاشەڕتر، کەچی بە فێڵترن. لەنێوان ئەو دوو تایفەیەدا ژمارەیەک خەڵکی دیکە هەن کە چارناچار دەبێ لە بەرەیەکدا بن و پشتی خۆیان قایم ڕاگرن. دەو نێوەدا ژمارەیەک خەڵکی بەڕەچەڵەک تورک لەو گوندە دەژین کە ئەوانیش بۆ مانەوەی خۆیان دەبێ سەر بەلایەنێک بن.
لە دوازدە کوڕ و دوو کچی "حاجی عەوڵا" تەنیا یەکیان (میرزا ئەحمەد) کەچە سەوادێکی هەیە و باقیی بەپانەوە دەرگای خوێندنیان بەڕوودا داخراوە. کوڕانی "حاجی عەوڵا " هەمووی خەریکی کاری کشتوکاڵی و مەڕدارین و سەفەری دووریان کوێستانەکانی ماینبڵاغە. ئەوان بەرەی سێ دایکانن و پاش فەوتی حاجی، هەموو لێک جوێ بوونەتەوە. تایفەی "مەرزینگ"ان ژمارەیەک بنەماڵەی دەوڵەمەندی خاوەن زەوی و زار و مەڕی زۆرن. لەنێو ئەوانیشدا تەنیا چەند فەقێیەک هەڵکەوتوون کە دواتر وەلایان ناوە و بوونەتە مووچەخۆری حکوومەت. پێکهاتەی قەرەگۆل وەک حکوومەتی هەرێمی ئێستایە. دوو مزگەوت، دوو گاوان، دوو مەلا و دوو مجێور. هەرچی ئەملا بیکا، ئەولا دژایەتیی دەکا و شەڕ ساز دەبێ. ژن و ژنخوازیی نییە. میوانداری و سەردانی یەکتر نییە. مل بەملە و کەڵەوەکێشی لەوپەڕی خۆیدایە. هەر جارە ناجارێک شەڕە پێـمەڕە و شەنە و داس و گۆپاڵ دەست پێ دەکا و سەر و گوێلاکی چەند کەس دەشکێ. شەڕ لەسەر هەموو شتێک هەڵدایسێ: لەسەر ئاو بەشکردن، لەسەر زیانی لێککردن، لەسەر منداڵ، لەسەر زەوی و زار و لەسەر هەموو شتێک. قەرەگۆل بووەتە مەیدانی ڕمبازێنی دژبەرەکان و ناشیرینیی خەڵکەکەی، جوانیی سروشتەکەی ون کردووە.
تەنیا سەرچاوەی ئاو خواردنەوەی گوند، "بیر"ە. بیر لەوبەری قۆپی هەڵکەوتووە و کچان و ژنانی دێ دەبێ سەتڵ بەدەست و گۆزە لەشان لەو بیرەڕا ئاو بکێشنەوە. قووڵایی بیر هەر ٣، ٤ میتر دەبێ و دەورەکەی هەمووی وردە بەردی دەنێو قوڕدا نوقم بوویە. ئاو دەبێ بە سەتڵ هەڵێنجدرێ. سەتڵەکان هەر یەکەی بە پەتکێکەوە گرێ دراون و ڕۆ دەهێڵدرێنە نێو بیر. هەرجارەی چەند سەتڵ بە یەکەوە شۆڕ دەبنەوە وبە پڕی دێنەوە سەرێ. دەوری بیر قوڕاوییە و بەشی زۆری قوڕاوەکە دەگەڵ سەتڵەکان دەچێتەوە نێو ئاوەکە. سەربیر مەکۆی قسەوباسی ژنانە و تەنیا شوێنێکە بۆ دەردی دڵکردن و قسە هێنان و بردن. باسی دڵداریی کچانی تازە پێگەیشتووش هەر لەو دەوەرە گەرمە. سەر رێی بیر و ماڵان بە جحێڵانی گرفتاری ئەوین تەنراوە. هەر گۆشەیەیەک ڕووی تێدەکەی لاوێکی پێچ لەسەری کاکۆڵ داهێندراوی عەتر لەخۆدراو کەمینی لێ گرتووە و چاوەڕێی کچانی گۆزە لەشانە بگەڕێنەوە. ئەوان تەسبێح هەڵدەسووڕێنن و لەژێر لێوانەوە نارەیان دێ. هەمووی بە ئاواتن لە نیزیکەوە مەعشووق ببینن و ئەگەر کرا "هەی بەقوربانت بم"ێکیان ڕێ هاڵێنن. ئەوان تەنیا بۆیان هەیە چاو لەو کچانە بکەن لەبەرەی ماڵی بابی خۆیان دان. لێرە دڵدارییش بەش کراوە.
خەڵکی قەرەگۆل بەپانەوە کاسب وزەحمەتکێشن. مەڕداری لێرە ڕمێنی زۆرە. ئەوانەش زەوی وزاریان هەیە بەسەختی پێیەوە خەریکن. لە دوو مزگەوتان هیچیان مەلای تەواو وەختیان نییە. سێ بەشی ساڵ مزگەوتەکان چۆڵن و دەرگایان گاڵە دراوە. بەپێچەوانەی دێهاتی دەوروبەر، دەروێشی هەر لێ نییە. ئەوانەش مریدی "شێخی بورهان"ن قەت نەبوونە سۆفی و تەرکە دنیا نەبوون. هەر دەڵێی کافرستانییە. زستانان مزگەوت ئاوەدانە ، بەڵام مەکۆی گێڕانەوەی حیکایەت و سەودا و معامەلەیە. مەلا هەر بەشی پێشنوێژییەکە ئەرکی خۆی بەجێ دێنێ و لە ڕێنمایی دینیی وەڕەز بووە. لێرە ژیان بەسەختی تێدەپەڕێ و مەجالێک بۆ حەسانەوە و پشوودان نییە.
قوتابخانە بەسەبکی نوێ، تازە دامەزراوە و "سوپای دانیش" دەرسی لێ دەڵێتەوە. تەنیا قوتابخانە بەش نەکراوە و منداڵی هەردووک بەرە بەیەکەوە و لەسەر نیمکەتێک دادەنیشن. قوتابخانە کۆنە ماڵی ئاغای گوندە کە باری کردووە و لەوێ نەماوە. منداڵانی "مەرزینگان" دەبێ بە گەڕەکی تایفەی "حاجی عەوڵا"دا بچنە مەدرەسە. زۆر جار لە ڕێگایە شەڕ ساز دەبێ و شکایەت دەچێتە بەردەستی سوپای دانیش. سەر لەبەیانیی هەموو ڕۆژێک بەشێک لە قوتابییان دەبێ دیوی مامۆستا خاوێن کەنەوە. بەشێک بچنەوە ماست و نان و هێلکەی بۆ بێنن و بەشێکیشیان دەبێ بچنە سەر بیر و ئاوی بۆ بێنن. بە دوو منداڵ دارێکیان پێیە و دەسکی سەتڵەکەی تێدەکەن و هەر یەکەی لایەکی دارەکە دەگرێ. هەتا دەگەنەوە، هێندە جۆلانە بە سەتڵەکە دەکەن نیوەی ئاوەکە دەڕژێ. ناچار جارێکی دیکە دەچنەوە و هەتا وا دەکەن نێوەی ڕۆژەکەیان تەواو دەبێ. هەم ئەوان خۆشحاڵن و هەم مامۆستا ڕازییە. مەدرەسە لەوسەری دێیە و ڕووی دەقۆڕغە. سوپای دانیش فارسە و زۆر دەترسێ. شەوانە دوو منداڵی لە هەموان گەورەتر دەبێ لە لای بخەون نەکا جندۆکە لێێ وەژوور کەوێ.
قەرەگۆل بەو سروشت و خەڵکەیەوە قەرەگۆلە. لێرە ناحەز و جوان تێکەڵ بوون و ئەم گوندەیان کردووەتە جێی باس وخواس. هەرچی بێ، ژیان بەردەوامە و خەڵک بەرەوپێش دەچن. ئاڵوگۆڕ بە ئەسپایی بەڕێوەیە و هەنگاوەکان بەشلی ڕوو بەپێشەوەن.
درێژەی هەیە......