بەرابەر بە |

بازگەکانی ژیان (3): "کانیی ژیان"

s_580_300_16777215_10_images_qilaoqanj_hayas.jpg

هەیاس کاردۆ:
میرزا ئەحمەد چوارەمین کوڕی حاجی عەوڵایە. تەنیا کوڕیشیەتی لەقەبی میرزای پێ بڕاوە. بەهۆی میرزا بوونییەوە تەمبەڵ و کارنەکەرە. لەو هەموو سەروەتەی بابی شتێکی وای پێ نەبڕاوە ژیانی دابین بکا. میرزا لەسوپای کۆماردا بەشدار بوە وبوەتە سەرپەل. دواتر سەری بەرداوەتەوە وبە خەیاڵ خەریکی کاسبیی بوە. ئەو نە جووتێرێکی باشە، نە مەڕداری دەزانێ، نە لەسەودا ومعامەلە دەگا ونە تەنانەت مەیلی دەوڵەمەند بوونیشی هەیە. هێندێک کۆنە کتێبی "شانامە" و"گولستان" و"بوستان"ی هەیە خۆی پێیانەوە دەخافڵێنێ. گوێ گرتن لە ڕادیۆ "پەیک" و"بی بی سی" ش بەشێکی دیکەی کاتەکانی پڕ دەکاتەوە. دانیشتن دەگەڵ دۆستان وجەفەنگ لێدان بۆ وی نیعمەتێکی گەورەیە. ئەو سەری لەسیاسەت دەخورێ ودەگەڵ هێندێک کەس سرت وخورتی هەیە. نە هەڵۆ بە لووتکەکانەوە دیارە خۆیان بگەیەنێتێ ونە توانا وتەمەن ڕێگای دەدا وەجووڵە بکەوێ. گیرفانی میرزا هەمیشە پڕە لەتۆو گوڵەبەڕۆژە. ددانی پێشێشی نەماون ناچارە هەر بە نینۆک بیان ترووکێنێ. نینۆکی قامکی گەورەی لەنێوەڕاستدا کەت بوە هێندەی تۆو پێ قرتاندوە. ئەو عاشقی تۆوی سوێرە. شکانی کۆمار میرزای داهێناوە ونەتواناییشی لەکاری جووتێریدا بیانووی دیکەی داوەتێ. ئەو ڕقی هەموو نەهامەتییەکانی خۆی ومیللەتەکەی بە هاوژینەکەی دەڕێژێ.
"حومەیڕا" هاوسەری میرزا ئەحمەدە. ئەو سەرەژنێکی ئاقڵ، بەدەست وبرد، کارجوان، ماڵدار و بە بەرنامەیە. حومەیڕا کچی مەلا عەوڵا(مەلای ڕەش)ە کە لەمەلا بەنێوبانگەکانی سەردەمە. ئەو هەم کابانی ماڵێیە وهەم نان هێنەوە. بژاری چەوەندەران دەکا، گوڵی بێستانان دەچنێ، دەچێتە دەسکەنەی نۆکان، تەونی دەکا، تەشی دەڕێسێ گۆرەوی بەن دەچنێ. ئاو ڕاوەستێ ئەو ڕاناوەستێ. وەکی دیکە دەبێ بەدەوری میرزایەوە بێ. نانی بۆساز بکا، چای بۆ لێ نێ وبۆی دە ئیستیکانان بکا، میوانی بۆ بەڕێ بکا. حەوش وحەسارێ گەسک بدا، تەندووری داخا و نانی بکا، مانگای بدۆشێ وشیری هەوێن بکا، بە منداڵان ڕابگا وزگیان تێر بکا. بەو حاڵەش کەیخودای نێو ژنانە وهەرکەس گرفتی هەبوو ڕووی تێ دەکا. حومەیڕا کەیف خۆشە کە جارێک بەخزمەتی قازی گەیوە و شکایەتی خۆی بردۆتە لای. حومەیڕا ومیرزا دوو لەشی ناتەبا لەنێو جەستەیەک دان. لێرە هەرچی ژن پەیدای دەکا، پیاو بەهەدەری دەدا. لێرە ژن چەترێکە پێشی تەڕ بوونی پیاو دەگرێ. ژن لێرە وەک گەنم دەهاڕدرێ هەتا ژیانی پیاو بەردەوام بێ. ئەو هەرچەند لەهەموو گرفتەکانی میرزا ئاگادارە کەچی ملی بۆ "چارەنوس" ڕاکێشاوە. گەورەیی ژن لێرە وەدیار دەکەوێ.
شەش کەس لە ژوورێکی تاریک وتنۆکی بەقوڕ دروست کراودا ژیان تێپەڕ دەکەن. نێوەڕاستی ژوور تەندوورە. هەموو بەیانان تەندوور پڕ دەکرێ لەدەوە وتەپاڵە وئاگر دەدرێ. لەسەر تەندوور کەتری دەکوڵێ وچایی دێم دەکرێ. دواتر ئاگر دادەمرکێ وبۆ نانکردن ئامادە دەبێ. ئینجا کورسیی لەسەر دادەندرێ ولێفەی پێدا دەدرێ هەتا ببێتە گەرم کەرەوەی ژوور. لەگۆشەەیەکی ژوور "موغاری" هەڵکەوتوە. موغاری بۆ چێشت لێنانی شەوانە کەڵکی لێ وەردەگیرێ. لای سەرووی ژوور "پێڕک"ە. ژێرپێڕک دانەوێڵە وخرت وپرتی لێ دادەندرێ. سەرپێڕک جێگای نوێن وبانە. لەگۆشەیەکی دیکەی ژوور "کەندوو" هەڵکەوتوە. کەندوو عەمباری ئاردە. لەدەوری تەندوور "حەسیر" ڕاخراوە کە لەجەگەنی "قۆڕغ" دروست دەکرێ. دیواری ژوور بەدووکەڵی تەندوور ڕەش داگەڕاوە. بنی میچەکەی هەمووی "قورم"ە. هەر جارەناجارێک قورم بەر دەبێتەوە وسەروگوێلاکی دانیشتوانی ژوور ڕەش دادەگێڕێ. دوو "کولانکە" دەمیچی ژوورەکەی کراون. ئەرکی کولانکەکان دەردانی دووکەڵ ودانی ڕووناکی بەژوورەکەیە.
لەکانیی ژیانی ئەو جووتە وێک نەچوویە، چوار کوڕ ودوو کچ پەیدا بوون. چارەنووسی کچەکان وەک دایکیان زوو بەمێرد دان ولەکۆڵ خۆ کردنەوەیە. یەکیان بۆ ئەو سەری کوردستان دەقۆچەقانی دەندرێ وبە دیاریی بەمەلایەک دەدرێ کەپێشتر دوو ژنی هێناوە. ئەو دەکەوێتە دەوەری "ئەزبەنی"یان و لەبن چیای ئاگری ماڵ پێکەوە دەنێ. لەمەوداو دەنگی سیحراویی "کاوەیساغا" و"مریەم خان" میوانی دایمە وەختی حومەیڕای دایکە ودەگەڵ چریکەی ئەوان، فرمێسکەکانی ئەمیش شۆڕ دەبنەوە خوارێ. ئەوی دیکەیان لەلایەن برا گەورەیەوە چاکەی پێ کراوە ونەدیدە مێردی بۆ دیاریی کراوە. ئەمیان چەند گوند ئەولاتر بەرەو خۆرهەڵات دوور خراوەتەوە. چارەنووسی ئەوجووتە خوشکە وەک دایکیان گەورەیی نواندن بۆ درێژەی ژیانە. بەسەرهاتی کوڕەکان بەڵام حیکایەتی حەوتخانی ڕۆستەمە. یەکەم وسێهەم کوڕ وەک ئەسپی سەرکێش حەجمینیان نیە. دنیا لەژێر پێیاندا دەلەرزێ وسەر بۆ هیچ یاسایەک نەوی ناکەن. ئەوان نەهاتوون ڕام بکرێن، هاتوون دەگەڵ سروشت و"قانوون" دەست وپەنجە نەرم بکەن. هەربۆیە زوو دەگەڵ بابی لەخۆیان سەرکێشتر لێک هەڵدەبەزنەوە وچاری ناچار ڕێچکەی خۆیان بەو جۆرە دەگرنە بەر کە مەیلیان لێیە. دووهەم کوڕ وەک دایکی خۆی دەچێ. ئارام، کاسب، دووربین و بەتەحەممولە. دوای دایک، چەرخی ژیانی بنەماڵە بەو هەڵدەسووڕێ.
پاشەبەرەی کانیی ژیانی ئەو بنەماڵەیە چوارەمین کوڕ وشەشەمین منداڵە. ئەو، نە کەوتوەتە نێو شەپۆلە سەرکێشەکان، نە زووخاوی زوڵم وستەمی جینسیی بەگەروویدا کراوە ونە ئەسپی سەرکێشی نەحاوانەوەی لینگ داوە. ئەو، هەم وەک دوا منداڵ زیاتر بەرچاوە وهەم بەهۆی سەرقاڵیی بنەماڵە کەمتر ئاوڕی لێ دەدرێتەوە. دایک وەک ئاشی ئاوری دەبێ هەڵسووڕێ وچەرخی ژیانی بنەماڵە وەگەڕ بخا. باب ڕەواڵی خۆی دەبڕێ ودەگەڵ وردە فکرەکانی خەریکە. خوشک بە دەردی خۆیانەوە گرفتارن و ناپڕژێنە سەر گرفتی تازە هاتوو. لەو بێنە وبەرەیەدا کەس نازانێ کۆرپەی ساوا لەچ وەرزێک وچ مانگێکدا چاوی کراوەتەوە. دایک دەڵێ کاتی چەوەندەر هەڵقەندنەوە وکاتێک بە بەربووکیی سەفەری دێێەکی دوورتری کردوە لەداوێنی بەربۆتەوە. کەچی نێوکی کۆرپە بەیەکەم مانگی بەهارێ دەبڕن وهەموو ساڵێ دەبێ مۆمی لەدایک بوونی سێ ڕۆژ دوای نەورۆز بۆ داگیرسێنن. کۆرپەی ساوا لەجیاتی شیری مەمک، قەنداوی بەگەورەدا دەکرێ وجێگای گەرمی قوون تەندوور وتەختی نەرمی حەسیری دەوری کورسییە. ئەو نەهاتوەتە سەر دنیا هەتا لەشی ئارام بگرێ وجەستەی قدیلکە بدرێ. هاتوە دەگەڵ سەختییەکان بەربەرەکانێ بکا ولە کوورەی ژانی ژیاندا خۆی قاڵ بکا.
چۆمی ژیان وەڕێ دەکەوێ وکۆرپە بێروبەوێدا دەدا. یەکەم هێرشەکانی سەر ژیانی چەند شەپۆلی نەخۆشیی سەردەم ومنداڵانەن کە خەریکن لەپێێ دەخەن. دەستی تەقدیر نەجاتی دەدا ولەو شەپۆلە سەرکێشانە ڕزگاری دەکا. ئینجا شەرمێونی ودوورە پەرێزی خەریکە تەریکی دەخاتەوە. ئەو خۆی دەنێو دنیایەکی تایبەتدا دەبینێ کەچەرخی ڕۆژگار بە نابەدڵی بۆی دروست کردوە. بەو حاڵەش لەنێو ئەو شەپۆلە سەرکێشانەی ژیاندا خۆی فێری مەلە دەکا ودەگەڵ ڕەوتی زەمان خۆی ڕێک دەخا. لەمەبەدواو دڵی کۆرپە دەگەڵ ترپەی دڵی منداڵانی هاوتەمەنی تێکەڵ دەبێ و هەموو وێکڕا جوانیی و ناحەزییەکانی گوند تەکمیل دەکەن.