بەرابەر بە |

ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان بایکۆت کرد

s_580_300_16777215_10_images_dimana_jnan.jpg

رۆژهەڵات تایمز: ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە پێنج رێکخراوی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خۆ دەگرێت، بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک، هەڵبژاردنەکانی ٢٩ی بانەمەڕی سەرۆککۆماری و شووڕای شار و گوندەکانی ئێرانیان بایکۆت کرد و لە بەشێک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەوەی لەم کاتەدا ئێمە وەک ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم هەڵبژاردنانە دەگەین ئەوەیە کە ئەم بە ناو هەڵبژاردنانە ئەگەر بۆ بەشێک لە ئەقلییەتی پیاوسالارانە کە دەرهاویشتەی کۆماری ئیسلامییە مانای هەبێ، بەدڵنیاییەوە ناتوانێ بۆ ئیمەی ژنان واتادار بێ. ئەم بێواتاییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە بەر لە هەموو شتێک یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا ژنان لە بەرێوەبەری وڵات بێبەری دەکات و بە بێ سڵکردنەوە ژنانی وەک هاوڵاتیانی پلە دوو و سێ هەژمار دەکات. هاوکات بە وەڕێخستنی کەمپەینێک لە ژێر ناوی " لە پێناو وڵاتەکەم شار چۆڵ دەکەم" داوا لە خەڵکی کوردستان و بە تایبەت ژنان دەکەن کە لە رۆژی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامیدا، بە نیشانەی ناڕەزایەتی شارەکان چۆڵ بکەن.

شایانی باسە ناوەندی رێکخراوی ژنانی رۆژهەڵات پێنج رێکخراوی ژنانی لەخۆ گرتووە کە بریتین لە:

- یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان
- ئاسۆی ژنی کورد
- یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات
- ریکخراوی ئافرەتانی سازمانی خەبات

دەقی راگەیەندراوەکەی ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات:

هاونیشتمانیانی خۆڕاگر، ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان

لەم رۆژانەدا کۆمەڵگا و بەتایبەتی ژنانی کوردستان بەرەورووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شووڕای شار و گوندکانن. لەم پەیوەندییەدا پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لە هاودەنگییەکدا لە سەر بایکۆتکردنی ئەم هەڵبژاردنانە رێککەوتن. ئەم رێکەوتنە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە کۆی سیاسەت و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی پێشانی داوە کە کۆمەڵگای کوردستان هیچ رێگەیەکی بۆ نەماوە بێجگە لەوەی کە خۆی بۆ بەرەنگاری و ڕابوون بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی ئامادە بکات. دیارە بایکۆتکردن ڕەفتارێکی شیاوە و هەڵگری ئەو ماناییەیە کە ئێمەی کورد کۆی پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی بە دژ و نەیاری ویستەکانی خۆمان دەزانین، بەتایبەت کە ئیتر مانایەک نەماوە لەم هەڵبژاردنانەدا تاکو واتاداری بکات.
جیا لە پارتە سیاسی و کەس و لایانە جیاوازەکانی کوردستان بابەتی هەڵبژاردن بابەتی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشە. لەو بوارەوە کە ئاخۆ ئەم هەڵبژاردنە هەڵگر یان واتادارە بۆ ژنان؟ لێرەوەیە کە خوێندنەوە و رۆڵی ژنانی رۆژهەڵات دەتوانێ مانادار بێ.
ئەوەی لەم کاتەدا ئێمە وەک ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەم هەڵبژاردنانە دەگەین ئەوەیە کە ئەم بە ناو هەڵبژاردنانە ئەگەر بۆ بەشێک لە ئەقلییەتی پیاوسالارانە کە دەرهاویشتەی کۆماری ئیسلامییە مانای هەبێ، بەدڵنیاییەوە ناتوانێ بۆ ئیمەی ژنان واتادار بێ. ئەم بێواتاییە لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە بەر لە هەموو شتێک یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا ژنان لە بەرێوەبەری وڵات بێبەری دەکات و بە بێ سڵکردنەوە ژنانی وەک هاوڵاتیانی پلە دوو و سێ هەژمار دەکات. پێدەچێ هێندێ کەس هەڵبژاردنی شووراکان وەک نمونە بێننەوە کە ژنان مافی خۆپاڵاوتنیان هەیە و دەتوانن رۆڵ بگێڕن لە بەرێوە بردنی شار و گوندەکاندا. بەڵام ئەمە رێک ئەو شوێنەیە کە کۆی ئەقلی بەرێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا دەکات. ئەو شوێنەی کە کۆماری ئیسلامی ژن بە شایانی سەروەری نازانێ و لەم سونگەوەیە کە پلەی تواناکانی دێنێتە ئاستێکی بچووک تاکو پێمان بڵێ کە ژن ناتوانێ سەروەر و سەردار بێ. بەڵکوو تەنیا دەتوانێ لە خوارەوەی ئەقلییەتی پیاوسالارانەی کۆماری ئیسلامی لە پەراوێزەکاندا خەریک بێت، ئەویش بەدەیان مەرجەوە.
بەلەرچاوگرتنی راستییە حاشا هەڵنەگرەکان، ژنانی رۆژهەڵات دەبێ وڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە کە ئایا ئامادەن بەشداری ئەم سوکایەتی و کۆیلەبوونە بن یان دەیانهەوێ توانا و هێزی خۆیان بەرانبەر بەم ئەقلییەتە پێشان بدەن. ئایا ژنانی رۆژهەڵات دەبنە بەشێک لەوەی بۆ چەندین دەیەیە رێگای چەوسانەوەی ژنان پەیڕەو دەکات،! یان بەرەنگاری دەبنەوە و هێز و توانای خۆیان پێشان دەدەن؟
لەم روانگەوە ئێمەی ژنانی رۆژهەڵات جیا لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەقلییەتە ژن کوژەکەی بایکۆت دەکەین، لەهەمانکاتدا بەتەمای ئەوەین کە ئەم بایکۆتکردنە شێوەی چالاک بە خۆیەوە بگرێت و لەم بوارەدا ژنانی رۆژهەڵات هاوشان لەگەڵ رۆڵەکانی نیشتمان، هەڵبژاردن بکەن بە گۆڕەپانێک کە هەم هێز و ئیرادەی ژنانی رۆژهەڵات پێشان بدات و هەمیش یەکگرتووی و یەک دەنگی خەڵکی رۆژهەڵات بەرجەستە بکاتەوە.
لەم پەیوەندییەدا ژنانی رۆژهەڵات هاوکاری ئەو توانایەیان دەبێ کە بە " نا " گوتن بە هەڵبژاردنە دروین و سیستەمە ژن کوژەکەی کۆماری ئیسلامی، دەیانهەوێ ریزەکانی کۆمەڵگای کوردی پتەوتر بکەن و هەموومان پێکەوە چالاکانە ئەم هەڵبژاردنانە بایکۆت بکەین.
ناوەندی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان
١٦ی بانەمەڕی ١٣٩٦