بەرابەر بە |

هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی کاتی بنکەکانی بناری هەڵگوردیان چۆڵ کرد و خەڵکیش بنکە چۆڵەکانی سووتاند

رۆژهەڵات تایمز: دوای ئەوەی سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ ٣ی خەرمانان، بەهۆی دەمەقاڵێ و گرژی لەسەر داربڕین، تێکهەڵچوونێکی چەکداری لەنێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە بناری هەڵگورد و چەند کەس لە هاووڵاتیانی گوندی "گوندەژوور"ی ئەو دەڤەرە هاتە ئاراوە و دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "فەرحان ئەسکەندەر" و "لوقمان ئەسکەندەر" گیانیان لە دەست دا و دوو هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون، هێزێکی چەندسەد کەسی لە دانیشتووانی گوندی گوندەژوور و خزم و کەس و ناسیاوانیان بۆ تۆڵەکردنەوە لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەرەو بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی رۆژهەڵات هەڵکشان و سەرەڕای ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ کۆنتڕٶڵکردنی دۆخەکە و ئارامکردنەوەی خەڵکەکە هەوڵێکی زۆریان دا و هێزەکانیان بەسەر ناوچەکەدا بڵاو پێ کردبوو، کەچی نەیانتوانی کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بەدەستەوە بگرن و خەڵکەکە بارەگا چۆڵەکانی هەر چوار حیزبەکەی رۆژهەڵات لە بناری هەڵگوردیان سووتاند. سەرچاوەیەک بە رۆژهەڵات تایمزی راگەیاند کە مەبەستی هێزەکانی رۆژهەڵات لە چۆڵکردنی بنکەکانیان خۆدوورخستنەوە بووە لە رووداوی نەخوازرا و دەرکی بارودۆخەکە بووە.
لە لایەکی دیکەوە و بە پێی زانیارییەکانی رۆژهەڵات تایمز، خەڵکێکی زۆر لە هاووڵاتیانی دەڤەری باڵەکایەتی و شارۆچکەی چۆمان و حاجی ئۆمەران بەداخبوونی خۆیان لەو رووداوانە راگەیاندووە و بەشێک لە پیاوماقوڵان و بەرپرسانی کومیتەی چۆمانی یەکێتی نیشتمانی و بەرپرسی ناوچەی پارتی دێموکرات و دەزگا ئەمنییەکان زۆر چڕی لە هەوڵی ئاساییکردنەوە و ئارامکردنەوەی بارودۆخەکەدان.