بەرابەر بە |

خەڵكی باڵەكایەتی بەفەرمی داوایان كرد كە بارەگاكانی حزبە رۆژھەڵاتییەكان نەگەڕێنەوە بۆ سنوورەكە

s_580_300_16777215_00_images_farsi_21105490_10207914730625934_1448967564191111551_n.jpg
رۆژهەڵات تایمز: پەیامنێری "رۆژهەڵات تایمز" لە شارۆچەکەی چۆمانەوە بە ناوەندی هەواڵی رایگەیاند کە ئەمڕۆ سێشەممە ٧ی خەرمانان، بنەماڵەی قوربانییانی رووداوەکەی گوندی گوندەژۆری باڵەکایەتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی سەرجەم بەرپرسانی حیزبی و حکوومی دەڤەری باڵەکایەتی و  زۆربەی دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان، وێڕای بەداخبوون و ئیدانەکردنی ئەو رووداوە، گلەیی و رەخنەی خۆیان جارێکی دیکە لە بەیاننامە و سکرتێر و هەڵوێستی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران خستەڕوو و ئاماژەیان بەوەدا کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بەجێی هاوخەمی و بەپیلەوەهاتن بۆ چارەسەری کێشەکە، بەو بیاننامەی کە شەوی یەکەم سەبارەت بەو رووداوە بڵاوی کردەوە، برینەکەی قوڵتر کردوونە. هاوکات وێڕای سوپاسی هێز و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کە بەشداری پرسەکەیان کردووە، سوپاسی هەریەک لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیان کرد کە بەشداری پرسەکەیان بوون و هاوخەمی خۆیان دەربڕیوە.
هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، بنەماڵەی قوربانییان سێ خاڵیان بە ناوی بنەماڵە و خەڵکی باڵەکایەتییەوە وەک داواکاری خستەڕوو و بە فەرمی رادەستی قائیمقامی چۆمانیان کرد کە بریتی بوون لە: لێکۆڵینەوە و بەسزاگەیاندنی تاوانباران. لێپرسینەوە و دەستگیرکردن و بەسزارگەیاندنی ئەو کەسەی کە فەرمانی تەقەکردنی بە تەقەکەران کردووە.
هەروەها بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو رووداوانە دووپات نەبنەوە و ناوچەکە نەکەوێتە ژێر تۆپبارانی کۆماری ئیسلامی، ئەو هێزانەی رۆژهەڵات نەگەڕێنەوە بارەگاکانی گوندەژۆر و گوندەکانی ناوچەی باڵەکایەتی.
رۆژی هەینی ٣ی خەرمانان، لە بناری هەڵگورد، گرژی و دمەقاڵە لەنێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و چەند کەس لە دانیشتوانی گوندی "گوندەژۆر"ی دەڤەری باڵەکایەتی هاتە ئاراوە. ئەوەش بە هۆی بڕینی داری ئەو بنەماڵەیە لە لایەن پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بوو. گرژی و دمەقاڵەی نێوان دوو لایەن شەڕ و نێوان ناخۆشی لێ کەوتەوەو لە ئەنجامی تەقەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێردا، دوو برا بە ناوەکانی "فەرمان ئەسکەندەر" و "لوقمان ئەسکەندەر" گیانیان لەدەست دا و دوو برای دیکەشیان بریندار بوون.