بەرابەر بە |

خالیدی عەزیزی: کێشەی کۆماری ئیسلامی نە لە گەڵ حیزبێک و چەند حیزب بەڵکو لە گەڵ میلیۆنان خەڵکی کوردستانە

s_580_300_16777215_10_images_hawal_maxresdefault.jpg

رۆژهەڵات تایمز: خالیدی عەزیزی، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان گەڕاوەتەوە کوردستان و لە ناو هاوڕێکانی لە بنکەی سەرەکیی ئەم حیزبە خەریکی بەڕێوە بردنی ئەرک و تێکۆشانی حیزبییە. ئەو بۆخۆی لەم بارەوە رایگەیاند کە "سەردان و حزور و بوونم لە بنکەی ناوەندیی حیزب، بەشێک لە باوەڕ و کار و ئەرکی منە. وتیشی "مەبەست ئەوەیە کە پەسندکراوەکانی کۆنگرەی شازدە چۆن جێبەجی بکەین، قورسایی کارمان کە لە ناوخۆی وڵاتە چۆن بەرەوپێش بەرین، جێبەجێ کردنی خەباتی فرەرەهەند و ئەوە کە چۆن لە هەموو بەستێنەکان کەلک وەرگرین، ئەمانە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانن و ئەمنیش لەو چوارچیوەیەدا کار بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتەکانی دەکەم".

عەزیزی کە ئێستا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حدک درێژە بە تێکۆشانی سیاسی و حیزبی خۆی دەدا، ئەم وتانەی لە دوا دیمانەی دا لە گەڵ تلویزیۆنی رووداو بەیان کرد. ئەمەش دووهەم جارە لە دیدارێکی مێدیایی دا بەشدار دەبێ دوای ئەوەی لە کۆتایی پاییزی ساڵی رابردوو دا دەستی لە سکرتێریی حدک کێشایەوە. سەبارەت بە کشانەوەشی لە پۆستی سکرتێری، ئەوەی رەد نەکردەوە کە رێچکە سیاسیەکەی ئەو بۆ خەبات لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لە گەڵ دژایەتیی هاوڕێکانی لەو حیزبەدا بەرەوڕوو بووە بەڵام ئەوەی بە هۆکاری سەرەکیی کشانەوەکەی لە قەڵەم نەدا و لەم بارەوە وتی: "ئەو بەحسانە لە سەر واز هێنانم بێ تەئسیر نەبوو بەڵام لە هەمان کات دا کۆمەڵێک بابەتی تەشکیلاتی وەک ئەوە کە لە ئەساسنامە دا هەبوو سکرتێر لە دوو دەورە زیاتر ناتوانێ سکرتێر بێ، سەرەڕای داوای زۆربەزۆری ئەندامانی کۆنگرە، ئەمن ویستم ئەوە رەعایەت بکەم و رێز بۆ ئەم بەندەی ئەساسنامە دابنێم." وتیشی "رەنگە ئاسایی نەبێ کە سکرتێری حیزبێک دوای ئەوەی کشایەوە، ئامادە بێ لە پلەیەکی خوارتر دا کار بکا بەڵام من ئەوەم کرد بۆ ئەوەی یەکەم بە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بڵێم کە دەکرێ. دووهەم بە ئەندامانی دێموکراتەکان بە گشتی بە هەر دوو لای دێموکرات چونکە ئەمن زۆر ماندوو بووم بە پرسی یەکگرتنەوە، حدکا رەخنەیان لە بۆچوونی سیاسی من هەبوو. گوتم ئەگەر بۆچوون و لێکدانەوە سیاسیەکانی من بە تایبەت سەبارەت بە دەرفەت و فورسەتەکان لە ناوخۆی وڵات عامیلی یەکنەگرتنەوەی دێموکراتەکانە، ئەمن واز دێنم و ئێوە یەک بگرنەوە. ئەوە یەکساڵ تێدەپەڕێ و تا ئێستا هەنگاوێک نەچوونەتە پێشێ. لە قەدەر دە ساڵ لەوە پێش هەنگاوی ئەوتۆ نەهاویشتراوە."

عەزیزی جارێکی دیکە داکۆکی لەو هێڵە سیاسیە کردەوە کە پێشتر وەک سکرتێری حدک گرتبوویە بەر و وتی: شەڕ لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە بە سەر کورد دا سەپا. کۆماری ئیسلامی کە شەڕەکەی دەست پێ کرد، قەواعیدی شەڕ و مەیدانی شەڕی بۆخۆی دیاری کرد. بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیناریۆ ناڕوونەکان هێزی پێشمەرگە دەهێڵینەوە بەڵام چارەسەری پرسی کورد لە ئێران رێگای چەکداری نییە، کێشەی کورد لە ئێران، کێشەی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ چەند حیزب نییە بەڵکو کێشەی ئەم دەسەڵاتە لە گەڵ میلیۆنان خەڵکی کوردستانە. حیزبەکان تا رادەیەک عادەتمان بەو جۆرە خەباتە گرتوە و خەباتی مەدەنی لە ناوخۆی وڵات و ئەو خەڵکەی لە ناوخۆن و ئەوە کە لە خەبات دا جێگایان هەیە، حەقیان هەیە و دەبێ بخوێندرێنەوە، زەمانی دەوێ. ئەوەی کە گرینگە ئەوەیە کە ئێمە پێداچوونەوەیەک بە خەباتی چل ساڵی رابردوومان دا بکەین و ئەوە کە چۆن کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆی وڵات بە چالش بکێشین. کێشەی ئێمە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی بە چەک چارەسەر نابێ. تێچوو، دەرەنجام و شوێنەواری تێکەڵچوونی چەکدارانە بەینی پێشمەرگەکانی ئێمە و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی وڵات زەرەر و زیانی زۆرە. ئەو قازانجەی کە ئێمە لەو شەڕەدا دەیکەین بە قەد زیانەکەی نییە. کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ لەوە کەلک وەرگرێ بە تایبەت جناحێک لە ناو کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ کوردستان نائەمن بکا، هەر تێکەڵچوونێک کە بێتە پێشێ، گوزارشێک بە تاران دەداتەوەو بۆخۆی لەو نێوە دا یاری پێ دەکا. ئەمن ئێستاش هەر لەو باوەڕە دام کە کێشەی سیاسیی میللەتێک بە چەک حەل نابێ."

لە درێژەی وتەکانی دا، عەزیزی زیاتر هەڵوێستەی لە سەر خەباتی مەدەنی و جەماوەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و وتی: "هەوڵی من ئەوەیە خەڵکی ناوخۆی وڵات رێزیان لێ بگیرێ، بخوێندرێنەوە، پەلەیان لێ نەکەین، زوو بە جاش و باشیان دابەش نەکەین، بە پێی بارودۆخی نێوخۆ و لە چوارچێوەی سیستەمی جمهوری اسلامی دا کە مەجبوورن، کار بکەن. ئەوانەن کە ئێمە دەبەنەوە نێوخۆی وڵات نەک ئێمە بە جەستە بچینەوە. چالاکان لە ناوخۆ دەبێ هەموو جیاوازیەکانیان ئەوەندەی مومکینە وەلا بنێن، لە چوارچێوەی سازمان یان رێکخراوێکی مەدەنی و قانوونی، بە کوردی شیعەو سوننی و یارسان لە دەوری کۆ ببنەوە. کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ کێشەی کورد بە مەزهەبی بکا کە نابێ بێڵن. هەوڵ دەدەم حیزب قورسایی خۆی بۆ ئەوە بکا، بە حیزبەکانی دیکەش بڵێین کە خەباتی ئێمە لە ناوخۆی وڵاتە، بە کۆمەڵگای جیهانیش بڵێین کە ئەگەر ناتوانن و بۆتان ناکرێ پشتیوانی لە حیزبێکی چەکداری وەک حیزبی دێموکرات بکەن خۆ دەتوانن پشتیوانی لەو بزووتنەوە مەدەنیە بکەن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، عەزیزی زیاتر جەختی لە سەر پشتیوانیی خۆی بۆ دامەزراندنی رێکخراوێکی مەدەنی و گشتگیر لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند کە پێویستە خەڵکەکە هان بدەین لە دەوری یەکتر کۆ ببنەوە. چالاکانی ناوخۆ لە سەر ئێمەی حیزبەکان رانەوەستن بۆ دیتنەوەی میکانیزمی بە یەکەوە کار کردن. هیچ داوام ئەوە نییە کە خەڵک لە چوارچێوەی حیزبی ئێمە یان حیزبەکان دا تێکۆشانیان هەبێ. ئەوە بە زیانی کاری ئەوانە و ئێمەش رەنگە نەتوانین ئەوە بە باشی مودیریەت بکەین. بۆچوونی من هەمان بۆچوونە کە بە کەمترین زیان کێشەی کورد لە ئێران چارەسەر بێ. فکرێک کە لە زەمانی پێشەوا، لە سەردەمی رێبەریی دوکتور قاسملوو و ئەوانی دواتریش دا بەردەوام بووە. ئەگەر لە ناوخۆ بتوانن تێکۆشانیان پەرە پێ بدەن، دڵنیام لە ئاستی نێونەتەوەیی دا پشتیوانیان دەبێ." وتیشی؛ "ئەگەر شتێکی گونجاوتر لە ناوخۆی وڵات درووست بێ، هیوادارم جێگای هەموو حیزبەکان بگرێتەوە. کێشەی کورد لە هیچکام لە پارچەکانی کوردستان لە گەڵ دەسەڵاتی مەرکەزی بە شەڕ چارەسەر ناکرێ. ئەمە بێ هومێدی نییە بەڵکو دەبێ توانایی و زەرفیەتەکان بناسین."