بەرابەر بە |

کۆماری ئیسلامی و هەرێمی کوردستان

s_580_300_16777215_10_images_adabuhunar_10712764_1538754653027855_6991270685444766166_n.jpg

رەزا کەعبی:

۱_ هەڵکردنی دێرکاتی ئاڵای کوردستان له کەرکوک، کۆماری ئیسلامی ڕاچڵەکاند و له کاتێکدا له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆی سەرەکی دوژمنایەتی ڕەگەزی و ئایینی و هۆی سەرەکی به لاڕێدابردنی هەر خەباتێکی ئازادیخۆازییە، قسە له پێکهاتەی جیاواز و قسە له ئێراقی یەکپارچە دەکات.

۲_ هەر له رووخاندنی رژیمی پاشایەتی له ئێران له زستانی ۱۹۷۹ که دەرفەتێکی زێڕینی بۆ بزاڤی رزگاریخۆازی گەلی کورد له باشوور رەخساند و بۆ جەستەی تێکشکاو و زامە قوڵەکانی، هەتۆانێکی به نرخ بوو، کۆماری ئیسلامی نە زۆر به نهێنی، کاری دەستێوەردان و به هێزکردنی ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی دەست پێکرد و له باری ستراتژییەوە له ناوەرۆک بەتاڵکردنی بزووتنەوەی کوردستانی له بزاڤێکی شۆرشگێر و بزاڤێک که بایەخەکانی مرۆڤایەتی وەک بەشداری ژنان، جیاوازی ئایینی و جیاوازی سیاسی حزبەکان و پاراستنی پێکهاتەکانی جۆراجۆر و هاپەیمانی لەگەڵ گەلانی ناوچەکە و دۆست و پشتیۆانی هەر حەرەکەت و خەباتێکی سیاسی دژی دیکتاتۆری تێدا ریشەی داکوتابوو، خستە دەستوری کاری خۆیەوە و هەر له رۆژی یەکەمەوە حسابێکی گەورەی بۆ ناکۆکی ناو بزووتنەوەکە کردەوە که به داخەوە ساڵانێکی درێژ کەڵکی خۆیی لێ وەرگرت.

۳_ کۆماری ئیسلامی له بە لاڕێدابردنی بزووتنەوە شۆرشگێر و جەماوەرییەکان و کردنیان به ئامرازی سیاست و بەرژەوەندیی خۆی له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەت، تاکتیک، ئەزموون و شێۆازی زۆر جێکەوتووی هەیە. بزووتنەوەی گەلی فەلەستینی وەها به لارێدا بردووە که ئیسە له ئێران هە چەشنە قسەکردن و پشتیۆانی له فەلەستین، بە واتای تائیدی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی دێتە ئەژمار و خەڵکی بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین له دژی کۆماری ئیسلامی، رووی خۆش بەرامبەر به فەلەستین دەرنابرن. یەکێک له هۆکارەکانی کەمبوونەوەی پشتیوانیی جیهانی له فەلەستین، تێکەڵبوونی بەشێکی بەرچاوی ئەم بزووتنەوە لهگەڵ کۆماری ئیسلامی بووە. کۆماری ئیسلامی زۆری هەوڵ دا که بزووتنەوەی کوردستانیش بەو ئاقارەدا بەرێ، بەڵام رێشە و مێژوو و ئاگاهی خەڵک و حزبەکانی، هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بێ ئاکام هێشتووەتەوە. هەرچەند لەم ئاستەی ئیسەشدا زەرەری به بزووتنەوەی کورد گەیاندووە.

٤_ کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی زۆر سەرسەختانە سیاست و ستراتژیی خۆی دەباتە پێشەوە و به هێزکردنی هێزە هاوپەیمان و ئیسلامییە شیعەکانی زۆر دڵفراوان بردووەتە پێشەوە، بەڵام زۆر عەمەڵ گەرایانە (پراگماتیست) هەڵسوکەوتی لهگەڵ بزووتنەوە و حزب و رێکخراوە نەیار و تەنانەت دوژمنەکانی کردووە و زیرەکانە بۆ مەبەستەکانی خۆی به کاری هێناون. له ئەفغانستان و پاکستان و عێراق و لوبنان و یەمەن به القاعدە و زرقاوی و ئەنساروالسلام و جندوالسلام و داعش حزووری خۆیی تەئمین کردووە له کاتێکدا دوژمنی ئایینی و مەزهەبی و خۆێنیی هەموویانە. یارمەتیان دەکا و دەست و دڵبازە له باری ماڵی و تەسلیحاتییەوە. بەڵام له پەناشەوە هاوپەیمانی سەرەکی خۆی پەیدا دەکا و زاڵی دەکا وەک سوریە و یەمەن و عێراق و ......

٥_ رژیمەکانی ئێران به گشتی و تایبەتی تر کۆماری ئیسلامی له ئاست مەسەلەی کورد به گشتی، زیاتر لە داگیرکەرانی دیکەی کوردستان، رۆڵیان گێڕاوە و هێز و دەوڵەتی سەرەکی بوون که نەهێلن کورد به مافی چارەنووسی خۆیی نزیک بێتەوە و رێگایان پێشانی تورکیە و عێراق و سوریە داوە و دەوری سەرەکییان گێڕاوە.

٦_ کۆماری ئیسلامی زۆری هەوڵ داوە بزووتنەوەی کوردستان له ناوەرۆکی خۆیی بەتاڵ بکات، بیکاتە بەشێک له ستراتژی خۆی له ناوچەکە و له ناوخۆی ئێرانیش نەتەوەکان و خواست و هەستی نەتەوەکانی بندەستی خاو بکاتەوە و به لاڕێیدا بیبات، بەڵام مێژووی بزاڤی کوردستان، شۆڕش و دامەزراندنی حوکمڕانیی کورد ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بووبێ و شۆڕش و خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەی دەیان ساڵە و گەورە، جەماوەری بوون، ناو و ناوبانگی جیهانی خەباتی گەلی کورد و ئەوەی که سەرچاوی بیر و هزری زۆربەی هەرە زۆری حزب و رەوتەکان چەپ و سوسیالیستی بووە و ریشەی داکوتاوە، نەیتوانیوە به رادەی کەمیش له مەبەستەکەی خۆیی نزیک بێتەوە.

۷_ کۆماری ئیسلامی زۆر هەوڵی دا ئیسلامییەکان رێک بخات، بەڵام هەم "سوننی"بوونیان و هەم گوشار و زەختی زۆر بههێزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی لهسەر پێگەی جەماوەریی هێزە ئیسلامییەکان بەربەست بوون له گەیشتنی بەو مەبەستە.

۸_ له قەیرانی سیاسیی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی و مەترسی سەرهەڵدانی شەپۆلی ناڕەزایەتیی جەماوەری، کوردستانی رۆژهەڵات مەترسی گەورەیە لهسەر کۆماری ئیسلامی، بوونی حزبەکانی رۆژهەڵات له باشوور و بوونی باشوور وەک پارچەیەکی ئازادکراوە، چەقڵی چاوی ئەو رژیمەیە، هەر بۆیە خاوکردنەوەی رەوەندی سیاسی، ناکۆکی سازکردن له نێوان حزبەکان و دروستکردنی قەیران له دوای قەیران بۆ هەرێم و تا تێکشاندنی یەکجاری بۆ کۆماری ئیسلامی هەم تاکتیکە هەم ستراتژی.

۹_ له رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان ئەو مەڵبەندە نموونەیە که سەرەڕای سنوورێکی هاوبەشی درێژ له گەڵ کۆماری ئیسلامی، زۆر زۆر کەم توانیوییە مەبەستەکانی به ئەنجام بگەیەنێ. له کاتێکدا توانیوییە له دوروترین ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەی خۆیی بنیاد بنێ و بۆ دوورخستنەوەی کێشە له خۆی، کەڵکی لێ وەربگرێ.

۱٠_ هێزەکانی هەرێمی کوردستان و له پێشیانەوە پارتی و یەکیەتی، پێویستە ئەم هەلومەرجە باشتر بناسن. به هەر رادەیەک بەرامبەر به یەک نەرمی بنوێنن و "تەنازول" بۆ یەک بکەن، به هەمان رادە دەتۆانن له بەرامبەر رژیمە داگیرکەرەکان و به تایبەت کۆماری ئیسلامی سەر سەخت و سەرسنگین بن و رێگاکانی دەستێوەردانی بەرتەسک بکەن یا به تەواوی دایخەن. هەرێمی کوردستان دەتوانێ و دەبێ بۆ ئەم مەبەستە و بۆ دوورخستنەوەی کۆماری ئیسلامی له خۆی و له سنوورەکانی، پشت به حزبەکان و جەماوەری رۆژهەڵاتی کوردستان ببستێ.