بەرابەر بە |

ئاسایشی حکوومەتی ئێران و تەنگانەی کۆمەڵگەی فارس

s_580_300_16777215_10_images_qilaoqanj_18921946_1791104414239519_4011758965793134736_n.jpg

تەها رەحیمی:
خولی دوازدەیەمی هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئێران بە هەموو فڕتو و فێڵ و هەڵبەز دابەزی لایەنەکان و نیگەرانی و کەفوڵی نێوخۆ و هیوا و ئاواتەکانی هەندەران و تاراوگەنشینانەوە کۆتایی پێهات و وەک هەمیشە سیستمی ویلایەت فەقیهی سەرکەوتوو دەرچوو. بۆ شەنوکەوی پرسێکی ئاوا گرنگ و بەربڵاو پێویستە هەر رەوت و لایەنەی ناوەندی لێکۆڵینەوە و تاووتوێی پێشهات و پاشهاتەکانی ئەو رووداوە گرنگە بۆ خەسارناسی هەڵوێست و دەسکەوت و کەموکوڕییەکانی خۆی پێکبێنێ، هەتا لە رووداوی سیاسی هاوشێوەیدا بۆ داهاتوو ئامانجدارانە و بەرچاو روونتر هەنگاو بنێ. وەک گەلی کورد ئەگەرچی ئەم جارە بە یەکگرتووییەکی دەڵەمییەوە دەرکەوتین، بەڵام دیسانیش نەمانتوانی خەڵکی رۆژهەڵات بە قەناعەت بگەیەنین و بیانخەینە ئاراستەی سیاسەتێکی کوردی بەدوور لە تاران. کە ئەم رەهەندە بەرمەبەستی نووسەر نیە و لە لایەنی رەوت و لایەنی کوردییەوە بەبێ خۆفریودان و رەچاوی راستییەکانی کۆمەڵگە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێ. سەرەڕای هەموو پەراوێز و لێکەوتەکانی ئەم خولەی هەڵبژاردن یەکێک لە زەقترین خاڵەکانی ئەو خولە بەشداری بەربەرینی خەڵکی دانیشتووی ئێران (جگە لە کورد) لە دەرەوەی وڵات بوو. کە لە هەندێک شوێنی وەک ئەمریکا بۆ زیاتر لە پێنج بەرابەری خولی پێشوو هەڵکشا. ئایا بەڕاستی ئەم رەفتارەی تاراوگەنشینانی ئێرانی نابێ جێگەی هەڵوەستەیەکی قووڵ بێ بۆ کورد و بزاڤی رزگاریخوازی کورد کە بەردەوام خەریکە لە هاوپەیمان و ئۆپۆزیسیۆنێک دەگەڕێ داواکانی بەفەرمی بناسێ و هەر ئەم دەنگدەرانەش بە زۆریی نوێنەریانن؟ ئایا چۆناوچۆنە خەڵکێک کە ساڵهای ساڵە لە ترس و حەیفی ئەو رێژیمە زیدی خۆی جێهێشتووە ئێستا بۆ هەڵبژرادنی بەرپرسانی ئەو رێژێمە و لەبەیک وتن بە کۆڵەکەی سەرەکی رێژیم واتە ویلایەتی فەقیه چەند کاتژمێر بە بن دیوارانەوە ریز دەگرن و کوێزیلکە دەبەستن؟ ئایا هەر ئەوانە نین بەردەوام خۆمان لی دەکەنە دیموکرات و یەکسانیخواز و تریبونەکانمان دەکەن بە سکۆی خۆناساندنیان و دواجاریش ناوێرین برۆ هەڵتەکێنین بە جیاییخوازمان ناو دەبەن؟ بزاڤی کورد لە رۆژهەڵات ئەگەر بەو رەفتارەی ئێرانییەکان رانەچڵەکێ، خەوی هەمیشەیی دایدەگرێ. ئێمە بەر لەوەی خەسارناسی بەشداری خەڵکی کورد و بە پیلەوە هاتن و نەهاتنی بانگەوازی حیزبەکانی رۆژهەڵات بکەین کە لە ژێر سێبەری ئەو سیستمەدا دەژین و هەرچەشنە رەفتارێکیان نرخی دەوێ، پێویستە ئاوڕێکیش لە وتاری رێژیم و دژکردەوەی کۆمەڵگەی ئێرانییەکان بە نێوخۆ و دەرەوە بدەینەوە. ئەوە چ گوتارێکە بە سەدان هەزار راکردووی هەندەران نشین دێنێتە سەر سندووق، کە بە خوێنی سەری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی توونین؟ ئایا لێرەدا نیە لاوازی وێژاری بزاڤ خۆی دەنوێنی و کەلێنی نێوان بزاڤ و کۆمەڵگەی کورد لە رۆژهەڵات زیاتر دەردەخا؟ یان باشتر بڵێین تێگەیشتنی هەڵەی بزاڤ لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵات دەردەکەوێ؟ لە هەر حاڵدا ئەم رەفتارە دەریدەخا ماملە و هەڵکردنی کورد دەگەڵ ئەو ئۆپۆزیسیۆنە سەرانسەرییە دەمامک لەچاوە تاراوگەنشینە زۆر لەگەڵ سیستمە کۆماری ئیسلامی جیاوازیی نییە. هەر بۆیە کورد لە رۆژهەڵات هەم دەبێ بە درووشمی ستراتیژی و هەم بە پێوەندییەکانی خۆیدا لەمبوارەدا بچێتەوە و کار لە سەر سنووری کوردبوون بخاتە پرۆژەی خۆیەوە، کە هەتا ئێستاش کەمتەرخەمییەکی زۆری دەرهەق پێکراوە، واتە سنوورێک لە نێوان ئێرانی بوون و کوردبوون لانیکەم بۆ شۆڕشگێران دیاری بکرێ، کە لە ژێر رووناکایی ئەم سنوورەوە هەنگاو بۆ مامڵە و دانوستان دەگەڵ لایەنە ناکوردییەکان بنرێ. لایەنێکی گرنگی دیکەی ریزە دوورودرێژەکانی ئیستۆکهۆڵم و برلین و ... هەژاری ناسیۆناڵیزمی کوردی و توانەوە لە نێو گوتاری ناوەنددا دەردەخا. گوتارێک کە نزیک بە چل ساڵە بە لاقی بزاڤەوە بە بیانووی دابەزاندن و دانەبەزاندنی ویست و داوای کورد بووە بە پاوانە بۆ بزاڤ و کۆمەڵگەی رۆژهەڵات و یان بەسەر چووە، یان هێندە نرخهەڵگرە کە دەبێ بۆ بەدیهێنانی تاکتیکی تازە و گونجاو بدۆزرێتەوە. بزاڤی رۆژهەڵات و لایەنە سیاسییەکان دەمێکە رێگرن لەبەر هەر کەسێک کە گوتارەکەیان دەسکاری کا و بە بیانووی دابەزاندنی ویست و داخوازیی کورد توانای هەر مانۆردانێکیان لە کەسانی سیاسی غیرە حیزبی و تەنانەت رووناکبیرانی نێو حیزب و لایەناکانیش گرتوە. بەڵام قەت پرسیاری لەوە نەکردوە کە خەونی کورد و ستراتیژی کورد تاکە یەک چارەسەرە ئەویش سەربەخۆییە، هەر بۆیە دەکرێ بڵێین ئایا کورد دوای راپەڕینی ٩١ لە باشوور بە وەرگرتنی ئۆتۆنۆمی لە بیری سەربەخۆیی تەکایەوە، یان بە وەرگرتنی فیدڕڵی وازی لە خەونی سەربەخۆیی هێنا. کەواتە بیانووی دابەزاندنی ویست و داخوازیی بۆ بەرەو پێش بردنی کەیسی کورد لەو وڵاتانەی بە سەریاندا دابەش بووە لە لایەن شۆڕشگێڕانەوە تەنیا بیانوویەکی پڕوپووچە.
گوتارێک کە نزیک بە چل سالە نەتوانیوە ناسیوناڵیزمێکی پتەو و پشت قایم لە رۆحی تاکی کوردیدا جێگیر بکا، بەڵکوو رۆژ بە رۆژ زیاتر لە ئوستوورە و بەها و بایەخەکانی نەتەوەی داگیرکەردا تواوەتەوە. هەنووکە ناسیۆناڵیزمی کوردی لە رۆژهەڵات ناسیوناڵیزمێکی هەژار و بێ ئوستوورەی پڕ لە شکست و نەهامەتییە، کە بە دەیان بەرانبەر لە لایەن کۆمەڵگەی سەردەستەو چەواشە و سووک و چرووک کراوە. هەر ئەمەیە وا دەکا کەسایەتییە سازکراوەکانی دەستی رەزا میرپەنجی قەزاق کە لە پێناو تواندنەوەی نەتەوە نافارسەکانی مەمالکی مەحرووسە هێناینە ئارا، هەنووکە لە لایەن تاکی کوردەوە تاڕادەی پەرستن بەرز ببنەوە. دەگەڵ هەمووی ئەوانەدا بزاڤی رۆژهەڵات بە تاک و تەرایی تەنیا لە بیری ئەندامگیری و پەلکێشانی سیاسەتە پاوانخوازییەکانی خۆیەتی هەتا هێنانەوە وسەر رێچکەی ئەو پرسە گرنگ بووە. هەر بۆیەشە دەبینین، تاقیکارییەکانی بزاڤ چ بە تاک و تەرایی و چ بە کۆدەنگی بەپیلەوە هاتنی پێویست لە لایەن کۆمەڵگەوە نابینێ. ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی ئەو کۆمەڵگەیە لە ئاوات و ئامانجەکانی بزاڤ نەبان بێ، یان ئەوەی کۆماری ئیسلامی و تاراننشینانی بەلاوە گرنگتر بێ، بەڵکوو خۆنەبینیەوەی خەڵک لەو وێژارەی بزاڤدا و دووبارەیی گوتار وا دەکا خەڵک سەرەڕای گرۆیی بە بزاڤەوە پشتگوێی بخەن. ئەمە لە حاڵکێدایە باندەکانی دەسەڵات بۆ راکێشانی خەڵک بۆ نێو گەمەکانی خۆیان دەیان گرۆیی و وەگریی راکێشەر دەدۆزنەوە و بە گۆڕینی یاساورێسای گەمەی سیاسی و دروست کردنی نیگەرانی و دڵخۆشی، دژبەرترین تاکیش رەکێشی شانۆکانی خۆیان دەکەن. ئامارەکانی دوای هەڵبژاردن لە نێوخۆش تەنانەت دەریدەخەن کۆمەڵگەی ئێرانی، واتە کۆمەڵگەی فارس، چەندە دژی خۆزگە و ئارەزووەکانی نەتەوە بندەستەکانە، بەوەیکە رەئیسی زیاترین دەنگی لە پاریزگەکانی ناوەند بەدەستهێناوە. ئەوە لە حاڵێکدایە جگە لە مێژوو و کارکردی رەئیسی، دە تەبلیغات و درووشمەکانی پێش هەڵبژاردنیشیدا بەڕوونی میلیتاریزەکردنی وڵات و درێژەدان بە ئیعدامی خەلکی ئەو چوارچێوە سیاسییە لێک نامۆیەی بانگەشەی بۆ دەکرا. دیارە ئەمە بەو واتایە نایە کە کارکرد و درووشمەکانی بەرەکەی دیکەش رووی دیموکراسی سوور کردبێتەوە. بەڵام رەفتاری هەلبژاردنی ئەم خولەی سەرکۆماری ئێران کە مەترسی لە سەر پێکهاتەی ئەو وڵاتە هەیە لە لایەن کۆمەلگەی فارسەوە جێگەی رامان و هەڵوەستەیە.
خاڵێکی دیکە کە دەبێ بەو رەفتارە دووڕووییانەیەی کۆمەڵگەی فارسەوەی زیاد بکەی، لە کرووشمە و لیچ داچوڕینی هەندەران نشینان و سەرپاکی ئۆپۆزیسیۆنی فارس و ئێرانی و بەناو ئازادیخوازانی نێوخۆی وڵاتدا خۆی نواندوە. بۆ هەموو دنیا روون و ئاشکرایە ماکەی تیرۆر ئێرانە، هەروەها رووداوەکانی ئەم دواییانەی تارانیش زۆر ڵێڵ و تەماویتر لەوەن کە دەسرەی فرمێسک هەستڕینیان بۆ هەڵگری. پاشان ئارشیوی حیزبی دیموکرات و تەنانەت هاواری چەند ساڵەی بزاڤی رزگاریخوازی کورد لە رۆژهەڵات بۆ پێشگیری لە پەرەگرتنی رەوت و تاقمە توندئاژۆکان بەوردی نیشان لە شکستی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دەدەن کە لە پێناو کزکردنی پێگەی حیزب و لایەنە رزگاریخوازەکانی کورد ئامادەن هەموو ریسکێک لە سەر کۆمەڵگەی رۆژهەڵات قبووڵ بکەن. بەڵام لوشمە لوشمە هەندەران نشینانی ئێرانی زۆر لە بەداخبوونی ویلایەتی فەقیهـ هەژێنەرتر هاتە بەرچاو. دواقسە ئەوەیە بزاڤی رۆژهەڵات بەر لە هەموو شتێک دەبێ سنووری کوردن و ئێرانی بوون دیاری بکا، یان بە واتایەکی دیکە گوتاری ئێرانی بوون هەتا ئێستاش نە بە مافەکانی گەیاندوون نە گوتارێکی راست و دروستیشە، بۆیە پێویستە بە بی شەرم خۆ لە ئێرانی بوون بێبەری بکەین و تاکە خەممان کارکردنی بۆ تۆخ کردنەوەی پێناس و شووناسی کوردبوون بێ.