بەرابەر بە |

هەڕەشە بەرهەمی چ عەقلانییەتێکە؟

s_580_300_16777215_10_images_dimana_13292810_1174178595946977_819257843_n.jpg

 سەعد قازی: دەوڵەتان بە نیسبەت دەر و جیرانانەوە، دوو جۆرە رەفتاریان هەیە. یەکەم، دەستوەردان و هێرش کردن بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. دووهەم، دەست وەرنەدان لە کار و باری دەوڵەتانی تر و رێگە گرتن لە هێرش کردنی ئەم و ئەو بۆ سەر خەڵکی وڵاتەکەی خۆیان. واتە چەمکی جەنگ یا ئاشتی دوو جۆر تێگەن کە دەوڵەتان دەسەڵاتی خۆیانی لە سەر بونیاد دەنێن. لە فەلسەفەی چینیدا، شەڕ بە شتێکی قێزەون ناسراوە. تا ڕادەیەک کە بوونی هێزی سەربازی و ئەمنی بۆ دەوڵەت بە عەیب چووە. لە رۆژاواش کەسانی وەک کانت شەڕ بە مڵۆزمێک دەزانن کە سیمای مرۆڤایەتی پیس کردووە. لە بەرامبەردا بیرمەندانی وەک نیچە هەن کە باوەریان بە جەنگێکی بەردەوام هەیە و ڕایان وایە کە مرۆڤ بە هۆی بوونی دوژمنەوەیە کە بە هیز دەمێنێتەوە. لێرە پرسیار ئەوەیە کە مەبەستی کورد لە دامەزراندنی دەوڵەت بە نیسبەت دەر و جیرانەکانییەوە چییە؟ ئایا مەبەستی دەستوەردان لە کار و باری ئەم و ئەو و هێرش کردن بۆ سەر دەوڵەتانی ترە، یا مەبەستی گەراندنەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ گەلی کوردستان و رێگە گرتن لە هێرش ئەم و ئەو بۆ سەر وڵاتەکەیەتی؟ چاک یا خراپ! مێژوو سەلماندوویەتی کە ئەو فەلسەفەی دەسەڵاتی کوردی لە سەر دامەزراوە، فەلسەفەیەکی ئاشتی خوازانە بووە. ئەگەر چاوێک بە مێژووی دەسەڵاتی میرنشینەکانی کورد وەک بۆتان، موکری، ئەردەڵان و بابان دا بخشێنین ئەو ڕاستییە باشتر دەردەکەوێ. بە تایبەتی کۆماری کوردستان نموونەیەکی باشی ئەو ئیدیعایەیە. حکوومەتی باشووری کوردستانیش لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا سەلماندوویە کە دەسەڵاتێکی شەڕخواز نییە و تەنانەت ئەوەندەی توانیبێتی عامیلی ئەمن و ئارمش لە ناوچەکەدا بووە. لە بەرامبەردا جم و جۆڵی دەوڵەتی بەغدا و هەروەها مانۆڕی سەربازی ئەو رؤژانەی تورکیا لە سنوورەکانی باشووری کوردستان و لێدوانی توندوتیژانەی ئەورۆی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە بە مەبەستی رێگە گرتن لە ئەنجامدانی رێفراندۆم لە باشووری کوردستان، پێشان دەدا کە فەلسەفەی بەشێک لە دەوڵەتانی دەور و بەری کوردستان هێرش کردن بۆ سەر وڵاتانی دراوسێیە. فەلسەفەیەک کە نەک هەر دامانی کورد بەڵکوو بونیادنەری رەفتارێکی توندئاژۆیانەیە کەبارەهای بار، بە هەزاران خەسارەتەوە، دامانی خۆشیانی گرتۆتەوە. شەڕەکانی نێوان سەفەوی و عوسمانی، شەڕی نێوان ئێران و عێراق و پەیوەندی دوژمنکارانەی نێوان تورکیا و سووریا سەلمێنەری ئەو ئیدیعایەیە. شەڕ لای ئەوان بۆتە ئامرازێک لە پێناو شوناس پێبەخشین و فراوان کردنەوەی دەسەڵاتەکەیان. ئەو جۆرە فکرە بۆ بەردەوامی خۆی هەوڵ دەدات، هەر نەبێ، دوژمنێکی فەرزی بەرهەم بێنێت، دواتر مەترسی لای خەڵک دروست کات و بەو جۆرە، خۆی لە سەر دەستی بەرەنگاری و هێرش بۆ سەر ئەو دوژمنە فەرزییە بەرهەم بێنێتەوە. مەخابن ... زاڵ بوونی بیرۆکەی شەڕ وای کردووە کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووی ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت. بۆیە، بۆ گەیشتن بە ئاشتی و ئارامی پێویستە ئەو جۆرە تێڕوانینە بگۆردرێ و فەلسەفەی دەست تێوەردان و جەنگ و شەڕانگێزی لە پێناو مانەوەدا، وەلابندرێ و وێران کردن وڵاتانی تر و بیرۆکەی سڕینەوەی نەتەوەکانی تر نەبێتە بنەمای دەوڵەتداری. هەر لەو پێناوەش دایە کە کانت ئەرکی دەوڵەت بە جۆرێکی تر وەسف دەکات. ئەو ڕای وایە ئەرکی دەوڵەت ئەنجامی کار و باری ناوخۆی وڵاتەکەیەتی و دەڵێ: "هیچ شتێک نابێ ببێتە هۆی وەی کە دەسەڵات مامەڵەیەکی توند و تیژانە لە گەڵ دەر و دراوسێی خۆی بکات." تەنانەت ڕەواجی ئەو رەفتارەی کانت ئاماژەی پێدەکات، بۆ جۆری هەڵس و کەوتی دەسەڵات لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەشدا باشە؛ بۆ ئەوەی واز لە دروست کردنی دوژمنی وەهی و خەیاڵی بهێندرێ و دەوڵەتان نەک لە بەرامبەر دەوڵەتانی دراوسێ بەڵکوو لە بەرامبەر ویست و داوای گەلانی خۆشیاندا بە مەنتقێکی ئاشتیانە بجوولێنەوە.