بەرابەر بە |

بومه‌له‌رزه‌ی رێفراندۆمی باشوور گڕگانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی ته‌قانده‌وه‌

لوقمان زه‌هرایی:

له‌ دوای به‌ڕێوه‌چوونی رێفراندمی سه‌ربه‌خۆیی باشوری کوردستان له‌ 25.9.2017 و ڕاگه‌یاندنی ئاکامه‌‌کانی و ده‌رئه‌نجامی رێژه‌ی پتر له‌ %90 ده‌نگی به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی، شه‌پۆلێکی به‌رین له‌ هێرشی نژادپه‌ره‌ستانی دڵ ڕه‌ش وقین له‌ دڵ له‌ لایه‌ن عه‌ره‌به‌ شیعه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداری عێراق و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی تورکیه و نژادپه‌ره‌سته‌‌ که‌مالیسته‌کان وده‌سه‌ڵاتی کۆماری په‌ت وسێداره‌ی شیعه‌ی 12 ئیمامی وکۆمه‌لێک که‌سی ئێرانی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست ناو خۆ وده‌ره‌وی ئێران به‌ره‌وڕووی کورد بۆته‌وه‌ وبه‌و کرده‌وه‌ دوژمنکارانه‌یان ناوچه‌که‌یان به‌ره‌و ئالۆزی بردووه‌.

داگیرکه‌رانی کوردستان وده‌ست وپه‌یوه‌یندییه‌کانیان هه‌مووهه‌وڵیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ پروپاگه‌نده‌ ودرۆ وده‌له‌سه‌ و چه‌واشه‌کاری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی وڵاتانی خۆیان و وڵاتانی ئیسلامی له‌ دژی کوردانی سه‌ربه‌خۆیی خوازی باشوری کوردستان هان بده‌ن وهیوا وئاواتی له‌ مێژینه‌ی کوردان بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌ پرۆژه‌ی ئیسرائیل و ئامریکا ناوزه‌د بکه‌ن.

له‌ به‌رامبه‌ر هه‌وڵی ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان وهاوشێوه‌کانیان له‌ ناوچه‌که‌دا بومه‌له‌رزه‌ی رێفراندۆمی باشوری کوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی گڕکانی ڕۆژهه‌ڵاتی تینووی ڕزگاری وسه‌ربه‌ستی ته‌قانده‌وه‌ و کوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ هه‌زارانیان ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان وخۆشی وشادیان کرد وئاهه‌نگیان گێرا و پشتیوانی خۆیان بۆ کوردستانی سه‌ربه‌خۆ ڕاگه‌یاند وله‌ هه‌مانکاتیشدا به‌ کوتنه‌وه‌ی سرودی نیشتمانی ئه‌ی ڕه‌قیب، به‌ دروشمی قاسملو قاسملو رێگات درێژه‌ی هه‌یه‌، قازی کۆماری تازه‌ت لێ پیرۆز بێ ڕق وقین و بێزراوی خۆیان له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ش وچه‌په‌ڵی کۆماری په‌ت وسێداره‌ ده‌بڕی.

کۆده‌نگی ویه‌کریزی و ئیراده‌ی ماف خوازانه‌ وبه‌رگریکارانه‌ له‌ شوناسی نه‌ته‌وه‌ییمان له‌ هه‌مبه‌ر سیاسه‌تی داگیرکاری ودژه‌ دێموکراتیانه‌ی ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌ سه‌ر کوردستان دا ئه‌و ڕاستییه‌ی ده‌رخست که‌ هێزوئیراده‌ ویه‌کگرتووی ویه‌ک ده‌نگی زامنی بردنه‌ پێشی خواسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان و زال بوونمانه‌‌ به‌ سه‌ر پیلانه‌کانی داگیرکه‌رانی کوردستان دا.

ئه‌گه‌ر به‌رێوه‌بردنی رێفراندم بۆ پرسینی ڕاوبۆچوونی خه‌ڵک له‌ مه‌ڕ چاره‌نووسی خۆیان وداوای دروست کردنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ ویستی زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری کوردانی باشوره‌، کێشه‌که‌ له‌و داوا ومافه‌ ڕه‌وا ئینسانی ودێموکراتیکه‌ دا نیه‌، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ عه‌قل وهزر وتێروانین وهه‌ڵس وکه‌وتی کولتوری حاکم له‌و وڵاتانه‌ دایه‌ که‌ به‌ سه‌دان ساڵه‌ به‌ چه‌قبه‌ستوویی ماونه‌ته‌وه‌ وهیچ کرانه‌وه‌ و ئاڵ وگۆرێکی ئه‌رێنی به‌ سه‌ر دا نه‌هاتووه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌‌و وڵاتانه که‌ به‌ به‌رده‌وامی له‌ کۆمه‌لێک مافیا ودز وگه‌نده‌ڵ ومرۆڤ کوژ پێکهاتوون وخۆیان به‌ سه‌ر کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک دا سه‌پاندووه‌‌ له‌ جیاتی دروست کردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و دێموکراتیک و دادپه‌روه‌ر و یه‌کسان ، مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی خه‌ڵکانی سه‌ر به‌ خۆشیان پێشێل کردووه‌. به‌ چاوخشاندنێک به ژیان وگوزه‌رانی خه‌ڵکی ئه‌و چوار وڵاته‌ی ژێر ده‌ستی ئه‌و تاقمه‌ مافیا و دزوگه‌نده‌ڵانه‌ دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که‌ خه‌ڵک له‌ چ نه‌هامه‌تێک وبه‌دبه‌ختێک دا ده‌ژین وبۆچی به‌ میلیۆنان له‌ خه‌ڵکی ئه‌و وڵاتانه‌ په‌ریوی وڵاتانی ڕۆژائاوایی بوون و داوای مافی په‌نابه‌رییان کردووه‌ وله‌وێ گیرساونه‌ته‌وه‌.

له‌ راستیدا سه‌ربه‌خۆیی خوازی کورد ده‌رهاێشته‌ی دژایه‌تی شوناسی نه‌ته‌ویی کورد و سیاسه‌تی داگیرکاری و په‌راوێزخستنیانه‌ له‌ به‌شداری پێدان له‌ ده‌سه‌ڵات وخۆبه‌رێوه‌به‌ری دا. له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا کۆمه‌لێک که‌سی نژادپه‌ره‌ست له‌و وڵاتانه‌ وبه‌ تایبه‌ت هه‌م له ناو خۆی‌ ئێران وهه‌میش له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌لێن که کورد مافی نیه‌ داوای ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بکا وخاکی عێراق دابه‌ش بکا وچوارچێوی‌ عه‌رزی ئه‌و وڵاته‌ بشێوێنێ.‌

پرسیارێکی گرینگ لێره‌ دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی خوازی بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌کوو کۆنترین نه‌ته‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست  ناڕه‌وا و تاوانه‌، که‌وابێ هه‌موو 192 ده‌وڵه‌تی ئه‌ندامی رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتۆکان تاوانبارن که‌ ده‌رفه‌تیان پێ دراوه‌ چاره‌نووسی خۆیان دیاری بکه‌ن وئاڵایان له‌ رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتۆکان به‌رزکه‌نه‌وه‌ وببنه‌ خاوه‌نی سه‌روه‌ری سیاسی وسنوری دیاریکراوی خۆیان.

له‌به‌رچی ئێمه‌ کورده‌کانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانی داگیرکراو ده‌بێ باجی داگیرکاری و" پاراستنی ته‌واوییه‌تی عه‌رزی"  4 ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری زێدونیشتمانمان به‌ شه‌ڕ وخوین وماڵ ویرانی و کاولکاری بده‌ینه‌وه‌ وداگیرکه‌رانی کوردستان له‌ سه‌ر حیسابی  ئێمه‌ وسرینه‌وه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌ییمان ده‌سه‌ڵاتیان په‌ره‌ پێبده‌ن وحوکم به‌ سه‌ر ئێمه‌ و ناوچه‌که‌ دا بکه‌ن؟

ده‌وله‌تانی حاکم به‌ سه‌ر ئێران وتورکیه‌ وسوریه‌ش ئه‌وه‌ باش ده‌زانن که‌ سه‌ربه‌خۆبوونی باشوری کوردستان زه‌نگی مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی داسه‌پێنراو و داگیرکارانه‌ی ئه‌وان به‌ سه‌ر کورده‌کانی ژێر ده‌ستی خۆیان وئه‌و شه‌پۆله‌ له‌ شوناس خوازی وسه‌ربه‌خۆیی خوازییه‌ دره‌نگ یا زوو وڵاتانی ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه‌ وبۆیه‌ش له‌ هه‌موو رێگاکانی به‌رده‌میان وله‌ هه‌موو ئیمکاناتی به‌ ده‌سته‌وه‌یانه‌ که‌ڵک وه‌رده‌گرن تاکوو پێش به‌ دروستی بوونی ده‌وڵتی کوردی له‌ سه‌ر خاکی به‌شێک له‌ نیشتمانی داگیرکراوی کوردان بگرن.

 بومه‌له‌رزه‌ی رێفراندۆمی باشوری کوردستان هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی ویه‌ک نه‌ته‌وه‌بوونی له‌ نێو کورده‌کانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان وکوردانی تاراوگه‌ بۆ جارێکی دیکه‌ نیشانی دۆست ودوژمن ودونیا دا وده‌ریخست که‌ کورد یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ وکوردستانیش یه‌ک وڵاته‌ و چاره‌نووس وچاره‌سه‌ری کێشه‌که‌شی هه‌ر یه‌که‌، که‌ ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆییه‌.