بەرابەر بە |

بازرگانانی نه‌فت و هه‌راجکردنی خوێنی کوردان

لوقمان زه‌هرایی:

ئه‌گه‌ر دووشه‌ممه‌ 25.9.2017 ڕۆژی رێفراندۆم وه‌کوو ڕۆژێکی پیرۆز وپرشنگدار و له‌بیرنه‌کراو له‌ مێژووی کورد وکوردستان دا تۆمارکراوه‌ و ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردی بۆ پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی نیشانی دۆست و دوژمن دا، ڕۆژی 16.10.2017 دووشه‌ممه ی‌ ڕه‌شه‌ بۆ کوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان. به‌ هۆی پیلان و خۆفرۆشی وخه‌یانه‌تی تاقـمێک کوردی بێ ڕه‌وشت ونه‌فس نزم که‌رکوکی دڵی کوردستانیان به‌ پاسداره‌ تیرۆریسته‌کانی ئێرانی و چه‌ڵکاوخۆره‌کانی ژێر ده‌ستیان که‌ به‌ '' حشدی شعبی '' ناسراون بۆ پاره‌ ی بیره‌ نه‌وته‌کانی که‌رکوک و پۆست و مه‌قام هه‌رزان فرۆش کرد.

ئاواره‌بوونی به‌ هه‌زاران له‌ خه‌ڵکی دوزخورماتو و که‌رکوک و شکانی شکۆ و که‌رامه‌تی مرۆڤی کورد و فرمێسک و گریان و ژان وئازاری ژن ومنداڵ وپیر و گه‌نجی ئه‌و نیشتمانه‌ چاره‌ڕه‌شه‌ وگریان وخۆڕنینه‌وه‌ی دایکانی ئه‌و پۆله‌ پێشمه‌رگه‌ی که‌ له‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕی که‌رکوک خه‌یانه‌تیان لێکرا و کرانه‌ قوربانی بازرگانانی نه‌وت وته‌رمه‌کانیان نێردراو‌ته‌وه‌ بۆ سولێمانی یه‌کجار خه‌مهێنه‌ر وهه‌ژێنه‌ره‌ و کۆڕه‌وه‌که‌ی دوای ڕاپه‌رینمان دێنێته‌وه‌ پێش چاو. ئاکامی خه‌یانه‌تی ئه‌و تاقمه‌ خۆ فرۆشه‌ ئه‌ونده‌ گه‌وره‌ و کاره‌ساتاوییه‌ که‌ به‌ هیچ وشه‌یه‌ک پێناسه‌ ناکرێ وگکورد وکوردستانی ڕه‌ش پۆش وتازیه‌بار وکیش ومات کردووه‌.

کۆمه‌لێک له‌و که‌سانه‌ی که‌ دژی ریفراندۆم بوون وبه‌ شێوازی جۆراوجۆر وبه‌ هۆکاری جیاجیا وبه‌شێکیشیان له‌ مه‌ڕ به‌رژه‌وه‌ندی تاکی وبنه‌ماڵه‌یی وحیزبی خۆیان دژایه‌تی رێفراندۆمیان ده‌کرد و ئاماده‌ نه‌بوون به‌شداری ریفراندۆم بن وده‌نگی به‌ڵی بۆ سه‌ربه‌خۆیی بده‌ن ، ئه‌مرۆ هاتونه‌وه‌ سه‌ر شاشه‌ی تیڤی کان و به‌ میلیۆنان کورد که‌ ده‌نگی به‌لێێان دا به‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان تاوانبار ده‌که‌ن وده‌لێن به‌ هۆی به‌شداری له‌ رێفراندۆم و ده‌نگدان به‌ سه‌ربه‌خۆیی بوو که‌ ئه‌و وه‌زعه‌ دروست بووه‌. به‌ڵام ڕووداوه‌کان وئاکامی کاره‌ساتاوی ئه‌و تراژیدیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌مان پێ ده‌لێ.

راستی ودروستی رێفراندۆم وده‌نگی به‌لێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان نیشانی ده‌دا و ئه‌مرۆ به‌ ته‌واوی ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لمێنێ که‌ بۆ به‌رگری له‌ ناسنامه‌ی کورد و پێشگیری و به‌رگری له‌ ئاواره‌ بوون وهه‌ڕه‌شه‌ی پاکتاوی کورد وکۆمه‌ڵکوژییه‌کی دیکه‌ له‌ چه‌شنی کوردانی شنگال وئه‌نفال له‌ که‌رکوک وناوچه‌ کوردستانیه‌ داگیرکراوه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ته‌نیا و ته‌نیا سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و دروست کردنی ده‌وڵه‌تی کوردییه‌ که‌ پێش به‌ کاره‌سه‌تێکی دیکه‌ و ژێنۆسایدێکی دیکه‌ ده‌گرێ.            

ئه‌گه‌ر بێتوو ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌ باشور بۆهیندێک شتی لاوه‌کی وکورت خایه‌ن ده‌نگی میلیۆنان کوردی سه‌ربه‌خۆیخواز له‌ باشور پشت گوێ بخا تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی سیاسی ده‌بێ وئیراده‌ و که‌رامه‌ت و شکۆی کوردان نه‌ک هه‌ر له‌ سه‌ر ئاستی باشور، به‌ڵکوو له‌ سه‌ر ئاستی هه‌موو کوردستانی گه‌وره تێکده‌شکێنی‌. هه‌ر ئه‌وه‌ی داگیرکه‌ران به‌ داگیرکردنه‌وه‌ی که‌رکوک هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن و به‌ ژێر پێ خستنی ئاڵای کوردستان مه‌به‌ستیانه شه‌ره‌فی بشکێنن وکه‌رامه‌تی‌ تاکی کورد به‌ ته‌واوی بروخێنن.

ده‌ست به‌ سه‌ر داگرتن وداگیرکردنی که‌رکوک له‌ لایه‌ن سپای پاسداران وحشدی شعبی به‌ هاوکاری تاقمێک کوردی نیشتمانفرۆش ئه‌وه‌مان پێ ده‌لێ که‌ کۆماری په‌ت وسێداره‌ ده‌یهه‌وێ باشوری کوردستان به‌ ته‌واوی بگرێته‌ ژێر ده‌ستی خۆی وهه‌وڵی دروست کردنی ده‌وڵه‌تی کوردستان له‌ گۆڕ بنێ و ده‌سه‌ڵاتی کورده‌کان له‌و وڵاته‌ له‌ رێگای هێزی سه‌ربازی و به‌ زه‌برو زه‌نگ له‌ لایه‌ک وله‌ پارلمان له‌ رێگای ده‌رکردنی یاساکانیان به‌ زۆرینه‌ی شیعه‌ وکۆمه‌لێک عه‌ره‌بی سووننه‌ که‌ هاوکارییانن ته‌واو به‌رته‌سک کاته‌وه‌. سیاسه‌تێکی دیکه‌ی کۆماری په‌ت وسێداره‌ شکاندنی ئێراده‌ی خه‌بات وتێکۆشان وخۆراگری حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات وهه‌ستی ماف خوازانه‌ ونه‌ته‌وه‌خوازانه‌ی کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌.

کرده‌وه‌ی جه‌نایه‌تکارانه‌ی چه‌کداره‌کانی ‌حشدی شعبی له‌ دوز خورماتوو وله‌ که‌رکوک وقسه‌کانی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق وپارلمانتێره‌ عه‌ره‌به‌ شیعه‌ وسووننه‌ بۆ سزادانی کوردان وتێکشکاندنی که‌رامه‌ت وئیراده‌یان نیشانده‌ری ئه‌و راستییه‌ن که‌ پیلانی زۆر مه‌ترسی داریان بۆ کورد به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌. ده‌سه‌ڵاتی بێ سنوری حشدی شعبی له‌ عێراق و وڵام نه‌دانه‌وه‌ی به‌ هیچ لاێه‌نێک کۆپی ده‌سه‌ڵاتی حیزبوللای لوبنانه‌ که‌ هه‌مه‌کاره‌یه‌ له‌و وڵاته‌ دا و زه‌نگێکی مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌رداهاتوو و ماف وئازادییه‌کانی کورد وباقی پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و زمانی و ئاینیه‌کانی غه‌یری شیعه‌ له‌ عێراق.

کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی هێزه‌کانی کوردی له‌ باشوری کوردستان وپه‌رته‌وازی وپاشاگه‌ردانی وبوونی چه‌ندین ناوه‌ندی بڕیار وده‌سه‌ڵات وکێ به‌رکێی ناسالمی حیزبی و په‌یوه‌ندی ناروون وناسالمی حیزبی له‌ گه‌ڵ ده‌وله‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان وشه‌ڕی ده‌سه‌ڵات وپاره‌ ومه‌ترسی دروست بوونی شه‌ڕی ناوخۆیی به‌هۆی ئه‌و وه‌زعه‌ی پێکهاتووه‌ هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌و کاره‌ساته‌یه‌ که ئه‌مرۆ به‌رۆکی گه‌له‌که‌مانی له‌ باشوری کوردستان گرتووه‌ و‌ ئاوا بڕواته‌ پێش، ئه‌وه‌نده‌ ده‌سه‌ڵات وخاکه‌ی له‌وچوار پارێزگای ژێرده‌ستیان ماوییانه‌ له‌ ده‌ستی ده‌ده‌ن وهینده‌ی دیکه‌ کورد ده‌بێته‌ گاڵته‌جارو ژێرچه‌پۆکه‌ی فارس وتورک و عه‌ره‌ب.

 

 

 

 

‌