پێگەیەکی ئازاد بۆ ڕۆژنامەنوسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

کرواتەکان بشکەون، رێگەی سەرکەوتنیان دۆزیوەتەوە

ژیوار ڕەسوڵی

179

چرچیل دەلێ ناوچەی باڵكان زیاتر لە توانای خۆی مێژوو بەرھەم دەھێنێت، ئەگەر لە مێژووی ئەو ناوچەیە ورد دەبیتەوە دەزانی كە ژیان و سیاسەت و دەستەبەركردنی ماف لەو ناوچەیە چەندە ئەستەمە، كۆمەلێك نەتەوەی بزێو و بوێر بەڵام بەردەوام گیرۆدەی دەستی چارەنووسی ئیمپراتۆرییەكان بوونە، ئەو پەری راست ھەتا ئەو سەری چەپەكان ویستوویانە بیانتوێننەوە، بەڵام مێژوو لەو ناوچەیە بەو ھەموو ھەوراز و نشێویانەوە لەكۆتاییدا نەتەوەكان خۆیا ی لەسەر تەرمی سەدان ھەزار كەس نووسیویانە. ئوستاشییەكان لە كرواتیا بە پێنووسی داگیركەران تیرۆریست و مرۆڤكوژ بوون، بەڵام خاوەنی ئەو خاكە لەكۆتاییدا وەكوو قارەمان ناوی دەھێنن.

ئەوان بەسەر ئیمپراتۆریەتی مەجار، نەمسا، یۆگۆسلاڤیای كۆماری و سوسیالیستیدا سەركەوتن، چونكە خواستی سەركەوتنیان ھەبوو، كرواتەكان پشتیان لەتیرۆریستە خۆشەویستەكانی خۆیان نەكرد، لەسەر بنەمای نیشتمان پەرەستی ئۆستاشییەكان دەوڵەتی خۆیان راگەیاند.

ژیوار ڕەسوڵی کرواتەکان بشکەون، رێگەی سەرکەوتنیان دۆزیوەتەوە

كرواتەكان رێك وەكوو كوردەكان ھەرجارەو بەسەر داگیركەرێكدا دابەش كران، رۆژێك سایەی شومی نەمساییەكانی لەسەر بووە، و رۆژێكیش جارییەی ئیمپراتۆری مەجاری بوونە، دوای شەڕی جیھانی یەكەمیش وەكوو كەنیز بەبێ ئەوەی پرسیارێكیان لێ بكەن، كرواتەكان و كرواتیا خرایە ژێر دەسەڵاتی پاشایەتی یوگۆسلاڤیا. دوای شەڕی دووەمی جیھانیش ئەگەرچی لە سیستەمێكی فیدەراڵدا، دیسان بوونەوە بەشێك لە كۆماری فیدرالی یوگۆسلاڤیا. كرواتەكان لەجێگەی ملكەچبوون، سەرەتا دەستیان بە مێژوو خوێندنەوە كرد، دەرەنجامی خوێندنەوەی رابردوویان بزوتنەوەی ئۆستاشییەكانی لە 1929 لێ شین بوویەوە، ئەوان نەتەوە پەرەست و نیشتمانپەروەر بوون، بەڵام تووندبوون، بەگوتەی خۆیان و كرواتەكان شۆرشگێر و لەسەر زاری داگیركەرانیش تیرۆریست بوون.
دژبەرانی ئۆستاشییەكان دەلێن ئەو گروپە تیرۆریستییە دەیان ھەزار سیربی، یەھوودی و قەرەجیان كوشتووە، بەڵام لایەنگرانی ئۆستاشییەكان كە دوایی لە ساڵی 1991 بوونە بەشێك لە سەربەخۆیی كرواتیا دەلێن، كرواتەكان دەوڵەتی خۆیان دەویست، بەڵام سێربەكان دەیانھەویست خۆیان و خاكی كرواتیا لەژێر ھەیمەنەی یۆگۆسلاڤیادا بمێنێتەوە، ئەوان بەرگریان لەخۆیان كردووە، نەیانویستووە ئیتر داگیركراوبن، جا ھەر كامەیان راست بكەن، ئەوەی مێژوو دەنووسێتەوە ئەوانەن كە بەھێزەوە زیندوون، نەك بەلاوازییەوە ھەناسە دەدەن.
دەگوترێ كرواتەكان 1991 بوونە خاوەن وڵاتی خۆیان، بەڵام كرواتیا 1995 سەقامگیری بەخۆیەوە دیت، سێربەكان لەگەڵ سوپای یوگۆسلاڤیا چوار ساڵ شەری كرواتەكانیان كرد، سوپای یوگۆسلاڤیا 200 ھەزار چەكداری ئامادەی ھەبوو، 3 ملیۆن 200 ھەزار ھێزی یەدەگی ھەبوو، سێرب و یوگسلاڤیا منداڵی 15 ساڵانیشیان چەكدار كردبوو، بۆ ئەوەی لەدژی كرواتەكان شەڕ بكەن، ئەو كات زۆرینەی كرواتەكان سەربەخۆییان دەویست، ئامادە نەبوون پاشەكشێ بكەن، بەڵام سێربەكان وەكوو ھاورێ دێرینەكانیان پاڵیان وە یۆگۆسلاڤیای سۆسیالیستی دابوو، ئەوەش شەرێكی گەورەی لەنێو سێرب و كراوتەكان بە سپۆنسەری یۆگۆسلاڤیای دۆراوی شەڕی ئایدیۆلۆژی لێكەوتەوە. سەرەتا یۆگۆسلاڤیا ھەوڵیدا كرواسیا دیسان بخاتەوە سەر كۆماری فیدرالی سوسیالیستییەوە، بەڵام سەرنەكەوت، سیناریۆی دووەم ئەوە بوو كە سێربەكان كۆماری سێربی كراینایان لەسەر خاكی كرواتیا دروستكرد. بەڵام لە 1995 كرواتەكان لەدوو ئۆپەراسیۆنی فلاش و باھۆز سەركەوتن،و ئەوە شەرە لە نۆڤەمبەری 1995 دوای 4 ساڵ و 7 مانگ و یەك حەفتەو 5 رۆژ لە بەرژەوەندی كرواتیا كۆتایی پێھات.
ئەوان بەسەر ئیمپراتۆریەتی مەجار، نەمسا، یۆگۆسلاڤیای كۆماری و سوسیالیستیدا سەركەوتن، چونكە خواستی سەركەوتنیان ھەبوو، كرواتەكان پشتیان لەتیرۆریستە خۆشەویستەكانی خۆیان نەكرد، لەسەر بنەمای نیشتمان پەرەستی ئۆستاشییەكان دەوڵەتی خۆیان راگەیاند، لە 1995 سەقامگیر بوون، لە 1998 لە یاری مۆندیالی تۆپی پێدا پلەی سێیەمیان بەدەستھێنا، بوونە ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا، بوونە ئەندامی كارای ناتۆ، لە رێژەی گەشەی ئابووریدا لە 10 وڵاتی یەكەمی جیھانن، دیموكراتن، سەرمایەدارن، پێشكەوتوون، بەڵام ئێستاش ھەر ناسیۆنالیستن. كرواتەكان لە ساڵی 2016 لەدوو دۆسییەی دادگادا ئامادەنەبوون كە پشت لە ناسیۆنالیستەكان بكەن كە بە مرۆڤكوژ دەناسران، بەڵام سەربەخۆییان دەویست، تەنانەت لە دادگایەكی زاگرێب حوكمێكی یاسایی ساڵی 1946 -یان ھەڵوەشاندەوە كە سزای كاردینال “ئەلۆڤی زیە سێتیپنات”-ی دابوو، ئەویش بە تۆمەتی پشتگیریكردن لە دەوڵەتی سەربەخۆی كرواتەكان، كە لە 1929-وە ئۆستاشییەكان بەرێبەری (ئانتە پاڤۆلیچ) بانگەشەیان بۆ دەكرد.
ئێستا لە 2018 كۆلیندا گرابار كیتارۆڤیچ سەرۆككۆماری كرواتیایە، ئەو بە ھێمای پێشكەوتنی پیشەسازی، كۆمەلایەتی و سەربازی كرواتیا دەناسرێت، گرنگترین قسەی خاتوو كیتارۆڤیچ ئەوەیە:” ئێمە سەبارەت بە سیربستان نیگەرانین، بەڵام سیربستان دەبێ ئەو راستیە قبووڵ بكات كە ھەموومان دەتوانین رای خۆمان ھەبێ، بەڵام ناتوانین تەنیا خۆمان پێ راست بێت، راستییەكە ئەوەیە كە ئێمە بەرگریمان لە خۆمان كردووە، وڵاتی خۆمان رزگار كردووە، ئێمە ناتوانین میراتی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆمان واز لێبھێنین، ئێمە تەنیا جەژن بۆ ئەو شتانە دەگێرین كە لە مێژووی كرواتیادا كردوومانە.”
كیتارۆڤیچ خانمێكی ناسیۆنالیستی دیموكراتی لیبرالە، تاكوو ئێستا ھیچیانی لەیەك جیانەكردووەتەوە، ھەربۆیە دەزانێ یەكەم بوون لە موندیالێكدا ئەویش لە رووسیای میراتگری مۆتەكەی كۆمۆنیزم بۆ كرواتەكان لەبەرامبەر بەشێكی زۆر لەو وڵاتانەی كە ساڵانێك خەونی گوڵیان پێوە دەبینی چ مانایەكی ھەیە. ئەمن لەو موندیالەدا 40 ملیۆن جار شەرمم كرد.

This website uses cookies to improve your experience. We'll assume you're ok with this, but you can opt-out if you wish. Accept Read More