رۆژهەڵات تایمز: دوای ئەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی تەقە لە کۆمەڵێک کۆڵبەری خەڵکی گوندی “بێورانی خوارێ”ی ناوچەی سەردەشت دەکەن و دەستبەسەریان دەکەن و دەست بەسەر بار و کەلوپەلەکانیاندا دەگرن، دانیشتووانی ئەو گوندەش هەڵدەکوتنە سەر پایەگای “کێلێ” و گیراوان و کەلوپەلەکانیان ئازاد دەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵی “رۆژهەڵات تایمز”، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣١ی ئاگۆست، دوای ئەوەی هەواڵی گرتن و تەقەکردن لە کۆڵبەرانی گوندی “بێورانی خوارێ” دەگاتە گوێی دانیشتووانی ئەو گوندە، تێکڕای خەڵک بۆ ڕزگارکردنی گیراوان و بارەکانیان بەرەوە پایەگای “کێلێ” وەڕی دەکەون و داوا لە هێزەکانی ڕژیم دەکەن کۆڵبەران و بارەکانیان ئازاد بکەن، بەڵام هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەڕژێنە سەریان و دەست دەکەن بە هەڕەشە بۆ ئەوەی بڵاوەیان پێبکەن، کەچی خەڵکەکە هەر سوور دەبن لەسەر داوای خۆیان و لە ئاکامدا شەڕ و تێکهەڵچوون لەنێوان خەڵک و هێزەکانی ڕژیم دێتە ئاراوە و ڕژیم دەست دەکەن بە تەقەی هەوایی و خەڵکی گوندی “بێوران”یش بێ ترس هەڵدەکوتنە سەر پایەگایەکە و بە بڕینی بەربەست و تێلدڕووی پایەگا، خۆیان دەگەیەننە ناو پایەگا و لێدانێکی باش لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەدەن و کۆڵبەرەکان ئازاد دەکەن و دواتریش بە ٣ دانە ئۆتۆمبێل بارەکان لەناو پایەگاوە ڕادەگوازن و دەگەڕێنەوە گوندی “بێوران”. شایانی باسە دوای ئازادکردنی بار و کۆڵبەرەکان، خەڵک بە سواری ماتۆرسیکلێت و ئۆتۆمبێل بە کۆڵان و شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە خۆشحاڵی دەردەبڕن و تا درەنگانێک لەسەر جادەی “بێوران” هەڵپەڕین و شادی درێژەی دەبێت.
© 2019 ڕۆژهەڵات تایمز - هەموو مافەکانی ماڵپەڕ پارێزراون و کۆپی کردن و بڵاوکردنەوەی بابەت بەبێ ڕەزامەندی ڕۆژهەڵات تایمز ڕێگەپێنەدراوە.
بە کۆمێنتێک بەشداری بکە